ئەو گەنجانە ئینتەرناسیۆنالیستانە، کە ڕوویان کردووەتە باشووری کوردستان دەربارەی ئامانجی هاتنیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
یەک لەو گەنجانە بە ناوی ئەلیسی ئیجا لە وڵاتی فەرنساوە هاتووە و دەڵێت، لە دژی ئەو شەڕ و هێرشەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر کوردستان هاتووم بۆ ئێرە، چونکا ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کوردستان بە هەموو شێوەیەک ناڕەوا و دڕندانەیە. تورکیا دەیەوێت هەموو خاکی کوردستان داگیر بکات، بۆیە داوا لە هەموو ئازادیخوازانی دونیا دەکەم لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەبن.
ئەلیسی وتیشی، هەر کەسێکی ئازادیخواز و ئینتەرناسیۆنالیست لە هەر شوێنێکى دونیادایە و لە توانایدایە بابێت بۆ کوردستان و هاوکاریی گەلی کورد بکات لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات.
مەتیس جەمەد یەکێکی ترە لەو گەنجە ئینتەرناسیۆنالیستانە کە لە پاریسەوە هاتووە بۆ کوردستان تاوەکو لە دژی هێرش و داگیرکاریى تورکیا خۆى بکاتە قەڵغانی زیندووە.
مەتیس وتی، من لە ٢٠١٣ و کاتێک سێ ژنە تیكۆشەری کورد ساکینە جانسز و هەڤاڵەکانی شەهید کران گەلی کوردم ناسی. هەروەها لە ٢٠١٥دا هێرشی دەوڵەتى تورکیام بۆ سەر ناوچەی سوور و جزیر لە باکوری کوردستان بینی. لە دواى ئەوەش داگیرکردنى عەفرینم لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە بینی. بەو کارانەش زیاتر و روونتر دڕندەیی دەوڵەتی تورکیام بەرامبەر بە گەلی کرد بۆ دەرکەوت.
وتیشی، ئیستاش هاتوم بۆ باشووری کوردستان بۆ ئەوەی ببمە قەڵغانی زیندوو بۆ گەلی کورد و گەلی کورد بپاررێزم. داواش لە هەموو کەسانی مرۆڤدۆست لەسەرتاسەرى جیهان دەکەم، چییان لە دەست دێت ئەنجامى بدەن بۆ پاراستنی گەلی کورد، چونکە پێویستە ئێمە کورد بە تەنها بەجێنەهێڵێن و پشتیوانییان لێ بکەین.
ر.م