کەنەکە: با بەکرێگیراوانی سەر بە تورکیا، شەڕی عەفرین نەکەن

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ کەنەکە، بانگەوازی و هۆشدارینامەیەکی ئاڕاستەی بەکرێگیراوانی سەر بە تورکیا دەکات بەشداری شەڕی عەفرین نەکەن.


 
(سیاسەتی کورد بە کورد بە کوشتن بدە پەیڕەو دەکات)

 کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ کەنەکە، لە بانگەوازی و هۆشیارینامەیەکەیدا ڕایگەیاندووە:"سیاسەتی کورد بە کورد بە کوشتن بدە پەیڕەو دەکرێت. ئەمەش ئەو سیاسەتە چەپەڵە کۆنەیە کە بەردەوام داگیرکەرانی کوردستان لە ناویاندا دەوڵەتی تورکیا پەیڕەویان کردوە، ئەو ڕژێمە بە هەموو توانای خۆیەوە درێژەی بە ئەم کارە داوە. حکومەتی ئاکەپەی هاوپەیمانی ئەرگەنەکۆن، ئەردۆگان و باخچەلی بە نیازن جاشە کوردەکان بنێرن بۆ شەڕی ئەفرین. ئەیانەوێ جارێکی دی کوردان بە دەستی یەکتر بە کوشت بدەن. ئەوە دەیان ساڵە تورکیا ژمارەیەک کوردی چەکدار کردووە و بۆ مەرامی خۆیا بەکاریان دێنێ. لەم رێگایەشەوە خەنجەری لە پشتی کوردان داوە".

(بەکرێیراوەکان لە خیانەت دەگلێنێ و دژی کورد بەکاریان دەهێنێ)
 
کەنەکە، جەخت دەکاتەوە:"تورکیا ئەو کەسانە بۆ پیلانە چەپەڵەکانی خۆی بەکاردێنێ. بە جۆرێک کە ئەو چەکدارانە لە باکوری کوردستان بوون بە هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەت. ڕۆڵی ئەوانە هەمیشە خیانەت بووە بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان. تەنیا بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، ئەم ئەرکە نەگریس و خیانەتکاریەیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان. لە پرۆسەی خەباتی ئازادیی باکوری کوردستاندا، ئەم کەسانە هەمیشە شانبەشانی سوپای تورکیا، ڕووی چەکەکەنیان کردۆتە گەلی خۆیان".

(تورکیا بەکرێگیراوە کوردەکان دەنێرێ بۆ شەڕی عەفرین)

کەنەکە، ئاشکرای کردوە:"ئێستاش دەوڵەتی تورکیا بە نیازە ئەو جاشە کوردانە بنێرێتە بەرەکانی شەڕی ئەفرین و ئەو کەسانە لە خیانەتێکی ترەوە بگلێنێ. ئەم کارەش بۆ دەوڵەت لە دوو لاوە لە ناوبردنی کوردانە. ئەمەش ڕق و کینەی قووڵی تورکیا بەرامبەر کوردان دەردەخات. پێویستە ئەو چەکدارانە ئەم نییەتە گڵاو و نەیارانەی دەوڵەت باش بزانن، خۆیان نەکەنە بەشێک لە ئامێری کوشتوبڕی ئەو دەوڵەتە دژە مرۆڤایەتییە".
 
(هۆشداری دەداتە بەکرێگیراوە کوردەکان نەچنە عەفرین)


کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ کەنەکە، ئەو چەکدارانە هۆشیار دەکاتەوە:"تا نەچنە ئەفرین. چیدی نەبنە داردەستی دەوڵەتی تورکیا و خوێنی خەڵکی خۆیان نەڕێژن. ئەگەر کەسانێ لەوانە بیانەوێ ئەو رێگا چەوتە بگرنەبەر و ببنە هۆکاری کوشتنی خەڵکی خۆیان، ئەوا تاوانێکی یەکجار گەورە بەرامبەر گەلەکەیان دەکەن و دواجار دەکەونە بەر نەفرەت و سزای گەل".

(لە شەڕی ئەفریندا ڕووی ڕەش و  سپی دەردەکەوێت)

کەنەکە، ڕایگەیاندوە"پێویستە ئەو ڕاستییە بە ڕوونی بزانرێت کە تورکیا بە هێرشکردنە سەر ئەفرین شەڕ لە دژی هەموو کوردان دەکات. هێرشێکی ناڕەوا و دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان ئەنجام دەدات. هەر بۆیە پێویستە بەرامبەر ئەم ناڕەواییە هەموو کوردان هەڵوێستێکی روون و ئاشکراو بەهێزیان هەبێت. لە شەڕی ئەفریندا تەنیا دوو جۆر ڕوو دەردەکەون، ڕوویەکی سپی و ڕوویەکی ڕەش. ئێمە وەک کەنەکە دلنیاین کە کوردان لەو شەڕەشدا ڕووی سپی خۆیان نیشان دەدەن. شەڕی ئەفرین لە ئەنجامدا ڕووەکان ئاشکرا دەکات. یان ئەوەتا لە سەنگەری خەڵکدا ئەبیت و دژی هێرش و داگیرکاریی دەوەستیتەوە، یان ئەوەتا بێدەنگ و بێهەڵوێست دەمێنیتەوە و ڕەفتارێک پیشان نادەی کە شایانی دۆزی کوردستان بێت. ئەفرین سیمای نیشتیمانپەروەرییە. سەنگەرەکانی ئەفرین هەموو کوردستان ئەپارێزن. لە شەڕی ئەفریندا نیشتیمانپەروەریی ڕووخساری ڕاستینەی خۆی پیشان دەدات".

(کوردانی هاوکاری تورکیا دەبێت بگەڕێنەوەی ڕیزی گەل)

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە، لە کۆتایی بانگەوازی و هۆشداینامەیەکەیدا، ئەو کوردانەی لە شەڕی ئەفریندا پشتگریی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، ئەو کوردانەی لەناو پارتەکانی ئەو ڕژێمە دان، وریا دەکاتەوە تا بە زووترین کات بگەڕێننەوە جێی خۆیان و لەناو گەلی خۆیاندا جێ بگرن و ڕایگەیاندوە:"لە شەڕی ئەفرین دا ئەبێ دەوڵەتی تورکیای هێرشکار تێکبشکێت. لە شەڕی مان و نەمانی ئەفریندا ئەبێ کورد و هاوپەیمانەکانی سەربکەون. دەبێت کوردان بێهەڵوێست نەمێنن. بە هەرشێوازێکی بۆیان ئەکرێت دژی هێرش و داگیرکاریی تورکیا بوەستن و پشتگیریی گەلی خۆیان لە ئەفرین بکەن.

هـ.هـ