کۆدار تیرۆری ئیقبال مورادیی شەرمەزار کرد

کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، بە بەیاننامەیەک تیرۆری ئێقباڵ مورادی شەرمەزار کرد و ڕژیمی ئێرانی بە تاوانباری ئەم تیرۆرە ناوبرد. کۆدار دەستنیشانی کرد کە ئێقبال موردای بەردەوام لەدژی هێرشەکانی ڕژیمی ئێراندا تێۆکۆشانی دەکرد.

کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، دەربارەی  تیرۆرکردنی ئیقبال مورادی ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی وهاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری ئیقبال مورادی دەربڕی.

کۆدار ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی پیشانی داوە، کە وەک هەمیشە بەردەوامە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی لەدژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانی دراوسێدا و وڵاتی عێراق و باشووری کوردستانی کردووە بە مەیدانێک بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.

کۆدار لە بەردەوامیدا ئاماژەی بەوە داوە: لە ڕۆژانی ڕابردوودا بزوتنەوەی ئازادیخوازی دیموکراتی کوردستان بە پێشەنگیی کۆدار و پژاک پرۆژەیەکی چارەسەریی ئاراستەی ڕایگشتی کردووە، کە تێیدا ڕێگای ئاشتییانە و دیالۆگ وەک ڕێگای چارەسەریی پرسەکان و کێشەکان ناوبراوە، بەڵام کۆماری ئیسامی جارێکی دیکە ناوەرۆکی خۆی خستەروو و سەلماندی، کە هیچ نەرمییەک پیشان نادات و هیچ گۆڕانێک قبوڵ ناکات و ئیقباڵ مورادی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی کورد و باوکی زانیار مورادی، زیندانی سزادراو بە سێدارەی تیرۆرکرد.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆدار ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە: حکومت ئێران پێشتریش لە پێنجوێن کەمال پێنجوێنی و سدیق ساڵیاوایی تیرۆرکردبوو و نیشانیدابوو، کە لە هەموو شوێنێک دژی ئازادیی و یەکسانیی مافی گەلانە، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر بەو کردەوە تیرۆریستییانە نییە.

کۆداردەستنیشانی کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و شەخسی نێچیرڤان بارزانیی ڕێگایان بە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە داوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆدار باسی لە تێکۆشانی ئیقبال مورادیش کردووە و ڕاگەیاندووە: شەهید ئیقباڵ مورادی چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤی و کەسێکی خەمخۆر بووە بۆ گەلەکەی، سەرەڕای هەڕەشە هەمیشەییەکانی سوپای پاسداران بەبێ وەستان تێکۆشا و ئەوەش تایبەتمەندیی ئەو کەسانەیە، کە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەنە بەرنامەی ژیانیان.

لەکۆتاییدا کۆدار، تیرۆری ئیقباڵ مورادیی شەرمەزارکردووە، سەرەخۆشیی لە کەسوکاری شەهید و هەموو ئازادیخوازان کردووە و بەڵێنی داوە تۆڵەی بکاتەوە.

ک-ش