کۆی ئەوەی ئەمرۆ لە شیلادزێدا ڕویدا

گەل بڕیاریداوە هێزی داگیرکەری تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان دەرباکات، بەڵام پەدەکە ڕێگری دەکات بۆیە ناڕەزایەتیەکان سوڕانەوە سەر پەدەکە.

دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دوێنێ ١٩ مانگ دوای نیوەرۆ بۆردومانی گوندی سیدای سەر بە ناحیەی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی کرد، لە ئەنجامدا پێنج هاوڵاتی گەنجی خەڵکی شیلادزێ بەهۆی بۆردوومانەکەی تورکیای داگیرکەرەوە شەهیدبوون.

 

لە کاتی بیستنی ئەو هەواڵە خەڵکی دەڤەری شیلادزێ بە هاواری ئەو ڕوداوە چونە ئەو شوێنەی کە دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتیەکانی تێدا شەهید کردبوو، بەڵام بینینی جەستەی پارچەکراوی ئەو گەنجانە بە هۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە دڵی هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرەی پڕ کرد.

 

هاوکات بە شێکی زۆری خەڵکی دەڤەری شیلادزێ لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە و  ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ پێشوازی کردن لە تەرمی شەهیدەکان، بەڵام هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوشێوەی سیاسەتی تورکیا بۆ ئەوەی مەراسیم بۆ جەنازەی شەهیدان دروست نەبێت جەنازەی شەهیدەکانی بە بیانوی پزیشکی دادوەری فڕاند بۆ دهۆک.

 

بۆ ڕۆژی دواتر واتا ئەمرۆ پەدەکە هێزێکی زۆری لە هەر یەک لە دهۆک، زاخۆ و ئامێدی گواستەوە بۆ دەڤەری شیلادزێ بە مەبەستی ڕێگری کردن لە خۆپێشاندان و دروستنەکردنی مەراسیم بۆ شەهیدان وپاراستنی بنکە و بارەگاکانی میتی تورکیا لە ناوچەکە.

 

"بژی بەرخۆدان، بمرێ ئەردۆغانیان دەوتەوە"

لەگەڵ هەموو فشارەکان و چاو سورکردنەوەی پارتی دیموکرات و پڕو پاگەندە ناڕاستەکانی کە لە ناو خەڵک بڵاوی دەکردەوە، ئەمرۆ گەلی شیلادزێ بەهەزاران هاوڵاتی لە ناوبازاری شیلادزێ کۆبوونەوە و بە مەبەستی دەرکردنی بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەڕێکەوتن بەرەو ناوەندەکانی میت و بنکەو بارەگاکانی تورکیا، لە ڕیگادا گەل درووشمی"بژی بەرخۆدان، بمرێ ئەردۆغانیان دەوتەوە".

 

پەدەکە بۆ پاراستنی تورکیا هێرشی کردە سەر گەلی شیلادزێ

بەڵام هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو هێزیەوە ڕیگری کرد لە خۆپێشاندانەکەی گەل، بە گازی فرمێسک ڕێژ و فیشەکی پلاستیک و تەقە کردن بەسەر خۆپێشاندەراندا ڕێگریان کرد کە گەلی توڕەی شیلادزێ بکوژانی ڕۆڵەکانیان لە شارۆچکەکەیان دەربکەن، واتا پەدەکە بۆیە پارێزەری داگیرکەران.

 

هاوکات پەدەکە  بانگێشتی لە هەر یەک لە مەحمەد کەلحی سەرۆکی عەشیرەتی ڕێکانیان و عومەر ئورنای سەرۆکی لقی ١٨ پارتی کردبوو بۆ ئەوەی گەل پەشیمان بکەنەوە لە دواکاریەکانیان و نەچنە سەر بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، بەڵام گەل بە ئیسرار بوو بۆ دەرکردنی تورکیای داگیرکەر، لە ئەنجامدا گەل کەوتە بەر هێرشی چەکدارەکانی پەدەکە و ژمارەیەک هاوڵاتی بریندار بوون.

 

ناوچەی پارتی بەرد باران کرا

لە دوای ئەوەی پەدەکە بە زەبری هێز ڕێگری کرد لە گەل و بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری پاراست لە هێرشی گەل، خۆپێشاندان سوڕایەوە سەر پەدەکە و خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر ناوچەی پارتی و بەرد بارانیان کرد.

 

نۆ خۆپێشاندەر دەستگیرکراون

 

بەپێی سەرچاوەیەک لە ناو خۆپێشاندانەکە کە بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕاگەیاند:" هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ٩ کەسیان لە خۆپێشاندەران دەستگیر کردووە، لە ئێستادا لە ئاسایشی گشتی شیلادزێ دەست بەسەرن، جیاواز لەوەش ژمارەیەک لە ئەندامانی سیخوری سەر بە پاراستن لە ناو گەلدا بڵاو ببونەوە ناوی ئەو کەسانەیان نوسیوە کە پێشەنگایەتی چالاکی دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتو دەستگیریان بکەن.

 

ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە وەک پرسیارێک ئەوەیە گەلۆ چی نەتەوەیەک چی هێزێکی سیاسی لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بکوژی ڕۆڵەکانی خۆی پاراستوە، پەدەکە لە پێناو چی ئەو بکوژ و داگیرکەرانە دەپارێزێ؟