کۆنفراسی "کورد لە گۆڕانکارییەکانی ئایندەی ناوچەکەدا" دەستیپێكرد

 کۆنفراسی "کورد لە گۆڕانکارییەکانی ئایندەی ناوچەکەدا"، بەسەرپەرشتی  ئاکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراتی لەشاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

ئەمرۆ شەممە ٢٨/٧/٢٠١٨ ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی سێیەمین کۆنفرانسی خۆی لە هۆڵی ئۆتێل داوا لە شاری  سلێمانی ئەنجام دەدات. کۆنفرانسەکە بۆ ماوەى رۆژێک بەردەوام دەبێت.

کۆنفرانسەکە بە بەشداریى ١٥٠ میوان لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و خستنەڕووی ڕێگەچارەییەکانە، ئەکادیمیاکە هەموو پارتەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستانی بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت کردووە.

لە کۆنفرانسەکەدا سێ پانێل پێشکەش بکرێت. لە پانلی یەکەمدا سێ باس پێشکەش دەکرێن. باسی یەکەم لەلایەن دکتۆر فاروق ڕەفیق پێشکەش دەکرێت، لەژێر ناونیشانی "ئەفسانەی نیشتیمان". باسی دووەم لەلایەن دکتۆر کاردۆ محەمەد پێشکەش دەکرێت لە ژێر ناونیشانی "پێگەی سەربازیی هەرێم لەدوای دروستبوونی حەشدی شەعبی". باسی سێیەم لەلایەن هاوژینی مەلا ئەمین پێشکەش دەکرێت لەژێر ناونیشانی "ئەزمونی سیاسی باشووری کوردستان لە شکستەوە بۆ هەرەس".

 لە پانێلی دووەمدا سێ باس پێشکەش دەکرێن، کە بریتین لە باسی "کورد لە سیستمی نوێی جیهاندا" لەلایەن دکتۆر کامەران مەنتک پێشکەش دەکرێت، هەروەها ڤیان محەمەد فەرەج، باسی دووەم پێشکەش دەکات لەژێر ناونیشانی "پڕۆژەی گاپ، ئاو بە خاک و نەوت و کورد". باسی سێیەمیش لەلایەن مەسعود عەبدولخالق-وە پێشکەش دەکرێت لەژێر ناونیشانی "چارەنووسی کورد لە پڕۆژەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

بە هەمان شێوەی پانێلەکانی دیکە، لە پانێڵی سێیەمیش سێ باس پێشکەش دەکرێن، باسی یەکەم لەلایەن سەرحەت ڤارتۆ، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێشکەش دەکرێت لەژێر ناونیشانی "سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر باشووری کوردستان" دواتر ئەبوبەکر عەلی باسی دووەم پێشکەش دەکات بە ناونیشانی "پێواژۆی ئاشتی و چارەسەری مەسەلەی کورد لە تورکیا لەنێوان دەرفەتە لەدەستچووەکان و چانسەکانی ئایندە'. هەروەها فوئاد محەمەد، کۆتا باسی کۆنفرانسەکە پێشکەش دەکات لەبارەی "ڕەوشی سیاسی ئێران لەپاش هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوەکی، باندۆری لەسەر خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

لەدوای تەواوبوونی پانێلی سێیەم و گفتوگۆی بەشداربووان، ئەنجامی کۆنفرانسەکە گەڵاڵە دەکرێت و لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەوە بۆ ڕای گشتی دەخوێندرێتەوە.

ئاکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی ئەکادیمیایەکی سیاسیی فکرییە و بایەخ بە بیر و هزری دیموکراسی دەدات لە هەرێمی کوردستان، ئەکادیمیاکە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و ئەوە سێیەمین کۆنفرانسە کە ئەنجامی دەدات.

ر.م