ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە چوارچێوەی دەستپێکردنی هەڵمەتی (ئێمە دەڵێین نا) بڕیارە سبەی سێشەمە چالاکییەکی بەرفراوان لە سلێمانی ئەنجام بدەن لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد. هاوکات ژنان بانگەوازیان لە مامۆستایان، گەنجان، خوێندکاران، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و بە تایبەت ژنان کرد کە بە شێوەیەکی گرسەیی بەشداری لەم چالاکیە بکەن.
شاتوو محەمەد ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و کۆمیتەی ئامادەکاری ئەو چالاکییە دەربارەی ئەو ڕێپێوانە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:" ئێمە هەڵمەتی (ئێمە دەڵێین نا) دەستپێکردوە و ئەو هەڵمەتە چەندین بوار لە خۆ دەگرێت وەکو دژی توندوتیژی، دژ بە گۆشەگیری و دژ بە هاوسەرگیری تەمەنی پێش وەخت. هاوکات لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ئێمە ڕێپێوانێکمان ڕاگەیاندوە کە ڕۆژی ١ی سپتەمبەر ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە باخی گشتیەوە بۆ سەهۆڵەکە ئەنجامی دەدەین، ئەو چالاکییە بۆ ئیدانە کردنی گۆشەگیرییە لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان".
دەربارەی ئامانجی ئەو چالاکییە شاتوو محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان تێکۆشانێکی گەورەی ئەنجامداوە لە پێناو ئازادیدا و بە تایبەت تێکۆشانی بۆ مافەکانی ژن کردوە، لەو بوارەشدا چەندین کتێبی نوسیوە و چەندین لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا شاتوو محەمەد بانگەوازی کرد لە سەرجەم چین و توێژەکان بۆ بەشداری کردن لەم چالاکییە و وتی:" ئێمە بە تایبەتی داوا لە ژنان دەکەین کە بەشداری ئەم چالاکییە بن چونکە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە بە گشتی ژنان بڵێین ئێمە لایەنگری ئەم بیروبۆچونەین، کە ڕێز لە مافەکانی ژن دەگرێت، ئێمە دەمانەوێت وەک سەرجەم ژنانی کۆمەڵگاکانی دیکە ڕۆڵی خۆمان هەبێت و پیشەنگی بکەین".
چالاکییەکە سبەی سێشەممە ١ی سپتەمبەر لە کاتژمێر ٠٦:٣٠ ئێوارە لەبەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی دەست پێدەکات بۆ شەقامی سەهۆڵەکە.
ژ.ت