چیاکۆ: ئەگەر هەڵبژاردنی ئێران بایکۆت نەکرێت، ڕەوایەتی بە ڕژێم دەدرێتەوە

ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆدار ڕایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لە ئێران بایکۆت بکرێت، بە پێچەوانەوە سیستم ڕەوا دەبێتەوە.

بڕیارە لە ئێران لە ٢١ی شوباتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامبدرێت. هەموو بزوتنەوە،حزب و ڕێکخستنەکانی ئێران داوایان لە گەلان کرد، هەڵبژاردنەکە بایکۆت بکەن. پژاک و کۆداریش داوای بایکۆتیان کرد.

'هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک نییە'

ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆدار ڕایگەیاند، هەڵبژاردن دیموکراتیک نییە و داوای لە گەل کرد بایکۆتی بکەن.

چیاکۆ وتی، "لە ئێران ڕژیمێکی تۆتالیتەر و دیکتاتۆر هەیە. ئەگەر هەندیک دەزگا هەبن و گوایە گەل دەتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات و هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتیش، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە.لە ئێران هەموو شتێک لە دەستی ویلایەتی فەقێدایە. هەموو شتێک لە بەرژەوەندی ویلایەتی فەقێدایە. هەڵبژاردنیش بۆ ئەوە دەکرێت. ئێران و هەموو هەڵبژاردنەکانی نەتەوە-دەوڵەت بۆ دیموکراسی نین. دیموکراسی ئەوەیە گەل خۆی بەڕێوەببات و چارەنووسی خۆی دیاری بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو هەڵبژاردنەکان ساختەن. لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ساختەترینیان هەڵبژاردنی ئێرانە.

'پێشتر هەڵدەبژێردرێن'

چیاکۆ ئاماژەی بەوەکرد، کاندیدەکانی پەرلەمان پێشتر هەڵدەبژێردرێن و وتی، "کاتێک کەسێک فۆرمی کاندیدی بۆ پەرلەمان پڕدەکاتەوە، دەبێت ئاشکرای بکات لە خزمەتی ویلایەتی فەقێدایە یان نا. لە هەمان کاتدا دەزگایەکیان بە ناوی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووری بنەڕەتی هەیە. پێویستە ئەو ئەنجومەنە کەسەکان قبوڵ بکات. پێش ئەوەی ناوی کاندیدەکان بۆ گەل ئاشکرا بکرێن، هەڵدەبژێردرین. ئەوەش نیشانەی نادیموکراسی هەڵبژاردنەکانە.

دەوڵەت لە ناوخۆ و دەرەوەدا ڕەوایەتی خۆی لەدەستداوە و ئامانجەکەی ئەوەیە دیسان خۆی ڕەوا بکاتەوە. له سەدەی ٢١دا گەلانی ئێران ڕووبەڕووی سیاسەتی توانەوەی هاتوون. لە ئێران زۆر گەلی جیاواز هەن. هەبوون و ناسنامەیان لە ژێر فشارێکی گەورەدایە. یاساکانی ئیران، یاسای شەریعەتن. ژنان لە ئێران هیچ حسابێکیان بۆ ناکرێت. لە ئێران هەژاری، برسیبوون و بێکاری هەیە."

'پێویستە کەس نەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان'

چیاکۆ داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی کرد و وتی، "هەڵبژاردن یاریەکی دەسەڵاتە. لەبەرئەوەی هیچ سوودێکی بۆ گەلان نییە، پێویستە بایکۆت بکرێت. پێویستە گەل نەچێتە سەر سندوقەکان. ڕژێم لە ڕێگای بەشداریکردنی گەل دەیەوێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خۆی ڕەوا پیشان بدات. بە بایکۆتکردن ئەو هەنگاوەی ئێران پووچەڵدەکرێتەوە. پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەیەکەوە بجووڵێنەوە و پێشەنگایەتی گەل بکەن. بزوتنەوە شۆرشگێریەکان پێویستە پێشەنگایەتی بکەن. شۆڕشگێران پێویستە خۆیان بۆ شۆڕش ڕێکبخەنەوە. لە ئێران هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانیان کرد. پێویستە ئەو بزوتنەوانە بەیەکەوە کار بکەن. پێویستە بوو هەڵوێستیان لەدژی هەڵبژاردنەکان لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا ڕاگەیاندایا. بەڵام ئەوە نەکرا و پارچەبوونیش لە بەرژەوەندی ڕژێمی ئێراندایە."

ف.ق