کەنەکە: ئازادی و ستاتوی ڕۆژئاوا داهاتووی هەموو کوردێکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەنجامنامەی ١٩مین کۆنگرەی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئازادی و ستاتوی ڕۆژئاوا داهاتووی هەموو کوردێکە.

کەنەکە ئەنجامنامەی ١٩مین کۆنگرەی خۆی کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجامیدا ئاشکرا کرد.

لە ئەنجامنامەی کەنەکەدا ڕاگەیەنرا، ١٩مین کۆنگرەی کەنەکە لە سەر بناغەی دەستکەفتەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی کەنەکە بنیاتنراوە.

ئەنجامنامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردسیان (کەنەکە –KNK) بەم شێوەیەیە:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بیستەمین ساڵی بەڕێکرد. ك ن ك  لە ماوەی ئەو ٢٠ سالەدا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و  ئاڵۆزیەکانیش، توانی لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ولات، بوونی خۆی بسەلمێنێت و ئامادە بێت. بیست ساڵە بێ پسانەوە بۆتە ناوەندێک تاکو پرسی یەکێتی نەتەوەیی لە رۆژەڤی کۆمەلایەتی و سیاسیی کوردستاندا زیندوو رابگرێت. بە رەنجی سەدان ئەندام و بەشداربوو لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا، ك ن ك توانی ببێتە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و تایبەت لە کوردستاندا. لەم سالانەی دواییدا، نەک هەر لە دەرەوەی وڵات، بەڵکو توانی لە باشوورو رۆژاوای کوردستانیش خۆی رێکبخات و بنکەی خۆی دابمەزرێنێ. بە کۆبوونەوەی راوێژ و کۆنفرانسەکانی توانی خزمەتی زۆر بە باکورو رۆژهەلاتی کوردستانیش بکات. رێژەی بەشداری ژنان لە کۆنفرانس و وتووێژەکاندا کارێکی وای کرد کە دەنگ و رەنگی ژنان لە ك ن ك دا تا ئاستێکی زۆر زیاتر دیار و کاریگەر بێت و لە پرسی نەتەوەییدا رۆڵ و پێگەی زیاتریان هەبێت. لەو بارەیەوە بە دەستپێشخەریی ك ن ك کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کوردستان بەڕیوەچوو.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نەک بە تەنیا پرسی کوردستان، بەڵکو پرسی گەلانی ناو کوردستانیشی هێنایە ناو رۆژەڤی خۆیەوە. پرسی گەلی ئاسوری-سریانی -کلدانی، عەرەب، تورکمان، چیچەن ..هتد، بوون بە بەشێک لە رۆژەڤی ك ن ك.

هەروەها باوەڕدارانی ئاین و ئایزا جیاوازەکانی کوردستان وەک شیعە، یارسان، عەلەوی، کریستیان، زەردەشتی و مەزهەبە جیاوازەکانی ئیسلام، بە هەوڵی ك ن ك،  لە سیاسەتی کورستاندا بوون بە خاوەن دەنگی خۆیان. ك ن ك گرنگیەکی تایبەت بە زمان و کلتوری کوردی ئەدات. رۆژی ١٥ی گولان وەک رۆژی زمانی کوردی دەستنیشانکردووەو زۆرێک لە رێکخراوی جۆراو جۆر ئەوەیان پەسەند کردووە.

ك ن ك لەسەر کۆمەڵکوژیی دەرسیم، هەڵەبجەو ئەنفال، مەرەش و فەیلییەکان و جینۆسایدی سەر گەلی کوردستان، چەندین کۆنفرانسی لە ناوەندە نێودەولەتییەکاندا رێکخستووە. بۆەوەی سەرنجی رای گشتیی جیهانیی راکێشێتە سەر ئەو کۆمەڵکوژیانە کارو خەباتێکی دیپلۆماسی زۆر بەڕێوەئەبات.

لە ئاستی خەباتی دیپلۆماسیی نێونەتەوەییدا، ئێستا ك ن ك خاوەن پێگەیەکی جددی و گرنگە. لە زۆر دەزگەو شوێنی جیهاندا لە ئاستی دیپلۆماسیدا وەک نوێنەری  دۆزی کوردستان دێتە ئەژمار و مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت. لە ناو سیاسەتی کوردستانیشدا هاوسەنگیەکی پێکهێناوە. ک ن ک توانیویەتی بەشێکی زۆری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێنێتە ناو سیاسەتی نەتەوەییەوە. بەم کارەش خەڵک و سیاسەتی لێکنزیککردۆتەوە.

