کەمپینی 'ئازادیی ئۆجالان زامنی چارەسەری و سەقامگیریە' رادەگەیێنرێت

کەسایەتیی ئەکادیمی و توێژەر و چالاکوانانی باشوری کوردستان لە ژێر ناونیشانی "ئازادیی ئۆجەلان زامنی چارەسەری و ئاشتی و سەقامگیریە" کەمپینێک بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد ڕادەگەیەنن.

وا بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر ٢١:٠٠ بە کاتی باشوری کوردستان کەمپینێک لە ژێر ناونیشانی "ئازادیی ئۆجەلان زامنی چارەسەری و ئاشتی و سەقامگیریە" ڕابگەیەندرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

ئەم هەنگاوە بە پێشەنگایەتی ئەکادیمی و توێژەر و چالاکوانانی باشوری کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئامادەکاری بۆکراوە کە ئەمشەو کاتژمێر ٢١:٠٠ بە کاتی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پەیجی هێزی گەل، ستێرک تیڤی، پەیجی ڕۆژنیوس خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداری لەو کەمپینە بکەن.

هاوژین مەلا ئەمین مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی یەکێکە لەو کەسانەی ئامادەکاری کەمپینەکەی کردوە، دەربارەی ئەم کەمپینە بە ئاژانسی هەواڵی فورات- ANFی ڕاگەیاند:" لە بنەڕەتدا کەمپینەکە پەیوەندی بە دۆزی بەڕێز ئۆجەلان خۆیەوە هەیە کە دۆزی گەلی کوردە. کەمپینەکە پەیوەندی بە گۆشەگیرکردن و ئەو بارودۆخە سەختەوە هەیە کە لە ئیمڕاڵی بەڕێوە دەچێت، لە کاتێکدا سەرکردەیەک وەکو بەڕێز ئۆجەلان گەرەنتی سەقامگیری و ئاشتیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمە لە ناونیشانی ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژەمان بەوە کردوە. لە لایەکی دیکەوە بێگومان گرینگیی ئەو کەمپینە لە ئێستادا پەیوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی دۆزی کوردی تێدا تێدەپەڕێ، پەیوەندی بەو لەشکرکێشی و داگیرکاری و پەل هاویشتنەی تورکیاوە هەیە. هەموو ئەو بارودۆخە هەستیارەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و ئەو پیلانگێریە گەورە نێودەوڵەتیانەی لەسەر ئەم ناوچانە بەڕێوە دەچێت بە تایبەتی پێشێلکاری و دەست درێژی دەوڵەتی تورکیا، هەموو ئەمانە دۆخێکی بەو شێوەیەیان هێناوەتە ئاراوە کە زیاتر لەهەر کاتێک هێنانەوە بیری سەرکردەیەکی وەکو ئۆجەلان و ئەو بارودۆخە لە ئیمڕاڵی بەڕێوە دەچێت و گۆشەگیرکردنی بەڕێز ئۆجەلان لە پەیوەندیدا بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکی ببینێت بۆ چارەسەرکردنی هەمو ئەو کێشانە و دۆزی ئاشتی و ئاسایشی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گرێدراوە بە ئاسایشی جیهانیشەوە".

هاوکات هاوژین مەلا ئەمین لە بارەی کەمپینەکەوە بانگەوازی لە هەموو ڕۆشنبیران، نوسەران، هونەرمەندان و هاوڵاتیان لە هەرچوار پارچەی کوردستان و خەڵکی ئازادیخواز و ڕزگاریخواز و خاوەن هەڵوێست لە نەتەوەکانی دیکە کرد کە پەیوەست بن بەو هەڵوێستەوە و ڕایگەیاند:"خۆشبەختانە لەو ڕوەوە پەیوەندیمان کردوە و ئامادەیی باش هەیە و بینینێکی ڕاستەقینە هەیە باشتر لە جاران بۆ هەل و مەرج و بارودۆخەکە. داوا دەکەین هەمووان پەیوەست بین بەو کەمپینەوە و تا ئاستێکی زۆریش هاوشانی هەندێک کەمپینی نێو دەوڵەتیە، پێویستە هەمووان پشتگیری ئەم کەمپینە بکەین و کەمپینەکە بگاتە ئەو جێگەیەی کە پێویستە ببرێت و هەڵوێستێکی ڕاستەقینە بەرامبەر ئەو نا دادپەروەریە و ئاستەنگکردنانەی ئاشتی و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەوڵەتی تورکیا و ئەو هێزانەی کە گرێدراوی ئەون پێشڕەوی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. پێویستە هەڵوێستێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانەوە هەبێت بەرامبەر بەو داگیرکاری و پێشێلکاریانە . پێویستە هەمومان بەیەکەوە دۆزی ئاشتی لەم ناوچەیە بەرینە پێشەوە، چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە کە بەشداری لە کەمپینەکەدا و بەدەنگەوە هاتنی کەمپینەکە لەو ئاستەدا بێت کە بتوانێت هەنگاوێک بمانباتە پێشەوە و بتوانێت کاریگەریەکی ڕاستەقینە دروست بکات".

ز.ش