پەژاک لەسێدارەدانی موستەفا سەلیمی شەرمەزار دەکات

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەسێدارەدانی هاوڵاتی موستەفا سەلیمی شەرمەزار دەکات و بە تاوانی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بەناوی دەکات.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ڕاگەیەندراوێکی نوسراودا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ناردووە، لەسێدارەدانی هاوڵاتی کورد موستەفا سەلیمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بەتوندی شەرمەزار دەکات و ڕایدەگەیەنێت: هەم لەبواری مرۆڤایەتیدا، هەم لەبواری نەتەوایەتیدا تاوانە و تاوانێکی بچوک و ئاسایی نییە کە هەم وەک مرۆڤ، هەم وەک کورد مایەی قبووڵ کردن بێت. 

دەقی تەوای ڕاگەیەندراوەکەی پەژاک:


سزای لەسێدارەدان بەگشتی و بە تایبەت لەسێدارەدانی موستەفا سەلیمی هاووڵاتی خەڵکی شاری سەقز، کە لە رۆژی ٢٢ی خاکەلێوە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە جێبەجێ کرا بە توندی شەرمەزار دەکەین. هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و دۆستانی دەکەین. هاووڵاتی موستەفا سەلیمی بە هەر هۆکارێک لە زیندانی رژێمی ئیسلامیدا بووبێت، لەسێدارەدانی جارێکیتر رووی نامرۆڤانە و دژە کوردی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران نیشان دەدات. رژێمی ئیسلامی ئێران بۆ خۆی سەرچاوەی تاوانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییە. هاوکات رژێمێکی داگیرکەرە بەسەر کوردستانەوە. 
 وێڕای ئەو کردەوە دزێوەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بابەتی ئێعدامی ئەم هاووڵاتیە رەهەندێ دڵتەزێنی بە خۆیەوە گرت، ئەویش دوای ئەوەی لە زیندانی سەقز هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی رزگار بکات، وادیارە لە لایەن کەسانێکەوە لە ئاسایشی پێنجوێنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە شێوازێکی نامرۆڤانە هەڵس و کەوتی لە گەڵ کراوە.
لە دەستپێکردنی ئەم بابەت و روداوە دڵتەزێنە تا ئێستا ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان چاودێڕی بابەتەکەمان کردووە و بەدوای بەرچاوڕوونی بووین. هەرچەند کە سیاسەتی لە سێدارەدان بابەتێک نییە کە لەسەر شەرمەزارکردنی چاوەڕوان بکرێت، بەڵام بۆ رەهەندی دوومی بابەتەکە، واتە مژاری رادەستکردنەوەی پێویست بە بەرچاوڕوونی زیاتر هەبوو.
هەرچەند پێشتریش لە نێو مێژووی کوردا رووداوی هاوچەشن روویانداوە و بەردەوام شەرمەزار کراون و وەک پەڵەی رەشی خیانەت چاوی لێکراوە، کاتێک رۆژی ئەوڕۆ دووپات دەبێتەوە، هەموو ئەو برینە پێشویانەمان دەکولێنێتەوە. ئەم کردەوە هەم لەبواری مرۆڤایەتیدا، هەم لەبواری نەتەوایەتیدا تاوانە و تاوانێکی بچوک و ئاسایی نییە کە هەم وەک مرۆڤ، هەم وەک کورد مایەی قبووڵ کردن بێت. بۆیە داوای روونکردنەوە لە لایەنە پێوەندیدارەکان دەکەین و کاردانەوەی بەرفراوانی گەلەکەمان لەم رووداوەدا نیشانی دا کە ئیدی هاوکاری لە گەڵ داگیرکەران و خەیانەت وەک پێشتر قەبووڵ ناکرێت و هەر کەس و لایەنێک پێویستە بە سەر کرداری خۆیدا بچێتەوە.
لە کۆتاییدا جارێکی تر وێڕای شەرمەزارکردنی سیاسەتی سێدارەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و کردەوەی هاوکاری داگیرکەران و رادەستکردنەوەی تاکی کورد بە دەوڵەتی داگیرکەر لەلایەن هەر تاک، گروپ و لایەنی بەناو کوردیەوە شەرمەزار دەکەین و هاوکات سپاسی هەستیاری و کاردانەوەی گەلەکەمان بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە لە بەرامبەر داگیرکەر و سیاسەتی داگیرکاریدا لە خۆیان نیشاندا.

هـ.هـ