کاروانێکى تر لە چالاکوانانى باشووری کوردستان دەچنە قەندیل

کاروانێکى تر لە چالاکوانانى شار و شارۆچکەکانى باشووری کوردستان، کە لە ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان پێکهاتوون، بۆ ئیدانەکردنى هێرشە داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەر باشوورى کوردستان بەرەو قەندیل بەڕێکەوتن.

ئەو چالاکییە بە دەستپێشخەریی بەرەی نیشتیمانی دژی داگیرکاری و کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رێکخراوە و ژمارەیەکى تر لە رێکخراوەکان و لایەنە سیاسییەکانى باشووری کوردستان تیایدا بەشدارن.

 پەروین عەزیز ئەندامی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی راگەیاندووە "ئەمڕۆ شاندێکی بەرفراوان لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە دهۆکەوە تا خانەقین، کە لە ڕێکخراو و کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان پێکهاتوون، بەرەو قەندیل بەڕێکەوتووین".

ئەو ئەندامەى کەنەکە وتیشی "شاندەکە لە پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و مامۆستا و هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و بەرەی بەرخۆدانی عەفرین پێکهاتووە، ئامانجی ئەم سەردانەشمان بۆ ئەوەیە، کە ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا لەسەر خاکی هەرێم هەیە بیوەستێنین".

سەردانی ئەو شاندە بۆ قەندیل بە مەبەستی شەرمەزارکردنی داگیرکارییەکانی تورکیا و دەربڕینی پشتگیرییە بۆ گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، کە وەک قەڵغانی زیندوو لە قەندیل چادریان هەڵداوە. بڕیارە شاندەکە ئەمڕۆ لە سەنگەسەر ڕێپێوانێک ئەنجام بدات و دواتر بەرەو قەندیل بڕۆن.

ر.م