یەرەکە: ٤ هەڤاڵمان بەهۆى هێرشى رژێمى ئێرانەوە شەهید بوون

فەرماندەیى یەکینەکانى پاراستنى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) رایگەیاند، لە مەریوان و هەورامان ٤ هەڤاڵمان بەهۆی هێرشەکانى رژێمى ئێرانەوە شەهید بوون.

فەرماندەیى یەکینەکانى پاراستنى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) لە ماڵپەڕەکەیاندا راگەیاندراوێکیان لەبارەی شەهیدبوونى ٤ گەریلایان بەهۆى هێرشەکانى رژێمى ئێرانەوە بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى یەرەکەدا هاتووە، رۆژی ١١ى تەمووزی ٢٠١٨ / ٢٠ى پووشپەڕ بەهۆى هەواڵدانى نۆکەرێکى دەوڵەتى ئێرانەوە، هێزەکانى رژێم لە گوندی دەرزیان لە شارى مەریوان بۆسەیەکیان لەسەر رێگاى گەریلاکانیان داناوە و بەو هۆیەوە شەڕ لە نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانى رژێمى ئێران روویداوە و لە ئەنجامدا گەریلایەکیان شەهیدبووە.

لە راگەیاندراوەکەى یەرەکەدا ئەوەش هاتووە، رۆژی ١٤ى تەمووزی ٢٠١٨ / ٢٣ى پووشپەڕ لە ئەیالەتى هەورامان لە شاری پاوەى ناوچەى چیاى شاهۆ بەهۆی هەواڵدانى کەسێکى بەکرێگیراوەوە، رژێمى ئێران بە چەکى قورس هێرشى کردووەتە سەر سەنگەرى هێزەکانیان.

فەرماندەیى یەرەکە راشیگەیاندووە، هێرشەکەى رژێمى ئێران بۆ ماوەى ٦ کاتژمێر بەردەوام بووە و ٣ هەڤاڵیان تاوەکو دوایین فیشەک شەڕیان لە دژى هێزەکانى رژێمى ئێران کردووە و لە ئەنجامدا ئەو ٣ هەڤاڵەی یەرەکە شەهید بوون.

فەرماندەیى یەرەکە باسى ئەوەشیکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیارى زیاتر و بەرفراوانتر لەبارەى ناسنامەى ئەو ٤ شەهیدەوە بڵاو دەکەنەوە.

ر.م