ڕۆشنبیرانی باشور کەمپەینێک بۆ ئازادکردنی ئۆجالان ڕادەگەیەنن

ژمارەیەک ڕۆشنبیر و کەسایەتیی باشوری کوردستان کەمپەینێکی ئۆنلاین بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕادەگەیەنن و هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی فۆڕمێکی ئۆنلاینەوە واژۆ بۆ کەمپەینەکە بکەن.

بڕیارە سبەینێ شەممە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو، ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکانی باشوری کوردستان، کەمپەینێک بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕابگەیەنن.

هاوژین مەلا ئەمین یەکێکە لە ڕێکخەرانی کەمپەینەکە و لەبارەی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: سبەی شەو کاتژمێر ٠٩:٠٠ کەمپەینەکە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ڕادەگەیەندرێت و ڕاستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی ستێرک و پەیجی هێزی گەل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەگوازرێتەوە.

وتیشی: سبەینێ دوای ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە ناونیشانی فۆڕمەکەش بڵاودەکرێتەوە و هاوڵاتیان دەتوانن واژۆی خۆیانی لەسەر بکەن.

بەوتەی هاوژین مەلا ئەمین، کەمپەینەکە ١٥ ڕۆژ درێژەی دەبێت و دواتر واژۆکان لەگەڵ یاداشتێکدا ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و کۆنسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

پەڕەی ڕۆژنیوز سبەینێ شەممە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڤیدیۆکۆنفرانسی ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە دەگوازێتەوە.

ف.ق