کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە - KCD) بە بۆنەى ساڵیادى کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەى کەجەدە دا هاتووە "گەنجانى چەپڕەو – سۆسیالیستی تورکیا بە ئامانجی پشتیوانیکردنى ئینتەرناسیۆنالیستانە لە گەلەکەمان و شۆڕشى رۆژئاوا، رۆژی ٢٠ى تەمووزی ٢٠١٥ / ٢٩ى پووشپەڕ لە پرسوس کۆبوونەوە".
کەجەدە راشیگەیاندووە "چەتە تیرۆریستەکانى داعش لە ناو ئەو گەنجانەدا بۆمبێکیان تەقاندەوە. لەو هێرشەدا ٣٣ گەنجی سۆسیالیست شەهیدبوون و زیاتر لە ١٠٠ گەنجى تریش برینداربوون. سەربارى ئەوەى ٣ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەرێت، بەڵام هێشتا 'پەردەى تاریک' لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە لانەبراوە. هێشتا بەرپرسان و ئەو هێزە سەرەکییانەى ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامداوە ئاشکرا نەکراون. هەوڵێش دەدرێت ئەو کۆمەڵکوژییە پەردەپۆش بکرێت و دۆسیەکەى دابخەن و لە رۆژەڤ دەریبهێنن".
کەجەدە ئەوەشى دەستنیشانکردووە، ئەوان ئومێد و خەونى شەهیدانى پرسوس کە یەکێتیى گەلان و داهاتوویەکى ئازاد و دیموکراتیکە، بە تێکۆشانى خۆیان بەدیی دەهێنن.
لە راگەیاندراوەکەى کەجەدە دا ئەوەش هاتووە، بە دڵسۆزیى ئەو شەهیدانە رێکخستنەکانى خۆیان بەهێزتر دەکەن. تێکۆشانێکى هاوبەش بەڕێوەدەبەن و بە رۆحی تێکۆشانى ئینتەرناسیۆنالیستى رێگاى ئازادی بۆ هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەموار دەکەن.
لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى کەجەدە دا ئاماژە بەوەشکراوە "لە کەسایەتیى شەهیدانى پرسوس و رۆژئاوادا هەموو شەهیدانى ئازادى بە رێزەوە بەبیردەهێنینەوە، کە ئێمە قەرزار و منەتداریانین".
ر.م