پەیمان ڤیان: کێشەکانى ژنان هاوبەشن و پێویستیشی بە تێکۆشانى هاوبەش هەیە

پەیمان ڤیان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریی کەژار لێکدانەوەى بۆ کێشەى ژنان لە ئیران کرد و رایگەیاند، سیستمى دەوڵەتى ئێران بە سیاسەتەکانى لە دژى ژن، کۆمەڵگەى خستووەتە ناو قەیرانەوە.

پەیمان ڤیان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵگەى ژنانى ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کەژار - KJAR) شیکردنەوەى لەبارەى کۆمەڵکوژکردنى ژنان لە ئێران و هۆکارەکانى بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) خستەڕوو.

پەیمان ڤیان رایگەیاند، کەژار کوشتنى ژنان وەک کۆمەڵکوژکردنى ژنان پێناسە دەکات. راشیگەیاند "لەبەر ئەوەى کوشتنى ژنان بە رادەیەک زیادیکردووە، کە لە ئاستى کۆمەڵکوژیدایە و بەوجۆرە ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن. بێگومان ئەو کۆمەڵکوژییە هۆکارى زۆرى لە پشتە. ئێران ئێستا لە قەیرانى قورسدایە. هەم لە رووی ئابووری، هەم لە رووی سیاسییەوە لە قەیراندایە. ئەوە کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر کۆمەڵگە دروستکردووە. دەوڵەتیش لە هەموو روویەکەوە کۆمەڵگە دەخاتە ناو قەیران و ئاڵۆزییەوە. بێگومان ئەوانەش زۆرترین کاریگەریى لەسەر ژنان دروست دەکات. گوشارەکانى سەر ژنان لەمدوایانەدا زۆر زیادیان کردووە. ئێران یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە رەگەزپەرستى و زایەندپەرستیى زۆرى تیادایە. یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونى توندوتیژى لە دژى ژنان زایەندپەرستییە. هۆکارى ریشەیى ئەو کۆمەڵکوژییانەى بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت بۆ قوڵبوونەوەى زایەندپەرستى لە کۆمەڵگەدا دەگەڕێتەوە. سیستمێکى چڕ و قورسی باوکسالاری لە گۆڕێدایە. زایەندپەرستیى پیاو رێگا نادات هەناسە بە بەر ژندا بێتەوە و هەستێتە سەر پێى خۆی. لەبەر ئەوەش دەیانەوێت توندوتیژی بخەنە ناو عەقڵییەت و مێشکى کۆمەڵگەوە".

"سیستم ژن بە نێچیر و پیاویش بە نێچیروان دەزانێت"

پەیمان ڤیان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژار ئەوەشى راگەیاند، لە سیستمى ئێستادا پیاو کوشتنى ژن و هەموو کارێکى تر بەرامبەر بە ژن بۆ خۆی بە هەق دەزانێت و لەوبارەیەوە راشیگەیاند "ژن وەک موڵکى پیاو سەیر دەکەن. سیستمەکە بەو شێوەیە دامەزراوە، کە ژن  وەک نێچیر و پیاو وەک نێچیروان نیشان دەدات. ئەو پیاوەى ژن بە موڵکى خۆى دەزانێت، ژن وەک نێچیر و بوونەوەرێکى بچووک سەیر دەکات. ئەستەمە مرۆڤ چاوەڕێى خۆشەویستى و دۆستایەتى لە پیاوێکى لەو جۆرە بکات. پیاوێکى لەوجۆرە دەتوانێت هەموو شتێک بەرامبەر بە ژن ئەنجامبدات و تووشى هەموو ناڕەحەتییەکى بکات".

 پەیمان ڤیان باسى ئەوەشیکرد "عەقڵییەتێکى لەو جۆرە کە ژن بە نامووسى خۆى بزانێت، ئەوا هەموو پێوەرە ئەخلاقییەکان لەسەر جەستەى ژن و بەپێى جەستەى ژن شیدەکاتەوە. ئەو عەقڵییەتە بە بەردەوامى ژن بە تاوانبار و خەتابار دەزانێت، بۆیە کەى بیەوێت دەتوانێت ژن بکوژێت. مریەم فەرەجی یەکێک لەو ژنانەیە. ئەو ژنە چەندین رۆژ بێسەروشوێنکرا و لە دوایدا جەستەکەى بە سوتێنراوى دۆزرایەوە، کە بەشێوەیەکى دڕندانە کوژرابوو".

