بەهۆی لافاوەوە لە بەڕازیل لانی کەم ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا

لە هەرێمی میناس گەرایس کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل، لە ڕۆژی پێنجشەممە ی ڕابردووەوە بەهۆی گەردەلوول و بارانی زۆر و لافاوەوە، لانی کەم ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی میدیاکانی بەڕازیل، بەهۆی گەردەلوول و باران و هەڵسانی لافاوەوە، لانی کەم ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوەو ١٧ کەسی دیکەش بێ سەروشوێنن.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە، ٣٠٠ هەزار کەس بەناچاری ماڵەکانیان جێهێشتووە، هەروەها دۆخی خراپی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ٣٠ شاری ئەو وڵاتە داناوە.

لە ٢٥ی مانگی ١ی ساڵی ڕابڕدووش، بەنداوی پاشماوەکانی ماددەکانی کۆمپانیای ڤالە لە هەرێمی میناس گەرایس ڕووخاو بە ملیۆنان تەن قوڕ بڵاو بووەوەو ٢١١ کەس گیانیان لەدەستدابوو و ٩٥ کەسی دیکەش بێ سەروشوێن بوون.