کەجەرە لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک داواى بەرخودانى لە گەنجانی رۆژهەڵات کرد

دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەرە رایگەیاند، هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان هێرشە بۆ سەر هەموو کوردستان و داواى لە ژنان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، کە بە بەهێزی بەشداری لە بەرخوداندا بکەن.

كۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە - KCR) لەبارەی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەرە رایگەیاند، هێرشەکانى ئەمدواییە بۆ سەر باشووری کوردستان ھێرشی ئاسایی نین و ئامانجی ئەو هێرشانە بۆ قڕکردن و سڕینەوەى گەلی کورد و داگیرکردنی هەموو کوردستانە.

کەجەرە راپەڕینەکانی سلێمانی و شێلادزێی وەک هەڵوێستی نەتەوەیی لە دژی ئەو ھێرشانە پێناسەکردووە و ئاماژەى بە گرنگیی چالاکییەکانى رۆژئاوا و ئەوروپاش کردوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هێرشەکانى سەر قەندیل و شێلادزێ، هێرشکردنە سەر مەهاباد، سەردەشت و مەریوانە. بۆیە دەبێت ژنان و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رۆحی کۆبانێ و قەندیل جارێکیتر روو لە چیاکانی کوردستان بکەن و بەشداری ناو ریزەکانى تێکۆشان بن".

کەجەرە ئەوەشی راگەیاندووە، وەڵامی ئەم قۆناغە بە بەرخودان دەدرێتەوە و ئەو هێرشانەى کە ئەنجام دەدرێن، تەنها لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە ئەنجام نادرێن، بەڵکو ئەو هێرشانە بە هاوکاریی دەوڵەتى ئێران ئەنجام دەدرێن.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەی کەجەرەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە گەنجان و ژنان بە شێوەیەکى رادیکاڵ خاکی خۆیان، خاکی کوردستان لە دوژمنی کوردان بپارێزن.

ژ.ت