ترامپ دەیەوێت ٤%ی بودجەى وڵاتەکەى بۆ تێچووى سەربازى تەرخان بکات

لە دانیشتنى ناتۆدا باسى سەرەکى لەسەر تێچووى بەرگریى بوو. ترامپ رایگەیاندووە، دەیەوێت ٤%ی بودجەى ئەمریکا بۆ تێچووى بەرگریى تەرخان بکات.

لە دانیشتنى ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختى بەلجیکا، زۆربەى وڵاتانى ئەندامى ناتۆ بەڵێنى ئەوەیان داوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٤ رێژەى ٢%ی بودجەى وڵاتەکانیان بۆ تێچووى سەربازی و بەرگری تەرخان بکەن.

لەو بوارەدا ئەمریکا گوشار لە ئەڵمانیا دەکات کە بودجەى زیاتر بۆ بەرگری تەرخان بکات، چونکە ئەڵمانیا رێژەى ١.٢٤%ی بودجەى وڵاتەکەى بۆ تێچووى سەربازى و بەرگرى تەرخان کردووە. ئەوەش ناڕەزایەتیى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکاى لێکەوتووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەڵمانیا لە رووی وزەوە خۆى بەستووەتەوە بە رووسیا.

لەبەر هەڕەشەکانى ترامپ بۆ کەمکردنەوەى بودجەى ئەمریکا بۆ ناتۆ زۆرێک لە وڵاتانى ئەندامى ناتۆ بڕیاریانداوە، بودجە و تێچووى سەربازى زیاتر بکەن. ئەمریکا یەک لەسەر پێنجى بودجەى ناتۆ دابین دەکات. سێ لەسەر چوار تواناى سەربازیى ئەمریکا بۆ ناتۆ تەرخانکراوە.

ترامپ رێژەی ٤%ی بودجەى دەوێت

ماوەى ساڵ و نیوێکە ترامپ گوشار لەسەر وڵاتانى ناتۆ دروست دەکات بۆ ئەوەى بودجەى سەربازی زیاد بکەن. بەپێى ئەو زانیارییانەى لە دانیشتنەکەى ناتۆوە بڵاوکراونەتەوە، ترامپ لە دانیشتنى لوتکەى ناتۆدا داوایکردووە، وڵاتانى ئەندامى ناتۆ ریژەى ٤%ى بودجەى وڵاتەکانیان بۆ تێچووى سەربازى تەرخان بکەن.

تەنها ٤ وڵات توانیویانە ٢%ى بودجە تەرخان بکەن

ئەمریکا، بەریتانیا، یونان و ئیستۆنیا رێژەى ٢%ى بودجەى وڵاتەکانیان بۆ تێچووى سەربازى تەرخانکردووە. چاوەڕێ دەکرێت هەر یەک لە وڵاتانى لیتوانیا، لیتۆنیا، پۆلۆنیا و رۆمانیا لە کۆتاى ئەمساڵدا رێژەى ٢%ى بودجەى وڵاتەکانیان بۆ تێچووی سەربازى تەرخان بکەن. ١٥ وڵاتى ترى ئەندامى ناتۆ لەگەڵ دابینکردنى ١.٤%ى بودجەى وڵاتەکانیان بۆ تێچووى سەربازی و قورسە ئەو بەڵێنەى داویانە بتوانن جێبەجێى بکەن. ئەڵمانیا، بەلجیکا، کانادا، ئیتالیا و ئیسپانیا لە ناو ئەو وڵاتانەدان. ئەڵمانیا ١.٢٤%ى بودجەى وڵاتەکەى بۆ تێچووى سەربازى تەرخانکردووە.

ر.م