"ئەو عەقڵییەتە پیاویش تووشى قەیران دەکات"

پەیمان ڤیان دەستنیشانیکرد، ئەو عەقڵییەتە پیاویش تووشى قەیران دەکات و لەوباریەوە وتى "ئەو پیاوەى، کە ژن دەکوژێت قوربانیى ئەو سیستمەیە. بێگومان هێرشەکانى دژ بە ژنان تەنها هێرش نییە بۆ کوشتن، بەڵکو لە رووی دەروونی و جەستەییەوە هێرشێکى زۆر قورس دەکرێتە سەر ژنان. دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لەم دواییانەدا لە ئێران زۆر رووی لە زیادبوون کردووە. دەستدرێژیکردن رۆحى ژن پارچە پارچە دەکات. لە شەقامەکانیشدا بە تێزاب هێرش دەکرێتە سەر ژنان. لە تەمەنى منداڵیدا هاوسەرگیرییان پێدەکرێت. ئەوانە هەموویان شەپۆلێکى هێرشکردنە سەر ژنانە، کە بە رێکوپێکى لە دژى ژن بەڕێوەدەچن".

"سیستمى بێ ئەخلاق ژن دەکاتە قوربانی و پیاو دەکاتە بکوژ"

ئەو ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژار ئاماژەى بەوەشکرد، هۆکارى سەرەکیى کوشتنى ژن بۆ نەبوونى ئازادیى ژن دەگەڕێتەوە و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "ئازادیى ژن پەسەند و قبوڵ ناکەن. بە هەموو شێوەیەک هێرشى دەکرێتە سەر. ئەو عەقڵییەتەى ژن وەک موڵک سەیر دەکات، عەقڵییەتى سیستمە. ئەو عەقڵییەتەى ژن وەک ناموس سەیر دەکات، عەقڵییەتى سیستمە. کاتێک مرۆڤ تەنها لەو ڕووەوە سەیری بکات ئەوە دەردەکەەوێت کە کوشتنى ژن کێشەیەکى سیستمە".

پەیمان ڤیان باسى ئەوەیکرد، سیستم بە ئاگاهییەوە ئەو رووداوانە وەک لێکتێنەگەیشتن و رێکنەکەوتنى شەخسی لە نێوان ژن و مێرد دا دەخاتەڕوو. باسى ئەوەشیکرد "بۆچوونى 'ژنان بێ ئەخلاقی دەکەن و بەپێى نەریتى کۆمەڵگە ناجوڵێنەوە و ناموسی بنەماڵە خەوشدار دەکەن' بڵاودەکەنەوە. ئەوە بۆچوونێکى زۆر چەپەڵە. ئەوەى بێ ئەخلاقە، ئەو سیستمە خۆى بۆ خۆیەتى. ئەو سیستمە بێ ئەخلاقە، کە ژن دەکاتە قوربانی و پیاو دەکاتە بکوژ".

"دەوڵەتى ئێران دەوڵەتى پیاوانە و لە دژى ژنانە"

پەیمان ڤیان ئاماژەى بەوەکرد، دەوڵەتى ئێران دەوڵەتێکە کە لە پیاوان پیکهاتووە و بەپێى عەقڵییەتى باوکسالاری دامەزراوە. ئاماژەى بەوەشکرد "لە رێگەى ئایینپەرستییەوە گوشار لە ژنان دەکرێت. یاساى ئێران یاساى باوکسالارییە. بە تەواوى لە دژى ژنانە. مافى ژنان لە ئێران بە رادەیەک کەمە، کە لە ئاستى نەبووندایە. هەموو شتێک بەپێى حوکمی شەریعە و شەرع بەڕێوە دەبرێت. لە حوکمى شەریعە و شەرعدا مافەکانى ژنان لە هەموو کەس زیاتر پێشێل دەکرێن، چونکە بەپێى عەقڵییەت و خواستى پیاوان دروستکراوە. بە یاساکانى ئێران رەوایى بە باوکسالاریى دەدرێت. تەنانەت بارودۆخى خێزانیش هەر بەو جۆرەیە".

 "کۆمەڵگە تا چ رادەیەک بەرەنگاربێتەوە سیستمیش بەو رادەیە تەنگاو دەبێت"

ئەو ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژار ئەوەشى خستەڕوو، دەبێت سیاسەتى ئایینپەرستی، نەتەوەپەرستى و زایەندپەرستیى دەوڵەتى ئێران ریسوا بکرێت و لەوبارەیەوە ئەوەشى وت "ئێستا بە ناوى ئەخلاقەوە بێ ئەخلاقیى گەورە ئەنجام دەدرێت. بۆ نمونە زۆر جار بۆ ئەوە ئایین بەکار دەهێنرێت. نەتەوەپەرستى خۆى بۆخۆی بێ ئەخلاقییە، زایەندپەرستى بێ ئەخلاقییە. دەبیت کۆمەڵگەى ئێران تایبەتمەندییە زاڵەکانى دەوڵەت باش بناسێت و لێیان تێبگات و لەو ڕووانەوە هۆشیار بێت".

