کەجەکە: گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ بە تێکۆشان کۆتایی پێدێت

کەجەکە رایگەیاند، راپۆرتەکەى سی پی تی لە ئەنجامی تێکۆشاندا بڵاوکرایەوە و راشیگەیاند "گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ بە تێکۆشان کۆتایی پێدێت".

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بارەى راپۆرتەکەى چەند رۆژ لەوە پێشی کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنى ئەوروپا (سی پی تی) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "رێبەر ئاپۆ تەنها رێبەری گەلی کورد نییە، بەڵکو بووەتە رێبەری دیموکراسی و ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و ٢١ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیدا گۆشەگیرکراوە. ٢١ ساڵە لە ژوورێکدا راگیراوە. جگە لەو ٢ بۆ ٣ جار نەبێت ماوەى ١٠ ساڵە نەیتوانیوە چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت. زۆر کەمیش رێگا بە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەشی دەدەن. هۆکاری ئەو گۆشەگیرییە چڕە، ئەوەیە کە رێبەر ئاپۆ رێبەری گەلێکە، کە لە ژێر مەترسیی قڕکردن و سڕینەوەدایە. ئەو گۆشەگیرییە قورسە بەپێی سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوەى گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەو گۆشەگیرییەش بەشێکە لە سیاسەتی سزادان و سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە. بێگومان گەلی کورد و رێبەری گەلی کورد لە دژی ئەو سزا و سەپاندن و هێرشە قڕکەرانەیەى دەوڵەتی تورک بەرەنگاری دەکەن. گەلی کورد و رێبەر ئاپۆش دەزانن، کە ئەو هێرش و گۆشەگیرییە هێرشن بۆ سڕینەوە و قڕکردن و بەو تێگەیشتنەوە لە بەرامبەریاندا دەجوڵێنەوە".

'ئەمریکا، ئەوروپا و کۆماری تورکیا لە سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردن بەرپرسیارن'

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەنجامدرا، کە لە سەدەی ٢٠ دا سیستمی قڕکردن و سڕینەوەى گەلی کوردیان دەسەپاند و جێبەجێیان دەکرد".

لە بەردەوامیی راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "رێبەر ئاپۆ لەبەر ئەوەى دەیخواست ئەو سیستمە قڕکەرە تێکبشکێنێت، لە رێگەى پیلانگێڕییەکەوە توندی زیندانی ئیمراڵی کرا. ئەرکی پاسەوانیکردنیان دا بە تورکیا. سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی سیستمێکە کە ئەمریکا و ئەوروپا بە تورکیای ئەنجام دەدەن. ئەمریکا، ئەوروپا و کۆماری تورکیا پێکەوە لەو سیستمە ئەشکەنجە و قڕکردنە بەرپرسیارن. سی پی تی تاوەکو ئێستا لە بەرامبەر سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی نەوەستاوەتەوە، کە ئەوەش دەبێت وەک نیشانەی هاوکاریکردنی بۆ ئەو تاوانە ببینرێت. بەڵام تێکۆشانی ٢١ ساڵەی گەلی کورد و خاوەنداریکردنیان لە رێبەرەکەى خۆیان و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئیمرأڵی، کارەکتەری سیستمی ئیمرالییان ریسوا کردووە و خستویانەتە دۆخێکەوە کە ئیدی ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات. ئەو دۆخی ریسواکردنە بە بەرخودانی گۆشەگیری لە دژی گۆشەگیری لە ٢٠١٨ – ٢٠١٩ زۆر زیاتر بەرفراوانتر بووە، کارەکتەرە نا ئەخلاقی و فاشیستییەکانی ئاشکرا بوون و خستیانە بەرچاوی هەموان. لەو قۆناغەدا سی پی تی سەردانی ئیمراڵی کرد و راپۆرتەکەى لەبارەی دۆخی ئیمراڵییەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکردەوە.

