پۆلیسی تورک لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر بارەگای کەجەدە و چەندین کەسی دەستگیرکرد

ئۆپراسیۆنەکانى پاکتاوی سیاسیی دژ بە گەلی کورد لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتى تورکەوە زیادیان کردووە. پۆلیسی تورک بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئامەد هەڵیانکوتایە سەر بارەگای کەجەدە و چەندین ماڵی هاووڵاتیان و لە ئەنجامدا چەندین کەسیان دەستگیرکرد.

پۆلیسەکانى تورک ئەم بەیانییە هەڵیانکوتایە سەر بارەگای کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) لە ناوچەى پەیاسی ئامەد و دەزگاب چاپ و پەخشی (J&J) و چەندین ماڵی هاووڵاتییان.

پۆلیسی تورک لەو هەڵکوتانەیاندا ژیان تاش و حوسێن کایا ئەندامانی دیوانى سەرۆکایەتیی کەجەدە، رۆژدا بارش لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی ژنانی رۆسا، ناشیدە تۆپراک هاوسەرۆک شارەوانیی فارقین، کە دیل و زیندانیکراوی ناو ماڵە و ئەرکەکەى لێسەندراوەتەوە، یڵدز داملا بەڕێوەبەری مەیادەر، لەیلا باگاتر ئەندامی ئەنجوومەنى دەبەپە، سوبحی ئیزۆل ئەندامی کۆمەڵەى سەندیکای رەنجدەران (بەئەسە - BES) و چەندین کەسی تر دەستگیرکران.

هاوکات پۆلیس کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵیکوتایە سەر بارەگای کەجەدە و دەستیان بەسەر تابلۆکانى کەجەکەدە و کتێبەکانی ناو بارەگاکەدا گرت.

پشکنینی پۆلیس لە بارەگای کەجەدە و دەزگای چاپ و پەخشی (J&J) بەردەوامە.

ژ.ت