کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان لە سلێمانی چالاکیەکی ڕاگەیاند

کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان لە باشوری کوردستان، لە شاری سلێمانی چالاکیەکی ڕاگەیاند و داوای کرد چالاکوانان و ڕۆشنبیران بەشداری لە چالاکیەکەدا بکەن.

کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان بڕیارە سبەی کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ لە شەقامی سالم بۆ بەردەم باخی گشتی ڕێپێوانێک ئەنجام بدات، بۆ ئەم مەبەستەش بانگەوازی دەکات کە سەرجەم چین و توێژەکان بەشداری لەم ڕێپێوانەدا بکەن.

شاڵاو مەحمود ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان دەربارەی چالاکیەکەی سبەینێ بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:" ئێمە وەک کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان لە ٢٢هەمین ساڵیادی پالنگێڕی سەر ڕێبەر ئاپۆ سبەی سەعات ٢ی پاش نیوەڕۆ ڕێپێوانێک ئەنجام دەدەین لە شەقامی سالم، ئامانج لەم چالاکیەش شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆیە و داوا لە هەمو هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەکەین بەشداری لەم چالاکیەدا بکەن".

هەروەها شاڵاو محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٢ ساڵە لە زینداندا خەباتێکی بێ وچانی کردوە لە پێناو ئاشتی و چەندین جار مانیفیستۆ و بەرگرینامەی پێشکەش کردووە، پڕۆژەی چارەسەری پێشکەشی تورکیا کردوە بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەستپێشخەری نەکردوە و وەڵامی ئەم پڕۆژانەی نەداوەتەوە.

هەروەها شۆڕش خدر تۆفیق ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:"کۆمیتەی ئازادی ئۆجەلان لە سۆنگەی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی خۆی هەموو ساڵێک لە ١٥ی شوباتدا کۆمەڵێ کار و چالاکی خۆی ئەنجام دەدات. ئەم ساڵیش بەهەمان مەبەست لە دژی ئەو پلانگێڕیە نێودەوڵەتی و هەرێمیە کە کرایە سەر بیرمەندی کورد بەڕێز ئۆجەلان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشور و دەرەوی وڵات چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەین".

شۆڕش خدر بانگەشەی بۆ چالاکێکە کرد و بانگەوازی بۆ خەڵکی سلێمانی کرد کە بە گڕوتینەوە بەشداری ڕێپێوانەکە ببن لە شەقامی سالم.

ز.ش