کەجەکە: دەبێت حکومەتی باشوور هەڵوێستی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەبێت

کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کەجەکە، حکومەتی باشووری کوردستانی ئیدانەکرد، کە هێرشەکانى دەوڵەتی تورک ئیدانە ناکات و رایگەیاند "دەبێت حکومەتی باشوور لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکاندا لە دژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدات".

کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک لە ١١ی ئاب دا بۆ سەر ناوچەى برادۆست راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەموو کەس ئەو هێرشەى ئیدانە کرد، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتى باشووری کوردستان نە ئیدانەی کرد و نە هەڵوێستی لە دژی نیشان دا.

کەجەکە رایگەیاند، ئەو هێرشانەى دەوڵەتی تورک راگەیاندنی شەڕە لە دژی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو پارچەکان و راشیگەیاند "لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠ دا دەوڵەتی فاشیستیی کۆماری تورکیا لە ناوچەى کێلەشین لە برادۆستی باشووری کوردستان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکى هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق. راگەیاندرا لەو هێرشەدا ٢ فەرماندەی ئەو هێزە کوژراون و هەندێکی تریش برینداربوون. دواتر ئەوە روون بوویەوە ئەو ٢ ئەفەسەرە کە لەو هێرشەی کۆماری تورکیادا شەهیدبوون هەردوکیان خەڵکی برادۆستن، بۆیە لە پێش هەموو شتێکەوە ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەین.

هەموو کەس لە دژی ئەو هێرشانە و هەوڵە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک وەستایەوە و بە توندی ئیدانەی کردن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتى باشووری کوردستان نە ئەو هێرشەى کۆماری تورکیای ئیدانە کرد و نە هەڵوێستێکیشی نیشاندا کە ئەو هێرشانە رەتبکاتەوە. بە پێچەوانە راگەیاندراوێکى لەو شێوەیە ئەو هێرشە رەوا نیشان دەدات و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە و وەک ئەوەى مافی پێ بدات هەڵوێستێکى لەو شێوەیەى خستووەتەڕوو. ئێمە دەمانەوێت بڵێین، ئێمە ئەو هەڵوێست و عەقڵیەتە، کە ئەو راگەیاندراوە پشتی پێبەستووە ئیدانە دەکەین. ئەو راگەیاندراوە هیچ پەیوەندیی بە وڵاتپارێزییەوە نییە، هەر لە خۆیدا ئەوە لە بەها ئەخلاقی و ویژدانییەکان ناوەشێتەوە و لەگەڵیشیان نایەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو راگەیاندراوە هیچ پاساوێکى سیاسی، حقوقی و رەوای نییە. ئەو راگەیاندراوە تەنها سوودی بۆ رەواکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەیە. ئاشکرایە، ئەو راگەیاندراوە بە ئەنقەست هۆکاری هێرشەکە لە دژی هێزەکانى پاسەوانی سنووری عێراق دەبەستێتەوە بە بزووتنەوەی ئازادیی کوردەوە و ئەوەش بۆ پاساوی هێرشەکە نیشان دەدات و ئەوە هەڵوێستێکى بە ئەنقەست و ئامانجدارە.

هێرشەکانی کۆماری تورکیا لەم ساڵانەی دوایدا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئیدی بوونەتە هێرشی بەردەوام و بەرنامە بۆ دانراو. هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنە زەمینییەکان بۆ داگیرکەری دەیان مرۆڤی کورد بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانیش ژیانیان لە دەستداوە. لەم ساڵانەى دوایدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانیان بە کەرەستە جەنگییەکانیان زیاد کردووە. ئاشکرایە ئەو هێرشە لە دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانیەتی لە هەموو پارچەکان و راگەیاندنی شەڕ و هێرشە لە دژیان، بۆیە دەبێت حکومەتى باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا و لە دژی داگیرکەری و کوشتنی کورداندا، شانبەشانی گەلی کورد و هێزەکانی بەرخودان و ئەوانەى کوردستان دەپارێزین بجوڵێتەوە. حکومەتى باشووری کوردستان لە بریی ئەوەى داوا بکات، کە گەریلا لە خاکی باشووری کوردستان بڕوات دەرەوە، دەبێت لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکاندا لە دژی کۆماری تورکیا هەڵوێست نیشان بدات. ئەوە چاوەڕوانیی گەلەکەمان و دۆستەکانمانە".

ژ.ت