پەدەکە بۆ میت بارەگای نوێی دروست کردووە

دوای داگیرکەری لە برادۆست، لێلیکان و هەرێمەکانی دەوروبەریان، پەدەکە بۆ سوپا و میتی تورک بارەگا و ناوەندی نوێی دروست کردووە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەو دەڤەرانەی کە دەکەونە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کە میت دیاری کردوون، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ پەدەکە بە پێشەنگایەتی سیهان بارزانی فەرماندەی یەکەمین هێزی پشتگیری پێشمەرگە ناوەندی نوێ و خاڵی چاودێری نویێ دروست کردووە.

بە تایبەتی لەو دەڤەرانەی کە میتی تورک دیاری کردووە، لەگەڵ یەکینەکانی تایبەتی پەدەکە ناوەندی نوێ دروست کراون و بۆ چاودێریکردنی ناوەندەکانی گەریلا، شێوەی جوڵەیان، کۆگای چەک و جەبخانە، ئاشکراکردنی سەرچاوە ئابوریەکانیان لە گەڵ پاراستنی پەدەکە دەست بە کار کراوە.

بارەگای نوێ دروستکراون

بارەگا نوێیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری کوردستان ئەمانەن:

*لە هێڵی برادۆست و سیدەکان ناوەندی نوێ دروستکراون.

*لەسەر گردی حەسەن بەگ خاڵی چاودێری نوێ دروستکراون.

*لە چیای هەڵگورد و حاجی ئۆمەران کە دەکەوێتە سەر ڕێگای گوندی خوشکان کاری دروستکردنی خاڵە چاودێریەکان و دروستکردنی قەرەقۆلەکان دەستییان پێکردووە.

*لە چیای حەساری سەرکان، لەسەر ڕێگای مەخیمان و سنوری دەڤەری دۆڵان، لە ڕایات و بەردە زەرد قەڕەقولی نوێ دروستکراون.

دوای ئەوەی لە هەرێمی گوندێژۆر، گوندێژێر و شەڕە خاڵی چاودێری نوێ دروستکران و لەوێوە چوونەتە هەرێمی بەلەکاتی، لەگەڵ قەرەقولەکانی دێلزەر و بەردەبۆشکان قەڕەقولی نوێ دروستکراون.

*لەسەر گردی هەلەموند کە دەکەویتە بەرانبەر زینی وەرتێ و دەوروبەری ڕەواندوز سەربازانی تورک بە جلی پێشمەرگە جێگیر کراون، لە دەوروبەری ڕەواندوز چەکی قوڕس بۆ گوندی خوارو ڕەوانە کراون.

*هەروەها لە قەسرێ، بۆجار، خانەق، کۆلیتای، مامەڕووت، پشتی مەرگە و باڵایان قەڕەقولی نوێ دروستکراون، ژمارەیەک پێشمەرگەی تریش بۆ قەڕەقولەکان ڕەوانەکراون.

پەدەکە و تورکیا کۆمیتەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە

بەپێی زانیاریەکان بۆ دروستکردنی قەڕەقولی نوێ و نۆژەنکردنەوەی قەڕەقولە کۆنەکان کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورکدا پێکهێنراوە. بۆ دروستکردنی قەڕەقولەکان پەدەکە پارە لە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. دەوڵەتی تورکیش پارەی ئەو نەوتە بەکاردەهێنێت کە لە باشووری کوردستانەوە بۆ تورکیا دەچێت.

زۆربەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی میت دان

بەپێی زانیاریەکان کە لە سەرچاوە خۆجییەکان وەرگیراون، لە هەندێک لەو قەڕەقولانە هیزی ٨٠ی پەدەکە جێگیرکراون و بە تایبەتی لە قەڕەقولی هەرێمی برادۆست کە هەرێمەکانی بەلەکاتی و ڕەواندوز کۆنتڕۆڵ دەکات، لەژێر کۆنتڕۆڵی میتدان. هەروەژا سەرچاوەکان باسی ئەوەیان کردووە کە بەرهەم عارف یاسین بەرپرسی گشتی فەرماندەیی هەڵگورد، زانیاریەکان ڕادەستی میت دەکات. بەپێی زانیاریەکان هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بە پاراستنی هەواڵگری پەدەکەن، هەروەها فەرماندەی سپێلک و هێزەکانی پشتیوانی وابەستەی سیهان بارزانیش لەناو پلانەکەدا جێی خۆیان گرتووە. هەروەها لەناو پێشمەرگەکاندا ئەندامانی میت و هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک هەن.

لەوێوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت

لە چوارچێوەی ئەو زانیاریانەی لەو ناوەند و قەڕەقولانەی کە دروستکراون بەدەستدەهێنرێن، ڕادەستی میتی تورک دەکرێن و زانیاریەکان کۆدەکرێنەوە و ئامانجەکان بۆردومان دەکرێن. لە بۆردومانەکاندا خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی و باخ و باخچەی هاوڵاتیان وێران دەکرێن. هەروەها پێشەنگەکانی تەڤگەری ئازادی کوردیش شەهید دەکرێن.

