چاودێرانی سیاسی: دەستگیرکردنی عەبدولا ئۆجالان پرۆسەی ئاشتیی لە ناوچەکە دواخست

چادێرێکی سیاسی دەلێت: بەشێک لەو وڵاتانەی کە بەشداربوون لەو گەلەکۆمەیەدا دان بەو هەڵەیەدا دەنێن کە لەبریی دەستگیرکردنی عەبدولا ئۆجالان پێویست بوو دانوستان بکرایە لەگەڵی بۆ چارەسەری کێشەکان.

   ٢١ساڵ لەمەوبەر، بە بەشداریی چەندین وڵاتی جیهان، لە ١٥-٢-١٩٩٩، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، لە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتیدا لە کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرا، لەو کاتەوە تا ئێستا لە گرتوخانەی ئیمرالی لە گۆشەگیرییەکی سەختدایە، چاودیرانی سیاسیی شاری کەرکوک دەربارەی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات بۆ دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

هەموو ناوەندە جیهانیەکان دەڵێن، پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەبێ چارەسەری کێشەی کورد نایەتەدی

هێمن حەسیب چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووس لە شاری کەرکوک دەربارەی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتیەی کە رۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ ئەنجامدرا بۆ دەستگیرکردنی عەبدولا ئۆجالان لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی گەورە روویدا لە نێوان تورکیا و سوریا و ئەمریکا و ئیسرائیل، من پێم وایە ئەو گەلەکۆمەیەی ١٥ی شوبات پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دواخست و هەموو ناوەندە جیهانییەکان دەڵێن، پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەبێ چارەسەری کێشەی کورد نایەتەدی."

بەشێک لەو وڵاتانەی بەشداربوون لەو گەلەکۆمەیەدا دان بەو هەڵەیەدا دەنێن

هەروەها هێمن حەسیب وتی: "بە ئەنجامدانی ئەم گەلەکۆمەیە پیانوابوو ،کە دەتوانن کورد بخەنە دەرەوەی بازنەی چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام وڵاتانی جیهان بەهەڵەدا چووبوون لە ئیستاشدا بەشێک لەو وڵاتانەی کە بەشداربوون لەو گەلەکۆمەیەدا دان بەو هەڵەیەدا دەنێن کە لەبریی دەستگیرکردنی عەبدولا ئۆجالان پێویست بوو دانوستان بکرایە بۆ چارەسەری قەیرانەکان."

تورکیا دەکرێتە دەرەوەی لەو هاوکێشەیەی ئەمریکا بە رێککەوتنی سەدە ناوی دەبات

هەروەها هێمن حەسیب ووتیشی: "من پێم وایە فشار دەخرێتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی عەبدولا ئۆجالان لە زیندان دەربخات و بیخاتە ژێر(چاودێری ماڵەوە) گەر نا تورکیا دەکرێتە دەرەوەی لەو هاوکێشەیەی ئەمریکا کە بە رێککەوتنی سەدە ناوی دەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین."

تورک زۆر هەڵەن ئەگەر پیانوابێت دەتوانن خەباتی کورد ڕابگرن بە دەستگیرکردن و لەسێدارەدان

عەبدولستار جەباری چاودێری سیاسی و نوسەر و شارەزای مێژوو دەربارەی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی (ANF)ی ڕاگەیاند: "دوژمنانی کورد هەمیشە هەوڵیانداوە رۆڵەکانی ئێمە لەناو ببەن بە لەسێداردان و دەستگیرکردنیان، دەستگیرکردنی بەرێز عەبدولا ئۆجالان لە ١٥ی شوبات نەک تەنها نەیتوانی کێشەکان چارەسەر بکات بۆ ئەو دەوڵەتانەی کۆمپلۆکەیان ئەنجامدا بەڵکو کێشەکانی زیاتر قوول کرد، تورک زۆر هەڵەیە ئەگەر پێیوابێت دەتوانن خەباتی کورد ڕابگرن بە دەستگیرکردن و لەسێدارەدان، چونکە پێشتر شێخ سەلام بارزانی و شێخ عوبەیدولای نەهری-یان لە سێدارەدا، بەڵام خەباتی کوردان بەوانەوەش نەوەستان."