لەسەر بنەمای ئەم دەسکەوتانە، ک ن ک لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندیدا، نۆزدەمین جڤاتی گشتیی خۆی بەڕیوەبرد. جڤاتی گشتیی ک ن ک بە بەشداریی نزیکەی ٣٥٠ ئەندام و میوان لە رۆژانی ١٨و١٩و٢٠ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو. لە هەرچوارپارچەی کوردستان، لە سەرانسەری ئەروروپاو ئەمەریکاو کەنەداو ئوسترالیا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، ئامادەی کۆبوونەوەکان بوون. هەروەها گەلێک میوان لە باشوور و رۆژاوای کوردستانیشەوە بەشداربوون. هەندێک پارتی کوردستانیی بۆ جاری یەکەم بەشداریی جڤاتی گشتیی بوون و پشتگیریی ک ن ک یان کرد. ئەمساڵ داخوازیی بۆ ئەندامبوون لە ک ن ک دا، لە هەر ساڵێک زیاتر و بەجۆشتر  بوو.

١٩مین جڤاتی گشتیی ک ن ک لە هەلومەرجێکی دژاواردا کە تورکیا سەرکێشیی شەڕێکی سەخت لە دژی رۆژاواو باکورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەکات، بەڕیوەچوو. هەر لەبەر ئەوەش هێرشی داگیرکارانەی دەوڵەتی تورکیا بوو بە مژاری سەرەکیی جڤاتی گشتیی. هەموو بەشداربووان هێرشەکانی تورکیایان وەک هێرش بۆ سەر بەهاو دەستکەوتەکانی هەموو کوردستان لەقەلەم دا. هەموو پارت و رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان لە جڤاتی گشتیدا، ناکۆکییەکانی خۆیان وەلاوە ناو بە یەکدەنگ هەڵوێستێکی نەتەوەییان دژی داگیکاریی پیشاندا. هەموو بەیەکدەنگ وتیان " ئازادی و پێگەی رۆژاوای کوردستان، داهاتووی هەموو کوردستانە".

ئەمڕۆ گەلی کورد بە خەباتی بێوچانی خۆی بۆ ناسنامەو هەبوون و پێگەی سیاسی ، کەوتۆتە ناو رۆژەڤی سەرەکیی دنیاوە. تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردان بووە بە هێمای ئەخلاق و ویژدانی مرۆڤایەتی. بە تایبەتیش خاوەندارێتی لە تێکۆشانی ئازادیی رۆژاوای کوردستان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕیوەو بۆتە موڵکی هەموو جیهان. لە هەرچوارلای دنیاوە خەڵک ئەڵێن " رۆژاوا هی ئێمەیەوە ئێمە هی رۆژاواین".

دەولەتی تورکیا لە دژی گەلی ئێمەو پێکهاتەکانی رۆژاوای کوردستان، شەڕێکی سەخت و بە پیلان بەڕێوەئەبات. کاتێک مرۆڤ سەیری نەخشەو پلانسازی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەکات، بە ئاشکرا دیارە کە ئەیەوە "میساقی میللی " ساڵی ١٩١٩ بچەسپێنێت. لە پلانی ئەواندا خاڵەکانی میساقی میللی هەیە. هەربۆیە کۆمەڵکوژیی کوردان بۆ خۆیان بە رەوا ئەبینن. سەرەککۆماری تورکیا بە ئەشکرا ئەڵی من لە ساڵی ٢٠٢٣دا، واتا لە ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی تورکیادا، تورکیا گەورەتر ئەکەم. من سنووری تورکیا فراوانتر ئەکەم. هەروەک چۆن لە شەڕی یەکەمی جیهاندا، درووستکردنی دەوڵەتی تورکیا بە کۆمەڵکوژیی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی و سەدان هەزار ئاسوری-کلدانی-سریانی پێکهات، لەم قۆناغەشدا ئەیەوێ سنووری دەولەتەکەی بە کۆمەڵکوژیی کوردان فراوان بکات. بەڵام ئەو سنوورەی ئەوان ئەیانەوێ بیگۆڕن، خاکی کوردستانە. کورد بە تێکۆشانێکی مەزن لە رۆژاوا و باشور و باکور، ستراتیژیی فراوانکردنی سنووری تورکیا ئاستەنگ ئەکەن. هەر لەبەرئەوەشە کە ئەوان سترتیژی خۆیان لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژیی کوردان رێکخستووە. ئێستا دەولەتی تورکیا راستەوخۆ لە دووپارچەی کوردستان لە شەڕدایە. لە باشووری کوردستانیش زەمینەیکی سەربازیی، سیاسی،ئابووری، کلتوریی، دیپلۆماسی و جاسوسی بۆخۆی رەخساندووە. هەرەوەها لە باشووری کوردستان ئەیەوێ بە شەڕی تایبەت ناکۆکی بخاتە نێوان هێزە سەرکییەکانی کوردستانەوە، بەو مەبەستەی شەڕی براکوژی بخوڵقێنێ. بەڵام لەو بارەیەوە ناتوانێ ئەنجامێک بەدەست بخات. لەبەرئەوەی هەموو پارت و هێزە سیاسییەکان راستیی ئامانجی دەوڵەتی تورکیا تێئەگەن.

