گەنجانی باشوری کوردستان پلانگیری ١٥ی شوباتیان رسوا و شەرمەزار کرد

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رسواکردنی پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لە باشوری کوردستان، لە کەمپی مەخمور و شارۆچکەی رانیە و سەید سادق رێپێوانی بە مەشخەل بەڕێوە چوون و تێیدا ئەو رۆژە ڕەشە رسوا و شەرمەزار کرا.

وەک هەموو ساڵێک لە ساڵیادی پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات کە لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان بەڕێوە دەچێت، لە باشوری کوردستانیش ئەم پلانگێرییە رسوا و شەرمەزار کرا. لەم چوارچیوەیەدا، لە کەمپی مەخمور و شارۆچکەی رانیە و سەید سادق رێپێوانی بە مەشخەل بەڕێوە چوون و تێیدا دروشمی ' گۆشەگیری تێک بشکێنە، فاشیزم هەڵوەشێنە، لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئازاد بژی و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و چەندین دروشمی دیکە بەرز کرانەوە.

کەمپی شەهید روستەم جود-مەخمور

ئەمشەو لەکامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ڕێپێوانی بە مەشخەڵ بەدەستپێشخەری بزوتنەوەی گەنجانی مەخمور و بزوتنەوەی ژنانی مەخمور بەڕێوە چوو.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم شارەوانی کامپی مەخمور دەستیپێکرد و هەتا بەردەم ڕێکخراوی چاند و هونەری مەخمور بەردەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا، دروشمی 'گۆشەگیریی تێکبشکێنە، فاشیزم هەڵوەشێنە، لەگەڵ ڕێبەرایەتی بە ئازادیی بژی'، بەرز کرایەوە، هاوکات دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و 'بڕوخێ فاشیزم' وترانەوە. گەنجانی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە باسیان لەوەکرد، کە ئەوان بۆ شاکاندنی گۆشەگیریی و ئازادی ئۆجالان تێدەکۆشن، ڕاشیانگەیاند، کە گۆشەگیریی ئیمراڵی قبوڵناکەن.

رانیە

لە لایەکی دیکەوە، ئەمشەو لەشارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێپێوانی بەمەشخەڵیان ئەنجامدا.

لە تێپێوانەکەدا دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت و بژی سەرۆک ئاپۆ' و چەندین دروشمی دیکە وترانەوە. چالاکانی بەشدار لە رێپێوانەکەدا جەختیان لەوەکردەوە، کە ئۆجالان لە ئیمراڵی لەبری هەموو گەلان بەرخۆدان دەکات، بۆیە ئەوانیش بۆ ئازادیی ئۆجالان تێدەکۆشن.

سەید سادق

هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ، لەشارۆچكەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات ڕێپێوانێک لەبەردەم پاركی چنار و هێمن، بۆ ناوبازاڕی شارۆچکەکە ئەنجامدرا.

لە ڕێپێوانەکەدا پۆستەر و دروشم بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥ شوبات بەرزکرانەوە و هەروەها دروشمەکانی، 'لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لەدایكبوین لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبین و سەردەكەوین' وترانەوە، هەروەها وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەرزکرایەوە.

تانیا كەریم ئەندامی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان- ڕژاك، بەیاننامەی ڕێكخراوەكەیانی خوێندەوە کەتێیدا هاتبوو: ئۆجالان، وەك ڕێبەرایەتیەكی بێ‌ وێنە لەیەكەم هەنگاوی تێكۆشانیەوە، هەتا پێشكەشكردنی جیهان بینیە تازەكەی، تەواوی پرۆژە و نەخشەڕێگاكانی لەپێناو بۆنیاتنانی سیستەمێكی دیموكراتیانەی گەلاندا بوو، ئاشكرایە بۆجاری یەكەمە گەلی كورد لەسایەی فكرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا توانی كەسایەتی کوردێکی ئازاد بونیات بنێت، توانی لەئاستێكی هەرە بڵند دا، زهنیەت و ڕۆحیەتی یەكێتی نەتەوەی زیندو بكاتەوە.

لەدرێژەی بەیاننامەکەی ڕاژاکدا هاتبوو: لەسایەی فكرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا، تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە خاوەنی پرۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموكراتیانە، خاڵی هەرە گرنگیش ناوەندی هەموو هەنگاوەكان تێكۆشانی ئازادیی ژنانە و بونیاتنانی ژن و پیاوی ئازادە، كەبەواتای ئازادی تەواوی كۆمەڵگا دێت.

لەكۆتایی بەیاننامەكەشیاندا هاتبوو: وەك كۆمیتەی ژنانی باشور بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، داوا لەهەموو تاكێكی خاوەن ویژدان و دیموكراتیخواز و خاوەن هەڵوێست دەكەین، وەرن پێكەوە تواناكانمان بكەین بەیەك و كۆتایی بەگۆشەگیریی بهێنن هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەبەرن، چونكە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەواتای بەرقەرار بوونی ئاشتی و دیموكراسی و بەیەكەوە ژیانكردنی گەلانە.

هەر لە ڕێپێوانەکەدا هەرێم ئەبوبەكر، بەیاننامەی كۆمیتەی ئازادی ئۆجالانی خوێندەوە کەتێیدا هاتبوو: درێژەدان بەسیستەمی ئیمراڵی شەرمێكی مرۆڤانەیە، ئیدی بەسە با ئۆجالان ئازاد بكەین، لەقۆناغی ئەمڕۆشدا گۆشەگیریی و ئەشكەنجەی ئیمراڵی هێرشی هۆڤانەی فاشیزمی ئەردۆغان، هەموو سنوورێكی بەزاندووە، ڕای گشتی بەرژەوەندیخوازی نێودەوڵەتیش بێهەڵوێستە لەبەرانبەر ئەو دڕندەییەی و بێ‌ مافیەی لەسەر ڕێبەری گەلەكەمان ئەنجامدەدرێت، هەستیاریی و توڕەیی گەلەكەمان لەبەرامبەر دۆخی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر بڵند، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم ڕووەو بەئەركی یاسای ئەخلاقی و مرۆی خۆیان هەستن، ئەم شەرمە لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە.

لەبەیاننامەكەشیاندا داوادەكەن، ئۆجەلان هەرچی زوە ئازاد بكرێت، دەشڵێن: لەپێناو ئازادیی ئۆجالاندا هەمیشە لەنێو تێكۆشاندا دەبین، هەموو ڕێگەو ڕێبازێكی مەدەنیانە دەگرینە بەر، هاوكات داوا لەگەلی خۆمان و ئازادیخوازان دەكەین، زیاتر و بەگوڕتر خاوەندارێتی لەو سەركردە مەزنەی گەلان و مرۆڤایەتی بكەن، بەچالاكی بەرفراوان ڕای گشتی بورژێنن، پێویستیشە گەلەكەمان تا ئازادكردنی ڕێبەرەكەی هەمیشە لەسەر پێ بێت، باهەموومان پێكەوە ئیرادەی ئاشتی و ئازادیی و دیموكراتی سەربخەین و ئۆجالان ئازاد بكەین.

ز.ش