لە ڕاگهیهندراوهكهی کۆمیتەی شەهید برووسک باز لە جوانڕۆی ڕۆژههڵاتی كوردستان، ئاماژه بۆ ئهوه كراوه؛ داعش و ڕژێمی ئاکەپە پەیوەندیی تووند و تۆڵیان بەیەکەوە هەیە. باس لهوهش كراوه؛ هەموو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە شەڕی داعشدا قەرزباری هێزەکانی یەپەگە/یەپەژەن و پێویستە بە ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو هێرشانە دیاری بکەن. کۆمیتەکە داوای پاڵپشتیی زیاتری گەلی کورد، لە عەفرین دەکات.
لە ڕاگهیهندراوی كۆمیتهی شههید برووسك باز-دا هاتووە؛ دوو هەفتە بەسەر هێرشی داگیرکەرانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر عەفرین تێپەڕی، لە و ماوەیەدا سوپای تورکیای داگیركهر بە هێرش و پەلامارەکانی بۆتە هۆکاری شەهید و برینداربوونی سەدان هاوڵاتیی سیڤیل. عەفرین ئارامترین شوێنی باکووری سووریایە کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ داگیری بکات.
«سەرەڕای ئەوەی یەپەگە بە دەیان جار ڕایگەیاندووە کە هیچ مەترسییهك لەسەر تورکیا دروست ناکات و تەنیا ئەرکی پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلانی باکووری سووریایە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی شەڕی تیرۆرەوە، هێرشیان دەکاتەسەر. لەکاتێکدا یەپەگە چەندین ساڵە سەرەکیترین هێزی دژهتیرۆرە لە باکووری سووریا. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا کە بە خۆی و چەتەکانی داعشەوە، ئهزموونی شکستی کۆبانێی ههیه، چۆن جارێکی دیکە ئەو جەسارەتەی لە لا دروست بووە کە بەرەو ڕووی تێکشکانێکی دیکە بچێت؟ بێ گومان ئەم جاریش سەرکەوتن هەر بۆ گەلی عەفرینە و هەر وەک کۆبانێ دەبێتە گۆڕستانی داگیرکەران.»
له درێژهی ڕاگهیهندراوهكهدا، ئیدانهی پاڵپشتیی ڕووسیا بۆ توركیا و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئهمهریكا كراوه کە له بهرانبهر هێرشه دڕندهییهكانی توركیا بۆ سهر عهفرین بێ دهنگن.
«ئەو هێرشانە، لە دژی گەلانی ناوچەکە و خەڵکانێکی ئاشتیخواز و دێمۆکراتە، کە ئهمهریكا-ش بەبێ هەڵوێستی خۆی، بۆتە پاڵپشتیی هێرشەکان. ئاشکرایە کە گەلی عەفرین و هێزەکانی یەپەگە/یەپەژە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە و ناهێڵن خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ بڕوات.»
له كۆتایی ڕاگهیهندراوهكهی کۆمیتەی شەهید برووسک باز لە جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاتووه؛ سەرەڕای شەرمەزار و ڕیسواکردنی ئەو پەلامارە دوژمنکارانەیەی سوپای تورکیای داگیركهر، داوای شکاندنی بێدەنگیی ئهمهریكا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بابهته دهكهین. هەروەها داوا لە سەرجەم گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازادیخواز دهكهین کە پاڵپشتی لە گەلی عەفرین بن.
ش. م