کەرکوک، سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەمیرە حەمەدئەمین، رەژاک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد

لە کەرکوک لە دژی دەستگیرکردنی سەمیرە حەمەدئەمین، رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست و تیدا داوای ئازادکردنی سەمیرەیان کرد.

 ٦ی ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەمیرە حەمەد ئەمین ئەندامی تەڤگەری ئازادیی و ڕژاک و دەستگیریان کرد، لە دژی ئەو دەستگیرکردنە ئێوارەی ئەمرۆ لە شاری کەرکوک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) لە دژی دەستگیركردنی ئەندامێكیان لە شاری هەولێر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تیدا ئەو دەستگیرکردنی ئەو ژنە چالاکوانەیان ئیدانەی و شەرمەزار کرد و داوای ئازاد کردنی ئەو ئەندامەیان کرد.

مامۆستا دڵڤان ئەکردەم دەستەی بەرێوبەری رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(رەژاک)، بەناوی رێکخراوەکەوە بەیاننامەیەکی ئاراستەی ڕای گشتی کرد و لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "

گرتنی چالاكوان (سەمیرە حەمەدئەمین) رووی رەشی دەسەڵاتی دژە ژن و خیانەتكارانەی دەسەڵاتی هەولێر ئاشكرا دەكات، سەمیرە حەمەدئەمین؛ ئەندامی ئەنجومەنی رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستانە و یەكێكە لە ژنە بوێرە بەغیرەت و سەربەرزەكانی دەشتی هەولێرهەموو تەمەنی پربووە لە تێكۆشان لەدژی رژێمی بەعسی فاشی و لەدوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١وە هەتا رۆژی ئەمرۆش بێ ووچان لە تێكۆشاندا بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڵوێستێكی نانەتەوەی."

هەروەها دڵڤان ئەکرەم وتیشی: " بەرێز سەمیرە حەمەدئەمین وەك ژنێكی ئازادیخواز بەردەوام لە پێشەوەی چالاكیە جەماوەریەكاندا بووە لەدژی هەموو رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن خاوەن هەڵوێستی رادیكاڵ بووە، بەردەوام لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی ژناندا دەژی بەهەمان شێوە لەدژی هەموو هێرشی داگیركەرانی كوردستان بوێرانە لە سەر شەقام بووەوەك ژنێكی نەتەوەی و خاوەن ئیراەی ژنی ئازاد هیچ كاتێك بێ دەنگ نەبووە."

لە بەیاننامەکەی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان هاتووە: " ئەم هەڵوێستانەی ئەم كەڵە ژنە ترسی خستۆتە دڵی تەواوی هێزی دەسەڵاتدار بەتایبەتی (پەدەكە) چونكە پەدەكە پارتیەكی دژە ژن و دژە دیموكراتی و دژە نەتەوەیە، بۆیە ساڵانێكی زۆرە بەهەموو شێوەیەك هێرش دەكەنە سەر ئەم ژنە بەهێز و سەربەرزە و هەموو رێگەو رێبازێكی چەپەڵی دوژمنكارانەیان لەسەر ئەم ژنە چالاكوانە تاقی كردۆتەوە ئەنجامیان نەگرتووە. سەرانی پەدەكە بێ چارەماون (سەمیرە حەمەدئەمین) نەبەپارە نەپێدانی پۆست نەبە چاوسوركردنەوە نەبەهەرەشە بەهیچ شێوەیەك نەیاتوانیوە ئیرادەی بشكێنن. هەربۆیە چەكدارانی (پەدەكە) روو رەشانە بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ داب و نەریت و کلتورێکی سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی بكەن لەرۆژی ٦-٨-٢٠٢٠ هەڵدەكوتنەسەر ماڵی چالاكوان (سەمیرە حەمەدئەمین) بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەكییاسای ئەم ژنە چالاكوانە دەخەنە زیندانەوە."

ناوبراو لە بەیاننامەکەدا وتیشی: " ئاشكرایە جگەلە سەمیرە حەمەدئەمین ماوەیەكە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بەهۆكاری ترس لە پێش كەوتنی ئیرادەی ئازادانەی خەڵك و لەپێناوی پێكهێنانی ئەركە نۆكەرایەتیەكانی دەستی بەرەشبەگیركردووە چەندین چالاكوانی سیاسی و مەدەنی دەستگیركردووە كە ژمارەیەكیان ئەندامی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستانن. ئەم هێرشانە رووی رەشی دەسەڵاتی (پەدەكە) زیاتر ئاشكرا دەكات، هەر لەچوارچێوەی رەشبگیریەكاندا چالاكوانێك بەناوی بەهار كە تەمەنی ٣٠ ساڵە و كەسایەتییەكی سەربەخۆیە و بۆماوەیەكی كەم لەهەندێك چالاكی لەدژی توندوتیژی بەشداری لەچالاكیەكانی ژناندا كردووە و لەكاتی هێرشی لەسەر عەفرین وەك كەسایەتیەكی سەربەخۆ بەشداری لە گروپی ژنانی باشور بۆ خاوەندەركەوتن لە رۆژئاوا كردووە، بەڵام پاشان بەهۆی هەرەشە و هێرشەكانی (پەدەكە)وە، نەیتوانیوە بەردەوام لەچالاكیدا بێت. ئاشكرایە ئەو گروپانەی چونەتە رۆژئاوا نوێنەری ژنانی هەموو لایەنەكان بەشداربوون جگە لەنوێنەری ژنانی (پەدەكە)