'ئارگۆمێنتەکان و پاساوی گۆشەگیرکردنی قورس لە بەریەک هەڵوەشاونەتەوە'

هەنگاو و دۆخێکى گرنگە، کە سی پی تی سیستمی ئیمراڵی وەک سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی قورس پێناسە کردووە. ئەوە بەو مانایە دێت و یانی ئەوانەى کە رۆڵیان لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی سیستمی ئیمراڵی دا هەیە، ئیدی ناتوانن خاوەنداری لەو سیستمەیان بکەن و بیپارێزن. بۆیە هەموو هۆکار و ئارگۆمێنتەکانی گۆشەگیرکردنی قورس لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە. دەرگاکانی ئیمراڵی شکاون. بناغەى ئایدۆلۆژیکی و سیاسیی نەماوە. هەر چۆن هۆکارە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانى قڕکردن و سڕینەوەى سەر کورد ریسوا بووە، تەنها بە زۆرداری سیستمی قڕکردن و سڕینەوە بەڕێوەدەبرێت؛ هەمان دۆخ لە ئیمراڵیش روویداوە. ئەوەش تێکۆشان بۆ ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ زیاتر زەق و بەرجەستە کردووەتەوە. هێرشەکانی فاشیستی قڕکەر قورسن، بەڵام ئازادیی گەلی کرد و رێبەر ئاپۆش نزیکە. هەژاندنی سیستمی ئیمراڵی هەڵگری ئەو مانا سیاسی و ئایدۆلۆژییەیە.

راپۆرتەکەى سی پی تی وەک پێویست و تێرکەر نییە

ئەو راستییە دەسەپێنێت، تێکۆشانی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە هەناوی یەکتردان و بە بڕیار و پێداگرییەوە بەڕێوەدەچێت. بێگومان راپۆرتەکەى سی پی تی گرنگیش بێت، بەڵام تێرکەر و وەک پێویست نییە. بەرپرسیاریی ئەوانە کە داوا بکەن کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت، بەڵام چاوەڕوانی لە سی پی تی بۆ هەنگاوێکى لەو جۆر وەک خۆ پاککردنەوە و دەرچوونە لە ژێر باری بەرپرسیارێتی، هەر چۆن راپۆرتەکە لە ئەنجامی تێکۆشانێکى گەورەدا ئامادە کرا هەر بەو شێوەیەش کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی رێبەر ئاپۆ و بەدیهێنانی ئازادییان بە تێکۆشان دەبێت. سی پی تی سیستمی ئیمراڵیی وەک سیستمی گۆشەگیریی قورس و سیستمی ئەشکەنجە پێناسەکردووە. ئەوەى دەکەوێتە سەر شانی گەلەکەمان و هێزە دیموکراسییەکان ئەوەیە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری، کە بەهۆی ئەو راپۆرتەشەوە زیاتر مافداربوونی، رەوابوونی و بەهێزبوونی دەرکەوتووە، گەورەتر بکرێت، ئەوەش ئازادیی رێبەر ئاپۆ نزیکتر دەکاتەوە. سی پی تی تەنها بەو تێکۆشانە دەتوانێت هەندێک هەنگاوی بەرەو پێش بهاوێژێت.

گۆشەگیریی رێبەر ئاپۆ وەک هێرشی قڕکردن و سڕینەوەیە بۆ سەر گەلی کورد، بۆیە ئەستەمە گۆشەگیری بە داوا و بانگەواز لاببرێت. هێرشە سیاسییەکان تەنها بە تێکۆشانی بەهێزی سیاسی دەتوانرێت تێکبشکێنرێن. بۆیە راگەیاندراوەکەى سی پی تی بەرپرسیاریی دەخاتە ئەستۆی گەلی کورد و دۆستەکانی و هێزە دیموکراسییەکان، کە لە دژی گۆشەگیری تێبکۆشن و تێکۆشان و بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ گەورەتر بکەن. کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی رێبەر ئاپۆ، پێکهێنانی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکان، بنەماڵەکان و هێزە دیموکراسییەکان تەنها بە تێکۆشان بەدی دێت. بەو شێوەیە رێبەر ئاپۆ دەتوانێت رۆڵی خۆی بۆ بە دیموکراسیکردنی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئازادکردنی گەلی کورد زۆر باشتر و کاریگەرانەتر بەجێبهێنێت. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا دەکەین لە هەموو شوێنێکدا تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ پێکەوە بەهێزتر و گەورەتر بکرێن، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکبشکێنرێت، کوردستانی ئازاد، تورکیای دیموکراتیک و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک بئافرێنرێت".

ژ.ت