تا کورد مافەکانی وەرنەگرێت ناوچەکە ناتوانێت بە ئارامی بژێت

هەروەها عەبدوڵستار جەباری دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی دۆزی کورد ڕایگەیاند: "دوژمنانی کورد زۆر هەڵەن ئەگەر پیان وابێت کە خەباتی کورد بە بەندکردن و لە سێدارەدانی سەرکردەکانی لەناو دەچن بەڵکو ئەم جۆرە مامەڵەیە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، تا کورد مافەکانی وەرنەگرێت ناوچەکە ناتوانێت بە ئارامی بژێت بۆیە ئەگەر بیانەوێت بە ئارامی بژێن پێویستە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بدەن چونکە کورد سورە لەسەر وەرگرتنی مافی خۆی، وە کورد چاوی لەسەر خاکی کەس نیە تەنها مافی ڕەوای خۆی دەوێت."

کێشەی کورد تەنها بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای ئاشتی چارەسەر دەکرێت

لە کۆتایدا عەبدولستار جەباری ڕاشیگەیاند: "بە گرتنی عەبدولا ئۆجالان دوژمنان ناتوانن ڕێڕەوی خەباتی کورد ڕابگرن و خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە و لە گەشەسەندنیشدایە، کێشەی کورد تەنها بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای ئاشتی چارەسەر دەکرێت."

بەشدار بوونی وڵاتانی زلهێز لە کۆمپلۆکەدا ئەوە دەسەلمێنێت کە وڵاتانی زلهیز و سەرمایەدار دژی ئازادین

ئەسکەندەر سەلیم سیاسەتمدار و چاودێرێکی سیاسی شاری کەرکوکە دەربارەی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "١٥ی شوبات کە لەو رۆژەدا ڕێبەر ئاپۆ دەستگیرکرا، ئەو رۆژە رۆژێکی ڕەشە نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی ئازادیخواز، بەشدار بوونی وڵاتانی زلهێز لە کۆمپلۆکەدا ئەوە دەسەلمێنێت کە وڵاتانی زلهیز و سەرمایەدار دژی ئازادین، بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ بزوتنەوەی ئازادی کورد نەوەستا، ڕێبەر ئۆجالان توانیی لە زیندانەوە بەردەوام بێت لە تێکۆشان ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هیچ شتێک ناتوانێت تێکۆشانی کورد بوەستێنیت."

ڕێبەر ئۆجالان داکۆکی لە مافی هەموو گەلانی ژێر دەست و ئازادیخواز دەکرد

هەروەها ئەسکەندەر سەلیم ڕایگەیاند: "پێویستە لەسەر هەموو گەلانی ناوچەکە و گەلانی ئازادیخواز داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالان بکەن، چونکە ڕێبەر ئۆجالان تەنها داکۆکیکار نەبوو لە مافی گەلی کورد، بەڵکو داکۆکی لە مافی هەموو گەلانی ژێر دەست و ئازادیخواز دەکرد."

دەستگیرکردنی رێبەر ئۆجالان بۆ رێگری کردن بوو لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە

لە کۆتایدا ئەسکەندەر سەلیم ڕاشیگەیاند: "پرۆژەی ڕێبەر ئۆجالان پرۆژەی ئاشتی بوو لە ناوچەکە دەستگیرکردنی رێبەر ئۆجالانیش بۆ رێگریکردن بوو لە پرۆسەی ئاشتی، لە ناوچەکە، دەتوانین بڵێین دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەی ئاشتی لەناوچەکە دواخست بەڵام ئیستادا لە زیندان ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی کتێب و فکرە و فەلسەفەکەیدا بانگەشەی ئاشتی دەکات چونکە چارەسەری هەموو کێشەکان لە رێگەی ئاشتیەوە دەبێت نەک لە رێگەی ستەم و زۆرداری و هیز و دەسەڵاتەوە."

ژ.ت