کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە بارەی پلانگێری نێوان تورکیا و ئێران و عێراق دژ بە گەلی کورد راگەیێراوێکی بڵاو کردەوە

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە پلانگێریی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و ئێران و عێراق دژ بە خەڵکی کوردستان، راگەیێراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بە پلانگێریەکی نوێ دەکات دژ بە گەلی کورد، کە دەوڵەتی تورکیا سەرکێشی ئەو پلانگێریە دەکات.


لە راگەیێراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵدا هاتووە، ڕووداوەکانی دوو هەفتەی ڕابردوو، دەستپێکی دووبارەی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دێرینی ڕژیمەکانی ئێران و تورکیا و عێراقمان دژبە خەڵکی کوردستان پێ نیشان دەدات و ئەم جارەیان دەوڵەتی تورکیا لە ناوەندی ئەم پیلانگێڕیە دایە و هیدایەتی ئەم هاوئاهەنگیەی لە ئەستۆدایە. لە حاڵێکدا کە پێشڕەویی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان، هەروا درێژەی هەیە، رژێمی ئێرانیش هێزەکانی خۆی لە سەر سنوور جێگیر کردووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێراوەکەدا ئاماژە بە بێدەنگی دەوڵەتی عێراق دەکات و دەڵێت، دەوڵەتی عێراق بە گرتنەبەری بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژیەی سوپای تورکیا و ئۆپراسیۆنی رژێمی ئێران، بەکردەوە، ڕێگای بۆ بەڕێوەچوونی ئەم سیاسەتە خۆش کردووە. فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا، بەردەوام چەندین ناوچەی بەرین لە باشوری کوردستان بوردومان دەکەن. بەهۆی ئەم هێرشانە، هەتا ئێستا زیاتر لە ٥ کەسی دانیشتووی ناوچەکە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. دارستانەکانی ناوچەکە لە ئاگردا دەسوتێن و ماڵ و حاڵی خەڵکێکی زۆر وێران بوون.

هەروەهای رایدەگەێنێت، هێزەکانی سوپای تورکیا، دەیان کیلۆمیتری دیکە لە قووڵایی خاکی باشوری کوردستان پێشڕەویان کردووە و شوێنی جێگیربوونی پێشووی خۆیان پەرە پێداوە. هێرشەکانی ئەم قۆناغەی سوپای تورکیا، چەندین ناوچه لە دەوروبەری شارەکانی زاخۆ و دهۆک، تا کەمپی پەنابەرانی مەخموور لە باشووری هەولێر و کوێستانی شەنگال لە ڕۆژئاوای موسڵ لەخۆدەگرێت. دەوڵەتی تورکیا، لە مەسیری پێشڕەوی خۆیدا، بە ئامانجی مانەوە، دەستی داوەتە سازکردنی دەیان پێگەی نوێ و بە هەزاران سەربازی خۆی تێیدا جێگیر کردووە. ئەگەرچی ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی تورکیا، پێشڕەوی بەرەو زنجیرە چیای قەندیلە، بەڵام لەڕاستیدا، بەو بیانوویەوە بەشوێن ئامانج گەلیکی زێدەخوازانە دایە له ناوچەکه. داگیرکردنی چەندین شار و ناوچە لە رۆژئاوای کوردستان، ناردنی هێز بۆ لیبیا و داگیرکردنی چەند بەشێک لە باشوری کوردستان، ئاژاوەگێڕی و هەڕەشە لە قیبرس، هەر هەموویان، بەکردەوە دەرهێنانی سیاسەتێکی زێدەخوازانەیه کە ئەردۆغان بەشوێن جێبەجێکردنیدایە. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کە هێچ دەرفەتێک بۆ سنووردارکردنی ناوچە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەست نادات، لە بەرامبەر داگیرکردنی چەندین ناوچەی بەرین لە باشوری کوردستان، بە گرتنەبەری بێدەنگی، بەکردەوە، دەستی دەوڵەتی تورکیای لە دەستدرێژی بۆسەر ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان ئاوەڵا هێشتووەتەوە."

لە کۆتایی راگەیێراوەکەدا ئاماژە بە بێدەنگی ئەمریکا دەکات لە بەرامبەر ئەو هێرشانە و دەڵێت:" چاوی لەسەر دەستدریژیەکانی رژێمی ئێران و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان بەستووە. بێدەنگیی ئەمریکا لەئاست تۆپباران و مۆشەک هاویشتنی رژێمی ئێران و پێشڕەویەکانی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستا، هەموویان ئەو ڕاستیەمان پی دەلین کە دەوڵەتی ئەمریکا، درێژەی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتانی ناوچەکە لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لێکدەداتەوە. لەو نێوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکی فۆڕماڵ، بەکردەوە، کەوتووەتە پەراوێزی ئەم ڕووداوانەوە. بەڵام پووچەڵ کردنەوەی پیلانگێڕی لە وەها پانتاییەکدا، تەنیا لە توانای جەماوەرێک دایە کە عەزمیان جەزم کردبێ کە بۆ دابینکردنی ئازادی و بەدیهێنانی مافی چارەنووسی خۆیان ڕاپەڕن، دەست لەناو دەستی هاوپەیمانانی ڕاستەقینەیان، واتە ستەملێکراوان و چەوساوەکانی هاوچارەنووسیان، لە وڵاتانی ئێران و عێراق و تورکیا، بە شۆڕشی خۆیان، ڕژیمە دیکتاتۆرە گەندەڵە دەسەڵاتدارەکان لە ڕیشە دەربێنن و بە دەستی خۆیان، جیهانی مرۆڤی ئازاد و یەکسان بنیات بنێن."


ز.ش