پەیمان ڤیان ئەوەى بەبیرخستەوە، کۆمەڵگەى ئێران لە دژى ئەوانە تاوەکو ئاستێک ناڕەزایەتیى نیشان داوە و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "بۆ نمونە کۆمەڵگەى ژنانى ئێران بۆ ئەوەی سەرپۆشی بە زۆر سەپێنراو نەمێنێت دەستى بە ئەنجامدانى کەمپەین کردووە. پیاوانیش پشتیوانییەکى بەهێزیان لەو کەمپەینە کردووە. کاردانەوەى کۆمەڵگە تا چ رادەیەک بەهێز بێت، گەل تاوەکو چ رادەیەک یەکگرتووانە بجوڵێتەوە بەو رادەیەش دەتوانن بە بەهێزى خاوەندارى لە مافەکانى خۆیان بکەن. بەو شێوەیە دەتوانن لەو رێگایەوە مافەکانى خۆیان بەدەست بهێنن. بە تایبەتى دەبێت کاردانەوە لە دژى کۆمەڵکوژیى ژنان بەهێز بێت".

وتیشی "کۆمەڵگە تا چ رادەیەک کاردانەوەى هەبێت بەو رادەیە سیستم تەنگاو و قەڵس دەبێت. دەکرێت بەو شێوەیە بەربە هێرش لە دژى ژنان بگیرێت. دەستدرێژیکردنە سەر ژنان گەورەترین بێ ئەخلاقییە. لە کەسایەتى ژندا دەستدرێژى دەکرێتە سەر رۆح و ویژدانى کۆمەڵگە. هەستانەوە لە دژى ئەو کار و تاوانانە خاوەنداریکردنە لە بوونی خودی خۆی".

نەخشە رێگاى کۆدار و پەژاک

پەیمان ڤیان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژار رایگەیاند، ئەو نەخشە رێگایەى کە لەلایەن کۆدار و پەژاکەوە پێشکەشکراوە هەنگاوێکى زۆر گرنگە و راشیگەیاند "نەخشە رێگاکە بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى گەلی کورد و گەلانى ئێرانە. هەنگاوێکى چارەسەرییە کە کۆمەڵگەى بە بنەما وەرگرتووە. لە نەخشە رێگاکەدا بۆ چارەسەرکردنى ئەو بابەت و کێشانە چاوەڕوانی لە دەوڵەتى ئێران ناکرێت. ئەوە بە دەوڵەت دەوترێت: ئەگەر تۆ هەنگاو بۆ چارەسەرى هەڵنەگریت ئەوا تۆ هەڵدەوەشێتەوە و ناتوانیت لەسەر پێ بمێنیتەوە. کۆمەڵگە ناچار نییە کە لە سیستمێکى دژە دیموکراتیکدا ژیان بەسەر ببات".

ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژار پەیمان ڤیان باسى ئەوەشیکرد، بەراستى کورد و گەلانى ئێران دەیانەوێت لەو سیستمە دژە دیموکراسییەى ئێستا رزگاریان ببێت و وتیشی "ئیتر ئەوە بەسەرچووە کە ئامادە بن بەردەوامى بە ژیان و مانەوە لە ناو ئەو سیستمەدا بدەن. هەموو رۆژێک ناڕەزایەتى لە ناو کۆمەڵگەدا روو دەدات و ئەوەش بەردەوامیى دەبێت".

 "کەژار ئەو سیستمەیە کە دەیەوێت هەموو ژنانى ئێران لە ناو خۆیدا بحەوێنێتەوە"

پەیمان ڤیان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵگەى ژنانى ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کەژار - KJAR) لە کۆتایى قسەکانیدا باسى لە تێگەیشتن و عەقڵییەتى تێکۆشانى کەژار کرد و وتى "کەژار تەنها سیستمێک نییە بۆ ژنانى کورد، بەڵکو دەیەوێت هەموو ژنانی ئێران لە ناو خۆیدا بحەوێنێتەوە. داواى بنەڕەتیى ئەوەیە کە هەموو ژنان لە ئێران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بپارێزێت. ئێمە ئەوە بۆ خۆمان بە پێوەرێک و بنەمایەک دەزانین. کێشەى ژنان هاوبەشە، بۆیە دەبێت پرۆژەى ئێمەش بۆ ئازادى و تێکۆشان هاوبەش بێت. ئەو بابەتە لە پلان و پرۆژەى ئێمەدایە. ئێمە لە داهاتوودا پرۆژەى چارەسەریمان بۆ ژنان لە ئێران بڵاودەکەینەوە".

ر.م