کەنەکە بانگەوازێکی لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە

کەنەکە ڕایگەیاند، نان و ئازادی دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ژیانن، کە لە وڵاتی ئێراندا بوونیان نییە. کەس نییە نەزانێ کە گرانبوونی بەنزین تەنیا بیانویەکە بۆ ڕاپەڕین، دەنا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لەو ڕژیمە بێزارن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوپاتدەکاتەوە، هاوکات کوشتنی هاوڵاتیان شەرمەزار دەکات و دەشڵێت، خەڵکی چاوەڕوانی هەل و دەرفەتێکن بۆ شۆڕش و راپەڕین لە دژی دەسەڵات، بەنزین بیانوویەکە، ڕاشیگەیاندووە: کوشتاری وەحشیانەی خەڵکی راپەڕیو نمونەیەکە لە کارنامەی ڕەشی ڕژیمی ئاخوندی.

ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە بەمشێوەیەیە:

راگەیەنراوی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان سەبارەت بە ڕاپه‌ڕینەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان ساڵە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی خستووەتە ژێر توندترین شێوازی کۆنتڕۆڵکردنەوە. لە راستیدا بڕستی لە هەر بزاوتێکی ئازادی و دیموکراسیخوازیی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بڕیوە. لە یەکساڵی رابردووشدا بە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دونیای دەورەوە بە گشتی ئەمەریکا بە تایبەتی دا، کەتووەتە بەردەم گەمارۆیەکی بەرین و سیستماتیکی ئابووری، دارایی و چەکداری. لەو سۆنگەیەوە تواناکانی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی دانیشتوانی ئێران بەرتەنگ و بچووک بووەتەوە. هاوکات بە هۆی ماهییەتی گەندەڵیی سیستەمی بەڕێوەبەری وڵات، باڵادەستبوونی ناوەندە سیاسی، ئەمنییەتی و چەکدارییەکانی رژێم بە سەر هەموو شادەمارەکانی ئابووری ئێران دا و پچڕینی بەشی شێری هەموو داهاتەکانی ئەو وڵاتە، بە کردەوە چینێکی مشەخۆر و سوددمەندی پێکهێناوە.

نان و ئازادی دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ژیانن، کە لە وڵاتی ئێراندا بوونیان نییە. کەس نییە نەزانێ کە گرانبوونی بەنزین تەنیا بیانویەکە بۆ ڕاپەڕین، دەنا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لەو ڕژیمە بێزارن. بۆیە خەڵکی چاوەڕوانی هەر هەل و دەرفەتێکن بۆ شۆڕش و راپەڕین لە دژی دەسەڵات و  گۆڕینی بە سیستەمێکی دیموکراسی و بەرابەری.

ڕژیمی ئێران تەنیا لە ڕێگای قەیران خوڵقاندنەوە دەتوانێ درێژە بە مانەوەی خۆی بدا. کەم قەیرانی ناوچەیی هەیە کە جێ پەنجەی ئەو ڕژیمەی پێوە دیار نەبێ. ئاکامی ئەو سیاسەت کردنە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران باجی سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕژیمە دەدەن. دەسەڵاتدارانی تاران دەبوو وەک ئاوێنە تەماشای مێژوو بکەن بەڵام هیچکات لە مێژوو پەند وەرناگرن.

گەندەڵی، دزی، سەرەڕۆیی، سەرکوتکردن و وەڵامنەدانەوەی داخوازییەکانی خەڵک، خووگرتەی ئەو ڕژیمەن. هاوکات لە جیاتی چارەسەری کێشەکان پەنا بۆ زیندان و کوشتن و پەرتەوازە کردنی چالاکوانانی حەقخواز و هاوڵاتیان دەبەن. کوشتاری وەحشیانەی خەڵکی راپەڕیوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە چەند رۆژی ڕابردوودا نمونەیەکن لە کارنامەی ڕەشی ڕژیمی ئاخوندی ئێران.

گەلانی راپەڕیوی ئێران دەبێ ئەوە بزانن کە سەرکەوتنیان لە دژی دیکتاتۆری، تەنیا لە گرەوی یەکیەتی نێوانیاندایە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکە خاوەن کۆمەڵێک ئەزموونی شۆڕشگێڕی و بەرخۆدانە، کە دەکرێ کەڵکی لێ وەربگیرێ. گەلی فارسیش دەبێ بزانن کە لەوانەیە لە کورتماوەدا قازانجی ئەوان لە چەوساندنەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا بێت، بەڵام لە درێژماوەدا ئەو چەوساندنەوە بە قازانجیان نییە و دەبێ پشتگیری داخوازییەکانی گەلی کورد  و گەلانی دی ئێران بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، پشتگیریی خەڵکی راپەڕیوی ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان ئەکات. داخوازییەکانیان بە رەوا دەبینێت و مافی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر نادادپەروەری و چەوسانەوە مافێکی بنەڕەتی مرۆڤایەتییە. دەبێ دەسەڵاتدارانی ئێران دەست لە کوشتاری خەڵکی ئێران و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگرێت. وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک بە شێوەیەکی شارستانیانە بداتەوە و لەو راستییە مێژووییە تێبگات کە داهاتوو هی خەڵکە نەک دەسەلاتی سەرەڕۆ.

 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک وێرای مەحکووم کردنی کوشتاری خەڵکی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانی، هاوخەمی لە گەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ئەم ڕاپەڕینە ڕادەگەینێ. داوا لە هەموو کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکا ت کە پشتیوانی خەڵکی خۆیان لە ڕۆژهەڵات بن.

ئەوەی کە پێویستە لە بەرچاوبگیرێ ئەوەیە کە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەر بیروباوەڕێکەوە کە هەیانە، لە دەوری یەک کۆببنەوە، یەک خوێندنەوە و بە یەک ئاراستە و یەک سەنگەرییەوە هەنگاو بنێن. تا بتوانن یەکگرتووانە پشتیوانی خەڵکی خۆیان بن و پیلانەکانی ڕژیمی داگیرکەریی ئێران پوچەڵ بکەنەوە.