کەجەکە: ئازاری گەلی لوبنان بە ئازاری خۆمان دەزانین

کەجەکە بەهۆی تەقینەوەکەى ٤ی ئاب سەرەخۆشیی لە گەلی لوبنان کرد و رایگەیاند "لە دڵەوە هاوخەمی گەلی لوبنانین. ئازاری ئەوان بە ئازار خۆمان دەزانین".

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى تەقینەوەکەى ٤ی ئاب لە لوبنان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "تەقینەوەکەى ٤ی ئاب لە بەندەری بەیروت لە لوبنان بووە هۆی ئەوە گەلێک کەس ژیانیان لە دەستد بدەن و ژمارەیەکى زۆریش بریندار ببن. ئێمە سەرەخۆشی لە گەلی لوبنان دەکەین و رەحمەتی خودا لە قوربانییەکان بێت و هیوای هەر چی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین. ئێمە خۆمان بە هاوبەشی ئازاری گەلی لوبنان دەزانین. ئازاری ئەوان ئازاری ئێمەیە".

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە:

"لوبنان یەکێک لە گۆڕەپانە جوانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکانە. لە لوبناندا عەرەب، ئەرمەن، کورد، دورزی، سوریان و چەندین باوەڕ و ئایینی تر دەژین و جوگرافیای گەلان و باوەڕەکانە. خاوەنی رۆشنبیری و مێژووییەکە، کە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نمونەیە. لوبنان وڵاتێکی هاوڕێ و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە ئازاری ئەو وڵاتە جوانە ئازاری هەموو مرۆڤایەتییە، ئازاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. گەلی کوردیش بەو کارەساتە ئازاری زۆری چەشت.

بزووتنەوەی ئازادیمان و گەلی کورد دڵسۆزی لوبنانن. کورد لە لوبنان نەک تەنها رەنج و هەستی خۆیان ئاوێتەى لوبنان دەکەن، بەڵکو کورد لوبنان بە وڵاتی خوشک – برا دەزانێت. کوردانی لوبنان و هەموو کورد لوبنان بە وڵاتی خۆیان دەزانن. لەم رۆژە سەخت و قورسانەدا ئێمە لە پاڵ گەلی لوبنانداین. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە کوردان لە لوبنانیش بۆ ساڕێژکردنی برینی گەلی لوبنان، بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان هەڵدەستن.

گەلی لوبنان هەر چۆن تاوەکو ئێستا ئازاری قورسی تێپەڕاندووە، بە دڵنیاییەوە ئەم ئازارەش تێدەپەڕێنێت. پشتیوانیی مادیی و مەعنەویی دۆستانی گەلی لوبنان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئازارە قورسە و دەرەنجامەکانی ئەو کارەساتە دەبێتە یارمەتیدەریان. ئێمە لەو بڕوایەداین گەلانی عەرەب و مرۆڤایەتی لەو رووەوە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان بەجێدەهێنن.

ئێمە جارێکیتر سەرەخۆشی لە گەلی لوبنان دەکەین، کە پەیوەندیى مێژوویی و بەهێزمان لە دڵەوە لەگەڵیاندا هەیە، سەرەخۆشییان لێدەکەینەوە. ئیمە هیوادارین گەلی لوبنان ئەو برینەى بە خێرایی ساڕێژ بکات و جارێکیتر وەک گەوهەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رۆژە گەشاوە و پرشنگدارەکانی بگەڕێتەوە".

ژ.ت