کەسایەتی تێکۆشەری شاری کەرکوک، هاشم مەلا عەلی کۆچی دوای کرد

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان هاشم مەلا عەلی کە تێکۆشەرێکی چەپی شاری کەرکوک بوو دوای مڵملانیەکی زۆر لەگەل نەخۆشیدا کۆچی دوای کرد.

سەرلەبایەنی ئەمرۆ شەممە ٢٢ی ئاب، شۆرشگێر و تێکۆشەر و خەباتکاری شاری کەرکوک هاشم مەلا عەلی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان دوای مڵملانێیەکەی زۆر لەگەل نەخۆشی شەکرەدا، ئەمرۆ دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکوک کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی بۆ دواجار چاوەکانی داخست ماڵئاوای کرد.

هاشم مەلا عەلی لەساڵی ١٩٥٣ لەگوندی قەرەسالم لەناوچەی شێخ بزێنی شاری کەرکوک چاوی بۆژیان هەڵهێنابوو، ناوبراو لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە تێکۆشان و خەبات کردووە و پەیوەندی کردووە بە یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستانکە دەکاتە رێکخراوی گەنجانی حزبی شیوعی لە یەکێتی گشتی قوتابیانی کوردستان کارو چالاکی زۆری ئەنجامداوە،

هەروەها  هاشم مەلا عەلی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لەشاری کەرکوک لەگەل شانە نهێنیەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک کاری کردووە و لەبواری سیاسیشدا رۆلێکی زۆری هەبووە هەمیشە پاڵپشتی خەباتی هەر چوار پارچەی کوردستانی کردووە بۆ خەباتی دیموکراتی و ئازادی تێکۆشانی کردووە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩ دەکرێتە بەرپرسی ناوەندی کەرکوکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، لەماوەی ١١ ساڵی کارکردنی وەکو بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بەردەوام لە خەمی دۆزی کوردا کاری کردووە لەگەل لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک و بەردەوام باوەری هەبووە کە بە رێگەی سیاسی کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت.

مەریوان خورشید کە دەکاتە جیگیری هاشمی مەڵا عەلی ماوەی ١١ ساڵە لەگەل ناوبراو کار و خەباتی کردووە سەبارەت بە کەسایەتی هاشم مەلا عەلی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " هاشم مەلا عەلی کەسێکی خەمخۆری شاری کەرکوک بووە و بەردەوام باوەری بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بووە بە رێگای سیاسی، وە چەندین جار حزبە دەسەڵاتدارەکانی کەرکوک داوایان لێکردووە کە ببێتە کاندیدی ئەوان و دەیکەنە سەرۆك لیست بەلام ئەو وەکو تێکۆشەرێکی چەپ بەردەوام ئەو داواکارییانەی ڕەتکردۆتەوە، سەرەرای ئەوەی بەقورسی نەخۆش بوو بەڵام بەردەوام بە هێژانەوە کارو خەباتی دەکرد."

مەریوان خورشید ووتیشی: " هەموو کات خەمخۆرانە باوەری تەواوی بە تێکۆشانی هەرچوار پارچەی کوردستان هەبوو پیوابوو هەموو ئەو حزبانەی لەپێناو کوردستان تێدەکۆشن هەوڵی بەرچاویان هەیە بۆ ئازادی نەتەوەکەیان، بەردەوام دەیگوت دەبێ ئێمەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان یەک بگرین دژ بەوانەی هەوڵی سرینەوەی شوێنەوار و ناسنامەی کورد دەدەن."

ناوبراو ووتیشی: " لەدەستدانی هاشمی مەلا عەلی کەلێنیکی گەورەی لەنێو بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان دروست کرد کە ئەو کەلێنەپڕ ناکرێتەوە و لەدەستدانی ئەو تێکۆشەرە کاریگەری لەسەر دۆزی کورد دەبێت لەشاری کەرکوک چونکە بەردەوام لە کۆر و کۆبوونەوەکان جەختی لە بوون و ناسنامەی کورد لەم شارە کردووە."

لە کۆتایدا سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنی هاشم مەلا عەلی، مەریوان خورشید جێگری بەئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " داوی مڵملانیەکی زۆر لەگەل نەخۆشی شەکرەدا ئەمرۆ دۆخی خراپ بوو داوی گەیاندنی بە نەخۆشخانە ئازادی لەشاری کەرکوک بۆ دواجار چاوەکانی داخست و ماڵئاوای کرد، ئێمە وەکو ئەندامانی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان پی دەلین روحت شادبێت هاورێی ئازیز و تێکۆشەر، هاشم مەلا عەلی ئاواتی ئەوە بوو کورستانێکی ئازاد بژێت بەلام پێش هاتنە دی ئاواتەکەی بۆ دواجار ماڵئاوی لە گەل و خاکەکەی کرد."

ز.ش