کاسبکارانی كەركوك: حكومەت و ئیدارەی شارەکە كەمتەرخەمن لە هاوکاریک

کاسبکارانی شاری کەرکوک نیگەرانن لە پاڵپشتی نەکردنیان لەلایەن حکومەتی عێراق و ئیدارەی شارەکە لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

ماوەی ٣٢ رۆژە لە شاری کەرکوک قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیاندراوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا واتا لە ١٧ی مانگی ڕابردوەوە لە كەركوك قەدەغەی هاتووچۆ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەم قەدەغەی هاتووچۆیەش بۆتە هۆی داخستنی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان کە ئەمەش هۆکارێکە کە زۆربەی هاوڵاتیانی بێكار كردوە و سەرچاوەی دابینكردنی بژێوی ڕۆژانەیانی بڕیوە سەرەڕای دەوڵەمەندی شارەكە بە سامانی نەوت و سامانی سروشتی، بەڵام دۆخی هاوڵاتیان لە كەركوك لە ئاستێكی خراپدایە، لە ئێستاشدا قەدەغەی هاتووچۆ بۆ جاری چوارەم درێژکرایەوە لە شاری کەرکوک کە بۆ سەرەتای مانگی ڕەمەزان دریژکراوەتەوە.

هیچ جۆرە هەنگاوێک نەنراوە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیان لەم دۆخە

هاوکار قادر هاووڵاتییەکی شاری کەرکوکە و هەم قوتابی و هەم کاسبکارە کە پیشەی سەرتاشە و سەبارەت بەدۆخی شارەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی حکومەتی عێراق لە تەواوی ووڵات قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاووڵاتیانی عێراق تا ئاستێکی باش توانیویانە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە کەمتەرخەمیی هەیە بەرامبەر هاووڵاتیان بەراورد بە ووڵاتانی دیکە بۆ نموونە ووڵاتێکی وەکو کەنەدا بە هاووڵاتیانی خۆی ڕاگەیاند 'ماوەی یەک مانگ لەماڵەوە بمێننەوە حکومەت خواردن و پارەی هاوکاری دەگەیەنێتە ماڵی هەر هاووڵاتیەکی' بەڵام لە عێراق بەهیچ جۆرێک هەنگاو نەنراوە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیان لەم دۆخە."

نەیتوانیوە خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات

هەروەها هاوکار قادر سەبارەت بەدۆخی تەندروستیی شارەکە ڕایگەیاند: "حکومەتی عیراق نەیتوانیوە خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات لەگەل ئەوەی رێگا نادات بە کاسبکاران کاری خۆیان بکەن لە هەمان کاتدا هیچ پڵانێکی نیە بۆ هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و کاسبکارەکان."

هەموو رێگەیەکی پەیدا کردنی بژێۆی ژیانی قەدەغە کردووە

هەروەها هاوکار قادر ووتیشی: " من وەکو قوتابیەک و کاسبکارێک قسە دەکەم دەڵێم، حکومەت هەموو رێگەیەکی پەیداکردنی بژێویی ژیانی قەدەغە کردووە و ئەوەی ئێستا هاوکاریی کەسانی هەژار و کاسبکاران دەکات رێکخراوی مەدەنی و کەسایەتیەکانی شارەکەن، بەڵام پێویست بوو ئیدارەی شارەکە رۆڵی زیاتر ببینێت لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی شارەکە، ئەرکی حکومەتە هاوکاریی هاووڵاتییانی بکات، چونکە هەندێک خێزانی ئەم شارە هەن ئەگەر رۆژێک کار نەکات ئەو رۆژە ناتوانێت نان بخوات."

ئەم هەژاریەی خەڵکی عیراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە

هاوکار قادر ووتیشی: "پێویستە حکومەت هاوکاربی خەڵکی بکات، چونکە زۆربەی دانیشتوانی عێراق خەڵکی هەژارن، ئەم هەژارییەی خەڵکی عیراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەردەوام ئەم ووڵاتە لە ملاملانێ و شەڕدا بووە."

