پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر ماڵی دایکی ئاشتی حەوا کران

پۆلیسی دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی گەلی کورددا هێرشی کردە سەر ماڵی حەوا کران دایکی ئاشتیی تەمەن ٦٥ ساڵ و ماڵەکەیان تێکوپێکدا.

پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ پاکتاوی سیاسیی گەلی کورد لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەندامانی هەدەپە، دەبەپە، تەژەئا و کۆمەڵەى ژنانی رۆسا. پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى ئەو هەڵکوتانە پاکتاوکارییانەدا هەڵیکوتایە سەر ماڵی حەوا کران دایکی ئاشتی.

لەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییەدا ١٨ چالاکوان و تێکۆشەر دەستیگرکرابوون، لە دواى لێکۆڵینەوەکان زەلال بیلگین، ئایلا ئاکات ئاتا، نەڤرییە چور و نەزیرە تورسن بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کرابوون.

هەروەها سزای زیندانیکردنیش بەسەر هەر یەک لە عەدالەت کایا، نارین گەزگۆر، فاتمە گوڵتەکین، گولجیهان شیمشەک، محەمەد ئارسلان، ئۆزلەم گیوندوز، رەمزییە سزجی، گۆنول ئاسلان، وەیسی کوزو، سەڤیم جۆشکون، محەمەد عەلی ئاڵتنکایناک و جەلال یوڵداشدا سەپێنرا.

دایکی ئاشتی حەوا کران سزای 'زیندانیکردن لە ماڵەوە'ی بەسەردا سەپێنرا و برایەوە بۆ ماڵەکەى خۆی تاوەکو لەوێ سزاکەى بەسەر ببات.

دواى ئەوەى حەوا کران برایەوە بۆ ماڵەکەى خۆی، ماڵێکى وێرانکراو و تێکوپێکدراوی بینی، کە پۆلیسەکان لە دواى دەستگیرکردنی خۆی دووبارە چوونەتەوە سەر ماڵەکەى و هەموو کەلوپەلەکانى ناو ماڵەکەیان تێکوپێکداوە.

دایە حەوا کران چەندین ساڵە لە پێناو ئاشتیدا تێدەکۆشێت و چەندینجار بەهۆی تێکۆشانی ئاشتیخوازانەوەیە دەستگیرکرا و توندوتیژیی بەرامبەر ئەنجامدراوە و ئەشکەنجە دراوە.

ژ.ت