لە گوندی ئۆلەکای سەر بە تەتوانی بەدلیس، ڕۆژی ١٩ ی کانوونی ساڵی ٢٠١٧ لە گۆڕستانی خەرزان ٢٦٧ تەرم دەرهێنران و چارەنووسی ٢٦٥ تەرمیان نازانرێت و نادیارە. لەو ٢٦٧ تەرمە، کە بۆ پزیشکی دادوەرییان لە ئەستەمبوڵ گواستبوویەوە، تەنها تەرمی هەریەک لە دیلان بنگۆل و جەلال ئۆڤمەن پاش ٦١ ڕۆژ بە بنەماڵەکانیان درانەوە. نازانرێت کە ئەو ٢٦٥ تەرمەکەی تر کەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێتەوە. بنەماڵەی موزەیەن گۆردەمیر 'بێریڤان' و بنەماڵەکانی تر، بۆئەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان وەربگرنەوە، ڕێگای یاسایی دەگرنە بەر.
'هیچ مانایەکی جەژن نەما'
شوکران سینجار خوشکی گۆردەمیر تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و مرۆیی بوونی نییە، بۆیە ئەو هەموو تەرمە لە گۆڕستان دەردەهێنن. بۆ ئەوەی کە تەرمەکانیان وربگرنەوە، تەواوی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان دوعایان دەکرد و دەپاڕانەوە.
شوکران وتیشی "بۆ ئێمە جەژن هیچ مانایەکی نەماوە. ئەم جەژنەش بەو بێ ماناییەوە تێپەڕی. داوای من ئەوەبوو، کە جەژنی ڕەمەزان لەسەر گۆڕی خوشکی خۆم بم و دوعا بکەم. بەڵام ئەوە ڕووینەدا. ئێمە نە ئێسک و پروسکیمان بینی و نە توانیشمان بچینە سەر گۆڕستان".
'رەفتاری لەمجۆرە لە کام ئایین و پەرتوکی پیرۆزدا رێگا پێدراوە'
سینجار رایگەیاند، خوشکەکەی ساڵی ١٩٩٣ گیانی لەدەستداوە و وتی "کاتێک کە خوشکەکەم شەهید بوو، ئێمە بە ساڵان نەماندەزانی تەرمەکەی لە کوێیە. پاش ئەوەی گۆڕستانی خەرزان دروست کرا، ئێمە توانیمان تەرمی خوشکەکەمان بدۆزینەوە و گۆڕێک پەیدا بوو، کە ئێمە دوعاى لەسەر بکەین. دەمانویست دوعا لەسەر گۆڕەکەى بخوێنین، بەڵام ڕێگەیان پێنەداین کە لەسەر تەرمەکەی دوعا بخوێنین و هەموو تەرمەکانیان لە گۆڕستانەکە دەرهێنا و بردنیان. کە تەرم دەنێژرێت، دەبێت هەتا هەتایە هەر لەو شوێنەدا بێت. لە هیچ ئایین و پەرتوکێکی پیرۆزدا گۆڕ هەڵنادرێتەوە و تەرم دەرناهێنرێت. کێ بەرپرسە لەم کارە، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێت".
'ئێمە ئاشتی و ئەوانیش شەڕ دەخوازن'
سینجار جەختی لەوەش کردەوە، کە پاش ئەوەی تەرمی خوشکەکەیان لە گۆڕستانی خەرزان دەرهێناوە، نمونەی خوێنیان لێوەرگیراوە بۆ پشکنینى دى ئێن ئەی و وتی "ئیدی بەسە. ئێمە پیش ٣ مانگ نمونەی خوێنی خۆمانمان دا بە فەرمانگەی پزیشکیی داد. ئێمە نمونەی 'دی ئێن ئەی'مان داوە. ئێمە ئێسک و پروسکی خوشکەکەمان دەوێتەوە. ئێسک و پروسکی خوشکەکەمان لە هەر کوێیەک بێت، دەبێت بیدەنەوە بە ئێمە. دەبێت دەوڵەت ئێسک و پروسکی خۆمان بداتەوە بە خۆمان. ئێمە ئێسک و پروسکی هەموویانمان دەوێتەوە".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا سینجار وتی "ئێمە هەمیشە ئاشتیمان ویستووە و ئاشتیشمان دەوێت، بەڵام دەسەڵات بۆ دەسەڵاتدارێتی خۆی ئاگری شەڕ خۆش دەکات. ئێمە بەم ستەمە دەڵێین: ئیدی بەسە".
ر.م