گەریلاکانی مەلەکەپە: باشووری کوردستان لە داگیرکەریى تورکیا دەپارێزین

گەریلاکانی (مەلەکەپە فەسک) ئاشکرایان کرد، بۆ پاراستنی باشووری کوردستان لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەشداری نێو بەرخۆدان بوون.

پێش ئەوەی گەریلاکانی مەلەکەپە بەرەو سەنگەرەکانی باشووری کوردستان بەڕێبکەون، بە مەراسیمێک لێدوانێکیان دا. بە ناوی گەریلاکانی پارتی مارکسیست لینینیست کۆمۆنیست 'مەلەکەپە' فەسک (MLKP-  FESK) ئەرداڵ تیرێژ و دیجلە ئاواز لێدوانەکەیان ڕاگەیاند.

ناهێڵین سووپای تورکیا ناوچە ئازادەکان پیس و گڵاو بکات

دیجلە ئاواز شەڕڤانی مەلەکەپە/کەی کەی ئۆ (MLKP/KKO ) ڕایگەیاند "وەک گەریلاکانی مەلەکەپە، لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی سووپای تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان دەبنەوە. لەگەڵ هاوڕێکانماندا ئێمەش جێگەی خۆمان لە سەنگەرەکانی شەڕدا دەگرین". ئاواز بە بیری هێنایەوە، چەندین ساڵە ئەوان لە باشووری کوردستانن و لەوێ شەهیدیان داوە و وتیشی "شوێنپێى شەهیدەکانمان لە زۆربەى ناوچە ئازادەکاندا هەیە. ئۆزگیور ڕێناس خوێنی خۆی تێدا ڕژاندووە. ڕۆزا ڕێناسیش گیانی خۆی تێدا فیدا کردووە. لەبەرئەوە ئێمە ناهێڵین سووپای داگیرکەر و فاشیستی تورکیا ناوچە ئازادەکان پیس و گڵاو بکات. ئێمە ناهێڵین هێزە داگیرکەرەکان و نۆکەرەکانیان دەربازی ناو ئەو ناوچانە ببن کە بە خوێنی هەزاران شەهید ئازاد کراون".

"ئاڵای ژنە فەرماندەکان بە بەرزی رادەگرین"

ئاواز دەستنیشانیشی کرد، گەریلا ژنەکانی مەلەکەپە هەر وەک چۆن جێگەی خۆیان لەناو بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریدا گرت و شۆڕشی ژنیان لە ڕۆژئاوا پاراست، ئاوەهاش بەشێکن لە پاراستنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و وتیشی "ئێمە ڕۆحی فیدایی ئارین و ساریا لە کۆبانێ و ئاڵای هاوڕێیان بەرچەم و ئەکین-ین کە لە ئەستەمبوڵ لە پاراستنی بارەگادا، یەکینەی گیانبەختکردوانیان ئافراند. ئەمڕۆش لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئاڵای ئەو هەڤاڵانە بەرز دەکەینەوە. ئێمە هەر بستێکی خاکی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، هەتا دواین دڵۆپی خوێنی خۆمان، هەتا دواین فیشەکی چەکەکانمان، دەپارێزین. ئێمە ناهێڵین شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاوا و ناوچە ئازادەکانمان لەلایەن داگیرکەرانی فاشیستەوە دەستیان بەسەردا بگیرێت. ئێمە ناهێڵین کە شۆڕشەکەمان شکست بهێنێت".

"ڕێگە بە هێرشی داگیرکاریی نادەین"

ئاواز لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بانگ لە گەلان و گەنجان دەکات و دەڵێت "ئێمە لێرەوە بانگ لە ژنان، گەنجان و گەلان دەکەین، کە ئەوانیش لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان، جێی خۆیان لەناو سەنگەرەکانی شەڕدا بگرن. نەهێڵن چیا ئازادەکان دەستیان بەسەردا بگیرێت". ئاواز بە بیری هێنایەوە، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە دەیان ساڵە خاوەنداریی لە تێکۆشانی هەر چوار بەشی کوردستان کردووە و فەرماندەی ئافراندووە. وتیشی "بەوێنەی ئارین و سیبەل-ەکان لە کۆبانێ، بە وێنەی ئاڤێستا خابوور و بەرچەم ڕێناس لە عەفرین، ئێمەش ئەمڕۆ لە قەندیل، لە خواکورک و لە برادۆست تێدەکۆشین و تێکۆشانیش بە ڕۆحی ئەوان گەش دەکەینەوە و ڕێگە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا نادەین".

"بە گیان و خوێنی خۆمان دەیپارێزین"

یەک لە گەریلاکانی مەلەکەپە بە ناوی ئەرداڵ تیرێژ، جەختی لەوە کردەوە کە لەبەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نابن و وتیشی "حزبەکەمان مەلەکەپە، هیچ کاتێک لەبەرامبەر هێرش لەسەر تەڤگەری ئازادیی کورد و هێرش لەسەر گەلی کورد بێدەنگ نەبووە. ئێمە باوەڕمان وایە بۆ ئەوەی گەلی تورک ئازاد ببن، دەبێت هەرچۆنێک بووە گەلی کورد لەو فشار و داگیرکەرییەی، کە بەسەریدا سەپێندراوە، ئازاد بکرێت. ئێمە شەڕڤانی ئەم هێڵە سیاسییەین".

گەریلای مەلەکەپە تیرێژ ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کرد بۆ داگیرکردنی قەندیل و وتی "وەک شەڕڤانانی مەلەکەپە، لە مەتینا، زاپ، خنێرە، خواکورک و برادۆست، بۆ پاراستنی هەر بستە خاکێکی باشووری کوردستان، ئێمە دەست دەدەینە چەکەکانمان. لەگەڵ هاوڕێکانمان لەناو هەپەگە و یەژەئا ستار دا، ئێمەش بە گینا و خوێنی خۆمان، خاکی باشووری کوردستان دەپارێزین".

ر.م