خەڵكی شاری هەولێر شاهیدی ئەو راستیانەن لەماوەی رابردووشدا چەندین ژنی چالاكوان لەلایەن پەدەكە رووبەرووی زیندان و هەرەشە و تۆمەتی نابەجێ كراونەتەوە بەنمونەش رۆژنامەنوس(نیاز عەبدوڵا) و چەندین ژنی چالاكی تر.".

سەبارەت هەڵوێستی رەژاک دلڤان ئەکرەم وتی: ''ئێمە وەك رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان وێرای شەرمەزاركردنی ئەو كارە هۆڤانانەی دەسەڵاتدارانی (پەدەكە). لە کاتێکدا رێکخراوەکەی ئێمە بە فەرمی مۆڵەتی لەلایەن حوكمەتی هەرێمی كوردستان و حوكمەتی عێراقەوە پێدراوە. تەمەنێكی درێژە لە هەولێر و هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و ئێراق لە کار و چالاکیداین. تەواوی خەڵكی هەولێر شاهیدی ئەو راستیەن كە رێكخراوەكەمان تاكە رێكخراوە لە پێشەنگایەتی (سەمیرە حەمەدئەمین ) و چەندین چالاكوانی ترماندا و لە شاری هەولێردا تاكە رێكخراوین كە زۆرترین چالاكیمان بۆ خزمەتكردن بە مافەكانی ئەنجامداوە. بەتایبەتی لەدژی توندوتیژی و لەشفرۆشی و لەدژی كوشتنی ژنان و لەدژی دەستدرێژی كردنە سەر منداڵان و لەدژی داگیركاری چالاكیمان ئەنجامداوە. راستیەكی حاشا هەڵنەگرە ئەم هێرشە هۆڤانانەی دەسەڵاتی هەولێر تەواو لە خزمەتی داگیركاراندایە و هەڵوێستێكی نۆكەرایەتیە. ئامانجیانەیەك ژنی كارا و ئاكتیف نەمێنێت كە روی رەشی دەسەڵاتی گەندەڵ و نادیموكرات ژنكوژ ئاشكرا بكات."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی رێکخراوەکانی ژنان و لایەنی پەیوەندی دار کرد کە بریتیبوون لەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم/ رێكخراوەكانی ژنان و كەسایەتی و چالاكوان ودیموكراتخوازان كە بەزووترین كات هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن و بێدەنگیەكانیان بشكێنن.

دووەم/ داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەین بەتایبەت سەرۆكی پەرلەمان (رێواس فایەق) وەك ژنێك بەزووترین كات سنوور بۆ ئەم هێرشە دابنێت و پەرلەمان كۆببنەوە و خاوەندارێتی لەژنانی چالاكوان و كەسانی خاوەن هەڵوێست بكەن تەواوی گیراوان ئازادبكەن.

سێ –یەم/ داوا لەهەمو خەڵكی خاوەن هەڵوێست دەكەین كە زۆرترین فشار دروست بكەن لەپێناوی ئازادكردنی تەواوی گیراوانی سیاسی.

چوارەم/ داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤی ئەوروپا دەكەین لە بەرامبەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ.

پێنجەم/ ئێمەش وەك رێكخراوەكەمان بێدەنگ نامێنن لە پێناوی ئازادی چالاكوان "سەمیرە حەمەدەمین" و تەواوی گیراوانی سیاسی و مەدەنیدا بەردەوام لە چالاكیدا دەبین و تەواوی مەلەفی رەشی دەسەڵاتی گەندەڵی شاری هەولێر ئاشكرا دەكەین و بێ وچان لە تێكۆشاندا دەبن بۆ ئازادی سەمیرە حەمەدئەمین و هەموو گیراوانی سیاسی. تا گەرەنتیكردنی ئازادی هەموو ژنان و تەواوی كۆمەڵگا بەردەوام لە تێكۆشاندا دەبین.

ز.ش