هەروەها دوای هێرشە هاوکاتەکانی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، شەنگال و مەخموور کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئەنجامدران، بە هێرشەکانی سەر خواکورک و هەرێمەکانی تری سنوری باشووری کوردستان دەرکەوت کە ئامانجی دروستکردنی ئەو ناوەند و قەرەقولانی چییە؟ بە شێوەیەکی ئاشکرا زانیاری و تاکتیکەکان لەو ناوەندانەوە دەدرێن و ناوچە سنوریەکان و ناوەندەکانی گەریلا بەئامانج دەگیرێن.

کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمەکە لە ڕێگەی هەواڵگریەوە

هەروەها ئەو زانیاریانەی لەناو گەلدا بەدەستدەهێنرێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆپیشاندانەکان بکرێت و دژایەتی دروست نەبێت، ڕاستەوخۆ بە پاراستن دەدرێن و بەپێی ئەوەش دەجوڵێنەوە و هەر کەسێک پێشەنگایەتی بکات سەرکوتی دەکەن. نمونەی ئەوەش گەنجانی شێلادزێن کە پێشەنگایەتیان بۆ چالاکیەکانی بەرانبەر بارەگاکانی تورک کرد و دواتر بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورک شەهید کران.

بە تەواوی دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو تۆڕە هەواڵگیریانەی لە هەرێمەکە دروستکراون، هەرێمەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بتوانن لە ناوخۆدا داگیری بکەن. بۆیەش لە هەرێمەکە دۆخێکی نائاسایی هەیە. لە هەموو جێگایەک هێزە تایبەتەکانی سەر بە پەدەکە جێگیرکراون و لە بەرانبەر هەر هەولێک، دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردن دەکەن و پێشتریش کراوە.

تا ئێستا لە چوارچێوەی زانیاریە هەواڵگیریەکان بە دەیان کەس لەو هەرێمانە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە. لەگەڵ کردەوەکانی ناوچە سنوریەکان ، لە دهۆک و زاخۆ و هەولێریش دەست بە ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردن کراوە و هەر کەسێک لەدژی داگیرکەری بێت دەستگیر دەکرێت.

کاری ڕاگەیاندنی پەدەکە: تاوانبارکردنی پەکەکە

دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پەدەکە، هەروەها دەزگای هەواڵگری پەدەکە (پاراستن) بۆ ئەوەی هاوکاریەکانی لەگەڵ تورکیا بشارنەوە و هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بە ڕەوا پیشان بدەن، ڕاگەیەنراو بڵاودەکەنەوە و پەکەکە تاوانبار دەکەن و هێرش سوپای تورک ڕەوا پیشان دەدەن. ئەوەش نیشایەی ئەوەیە کە تا چ ئەندازەیەک هاوکاری لەنێوانیاندا هەیە.

داگیرکردنی کەرکوک لە ڕێگای بەرەی تورکمانی

دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی تورک (میت) لە رێگای بەرەی تورکمان لە کەرکوک لەدژی کردنەوەی بارەگای هاوبەشی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی کەرکوک دەستی بە پلان کردووە.

دەوڵەتی تورک پلانی بۆ داگیرکردنی کەرکوک هەیە و هیچ گۆمانێک نییە کە لەدژی ئەو جۆرە پڕۆژانە کار بکەن. لەبەرئەوەی لە ئێستادا ناتوانێت بە شێوەیە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا دەستوەردان لە کارواری کەرکوکدا بکات، بۆیە لە ڕێگای تورکمانەکانەوە هەوڵی ئەوە دەدات. ئەو کارانەی کە بەرەی تورکمانی لە کەرکەک دەیکات مەترسیدارن، لەبەرئەوەی بە ئاشکرایی دەردەکەوێت ئەو کارانەی کە دەیکەن دەوڵەتی تورکی لە پشتەوەیە  و دەستی میتی تیدایە. ئەم جۆرە هەوڵانە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و و ئەمنیەتی شاری کەرکوک، هەروەها تێکدانی هەوڵی دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی و یەکگرتنی هێزەکانی لەو شارە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بە وردی باسی جموجووڵەکانی میتی کردبوو لە شاری کەرکوک بۆ نمونە پێکهێنانی هیز و پەروەردەکردنیان لە لایەن تورکەوە. ئەوەش لە ڕێگای بەرەی تورمانیەوە ئەنجام دەدات. لێرەدا دەتوانین بپرسین ئەگەر شاری کەرکوک پێویستی بە کردنەوەی بارەگای هێزە هاوبەشەکان نەبێت، بۆچی پێویستی بە ئامادەکردنی ٤٠٠ چەکدار لە لایەن تورکیاوە هەیە؟

لە شاری کەرکوک پێشتر میت چەندین چالاکی ئەنجامداوە و گرنگترینیان تەقینەوەکەی ناوچەی موسەلای شاری کەرکوکە. لەبارەی ئەو پرسەوە دەزگای هەواڵگری عێراق دوو کەسی دەستگیرکرد کە هەردووکیشی ئەندامی ڕاستەوخۆی میت بوون.

ف.ق