چونکە ئەو کەسانە یەک رۆژ کار نەکەن ناتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن

سیڤەر یەعقوب کاسبکارێکی شاری کەرکوکە کە کاری شۆفێری تەکسییە، سەبارەت بەدۆخی هاووڵاتیان و کاسبکارانی شارەکە، پێی ڕاگەیاندین: "ئەم نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە هەموو ووڵاتانی جیهان بڵاوبووەتەوە نەک تەنها عێراق، پێویستە ئێمە وەکو هاووڵاتیان پابەندی ئەو رێنەمایانە ببین کە بۆ رێگری لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرچووە، بەڵام ئەرکی حکومەتە کە هاوکاریی ئەو کەسانە بکات کە کاسبکارن، چونکە ئەو کەسانە یەک رۆژ کار نەکەن ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن لە ئێستاشدا هاووڵاتیانی هەژار و کاسبکارانی شارەکە لە دۆخێکی خراپدان لەرووی دابینکردنی بژێوی رۆژانەی خۆیان."

پێویستە حکومەت دۆخی هەژاران و کاسبکاران چارەسەر بکات بە رێکاری گونجاو

هەروەها سیڤەر یەعقوب سەبارەت بە ئەرکی حکومەت و ئیدارەی شارەکە بەرامبەر هاووڵاتییانی کاسبکار و کەمدەرامەت ووتی: ''پێویستە حکومەت دۆخی هەژاران و کاسبکاران چارەسەر بکات بە رێکاری گونجاو بۆ نموونە دەتوانن لە رۆژێکدا بۆ ماوەی چەند سەعاتێک رێگە بدەن کاسبکاران کار بکەن بۆ ئەوەی بژێویی رۆژانەی ژیانی خۆیان دابین بکەن."

ئەمەش دەبێتە هۆی نادادپەروەری بەرامبەر خێزانیکی هەژار

هەروەها سیڤەر یەعقوب سەبارەت بەو هاوکارییانەی دەدریت بە هاووڵاتیان هەژاری شارەکە ڕایگەیاند: "ئەوەی ئێستا هاوکاریی هاووڵاتیان دەکات رێکخراو و کەسایەتی شارەکەن کە ناوی ئەوە کەسانە تۆمار دەکەن کە پێویستییان بەهاوکاریی سەرەتایی وەکو خۆراک هەیە، کاتێک ئەو ریکخراو و کەسایەتییانە کامپین پێکدەهینن بۆ هاوکاریی هاووڵاتیان زۆر جار کەسانێک ناوی خۆیان تۆمار دەکەن کە مووچە خۆرن و پێویستیشیان بەو هاوکارییە نییە ئەمەش دەبێتە هۆی نادادپەروەری بەرامبەر خێزانیکی هەژار."

٨٠٪ی هاووڵاتیانی شارەکە بژێوی ژیانیان بەنەدە لە سەر کاسبکاری

شاڵاو شوانی هاوڵاتییەكی دوكاندارە لە بازاڕی سەرچنار لە گەڕەکی ڕەحیم ئاوا لە شاری کەرکوک، لەسەر هەمان بابەت پێی ڕاگەیاندین:  ''بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەت شوێنە گشتییەکان و دوکانەکانی داخستووە، لە کاتێکدا(٧٠٪ بۆ٨٠٪)ی هاووڵاتیانی شارەکە بژێوی ژیانیان بەنەدە لە سەر دوکانداری و کرێکاری و کاری تەکسی، زۆربەی هاووڵاتییانی کەرکوک بژێویی ژیانیان لەسەر کەسابەتی رۆژانەیە."

پێویستە کرێی خانوو و کرێی دووکان بدەن لە کاتێکدا ناتوانن بژێویی رۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن

هەروەها شاڵاو شوانی ئەوەشی ڕاگەیاند: 'ئێمە داواکارین لە حکومەتی عێراق و ئیدارەی شاری کەرکوک دەستبەجێ ئاوڕ بداتەوە لە بارودۆخی ئەو کەسانەی هەژارو کەمدەرامەتن، چونکە زۆربەی ئەو کەسانە پێویستە کرێی خانوو و کرێی دوکان بدەن لە کاتێکدا بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە ناتوانن بژێۆی ژیانی رۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن."

لە کۆتایدا شاڵاو ووتی: ''بۆ ئەوەی خەڵکی لەم بارودخە وەڕس نەبن لەو کەرەنتینە کردنە لەماڵەوە پێویستە حکومەت کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بکات."

ژ.ت