هەروەک لە ٩ی ئۆکتۆبەردا دەرکەوت کە کوردستان لە چەقی سێیەمین شەڕی جیهانیدایە، لە درووستکردن و تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسیی هەرێمی و ناودەولەتیشدا، هەڵوێستی کوردان یەکلاکەرەوەیە. کورد ئێستا خاوەنی ستراتیژ و تاکتیکی رێکوپێکن. لەم سەدەیەدا دەرفەتێکی زۆر هەیە کە کوردان ببنە خاوەن پێگەو قەوارەی خۆیان. هەر لەبەر ئەوەشە کە کوردان نەبنە خاوەن پێگەو قەوارەی خۆیان، دەوڵەتی تورکیاو ئێران هێرشەکانی خۆیان فراوانتر کردووە.

ئیدی یەکێتی نەتەوەیی بۆ پاراستینی گەل و ولات ئەرکێکی هەرە گرنگە. بۆیە پێویستە لە دەرفەتێکی هەرە نزیکدا کۆنفرانسی نەتەوەیی بە مەبەستی داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی بەڕیوەبچێت. لە ١٩مین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا داخوازیی بۆ رێکخستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی کرا کە ک ن ک بانگەوازیی بۆ بکات و  ئامادەکارییەکانی بخاتە ئەستۆی خۆی.

لە ١٩مین جڤاتی گشتیدا لەسەر داخوازیی بەشداربووان هەندێک گۆڕانکاریی لە پەیڕەوی ناوخۆی ک ن ک دا کرا. ژمارەی سەقفی ئەندامانی ک ن ک بەپێی پەیڕەوی کۆن ٣٠٠ ئەندام بوو. بە گۆڕینی خاڵی پەیوەندیدار ٥٠ کەسی تر زیاد کرا. ئێستا ئەو ژمارەیە ٣٥٠ ئەندامە.

هەروەها لە جڤاتی گشتیی ئەمساڵدا هاوسەرۆکانییش گۆڕان و هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێردران. لە جڤاتی گشتیدا بەڕیزان زەینەب موراد زۆراب و ئەحمەد کاراموس بە هاوسەرۆکانی ک ن ک بۆ خولی ٢٠١٩-٢٠٢١ هەڵبژێردران.

بۆ کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش بۆ خولی ٢٠١٩-٢٠٢١ ئەم بەڕێزانەی لە خوارەوە ناویان نووسراوە، هەڵبژێردران:

١. زوبێر ئایدار

٢. شەهلا حەفید

٣. نیلۆفەڕ کۆچ

٤. رەفیق غەفور

٥. بەهزاد پیرموسا

٦. رامان مەجید

٧. لەیلا بیرلیك

٨. کوێستان داودی

٩. ئەکرەم حیسۆ

١٠. مەجید حەسۆ

١١. فؤاد جەمال سەلام

١٢. سەعید ساعیدی

١٣. نوعمان ئۆگور

١٤. رودی مەلەک

١٥. ئامینە راد

 

جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

١٨،١٩،٢٠ – ١٠ - ٢٠١٩