"دەبێت کۆتایی بە داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین بهێنرێت"

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەوروپا ، لە کۆنفرانسێکدا کە دەربارەی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەرعەفرین ڕێکخرابوو، جەخت لەوە کرایەوە کە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین نایاساییە و دەبێت دەمودەست ئەم داگیرکارییە بە بێ هیچ شەرت ومەرجێک کۆتایی پێبێت.

دەربارەی هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی لەسەرعەفرین، بە گشتیی لەسەر سیاسەتی داگیرکاریی تورکیا و لە بەرامبەردا تێڕوانینی کوردان بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسێک سازکرا.

لە کۆنفرانسەکەدا یاساناسان و سیاسەتمەداران بەشداریان کرد. بەشداربووان داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایان لەسەر عەفرین تاوتوێ کرد، هاوکات سەرنجیان ڕاکێشایە سەر بارودۆخی عەفرین پیش داگیرکاریەکانی تورکیا و ئەنجامەکانی داگیرکاریەکانیان هەڵسەنگاند. لە کۆنفرانسەکەدا بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا شەرمەزارکرا و بانگیش لە هێزە نێودەوڵەتیەکان کرا کە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن.

لەو کۆنفرانسەی پەرلەمانی ئەوروپادا، ئەنجامنامەیەکی ٩ خاڵی پەسەند کرا. بەگوێرەی ئەوەش لایەنە بەشداربووەکانی کۆنفرانس، داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیایان لە عەفرین بە 'نایاسایی' لەقەڵەمدا.

لەو ئەنجامنامەیەدا هاتووە کە ئەو داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا لەسەرعەفرین، دژ بەو پێوانە و ئامانجانەیە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە پەیوەست بە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا واژۆیان لەسەر کراوە. بەو پێیەش داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایان لەسەر عەفرین شەرمەزار کرد.

بەیاننامەی ئەنجامی کۆنفرانسەکە لە ٩ خاڵ پێکدێت و خاڵەکانیش ئەمانەن:

یەکەم: هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی سەر بەئەوان، دەبێت بە تەواویی و بە بێ دانانی هیچ شەرت و مەرجێک، دەمودەست لە هەرێمەکانی سووریا بکشێنەوە کە داگیریان کردوون.

دووەم: هەموو ئەو تاوانانەی کە سوپای تورکیا و گروپەکانی سەر بە ئەوان لە عەفرین ئەنجامیان داوە، ڕێگەی لەبەردەم کۆچبەریی و قەیرانی مرۆیدا کردووەتەوە. دەبێت ئەو تاوانانە شەرمەزار بکرێن و لێپرسینەوەیان لەسەر بکرێت.

سێیەم: ژن، پیاو و منداڵان ڕفێندراون. دەبێت دەستبەجێ و دەمودەست ئەو ڕفێندراوانە ئازاد بکرێن و قەرەبووی ئەو زیانانەش بکرێتەوە کە پێیان گەشتووە.

چوارەم: دەبێت لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە دەستپێبکرێت لەبارەی ونبوانەوە.

پێنجەم: دەبێت کۆمسیۆنێکی یاسایی شەفاف و بێ لایەن و سەربەخۆ دروست بکرێت کە لە نوێنەرانی فیدراسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سووریا و ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە مرۆییەکان لە سووریا پێکبێت. دەبێت ئەو کۆمسیۆنە کاری لێپرسینەوە بێت لەو پێشێلکاریانەی مافەکانی مرۆڤ کە لە ٢٠ ی کانوونی دوویەم/١ی ڕێبەندان  ساڵی ٢٠١٨ەوە لە کاتی دەستپێکردنی هێرشی داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئێستا ئەنجام دراون. بەرپرسانی ئەو تاوانانەش، لە دادگا هەرێمیەکان و دادگا نێودەوڵەتیەکاندا سزا بدرێن.

شەشەم: دەبێت ئەو بەڵگەی ئەو تاوانانەی کە هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی سەر بە ئەوان لە سەرەتای داگیرکاریەکەی عەفرینەوە تا ئێستا ئەنجامیان داوە ڕادەستی دادگا نێودەوڵەتیەکان بکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. بۆ ئەم کارەش دەبێت هاوکاری لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سوریا و ڕێخکراوەکانی تری وڵات وەربگیرێت.

هەفتەم : دەبێت ئەو کەسانەی لە عەفرین کۆچیان کردووە، هەلومەرجی گەڕانەوەیان بۆ بڕەخسێندرێت بۆئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵی خۆیان.

هەشتەم: پێویستە هەموو دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی پەیوەندیدار، هاوکاریی مرۆیی و ئابووری بگەیەنن بە گەلی عەفرین.

نۆیەم: دەبێت لە دژی کارە نەژادپەرستیەکانی هێزەکانی تورکیای داگیرکەر، کە بەزۆر کۆچبەرکردنی دانیشتوانەکەی عەفرین و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شارەشی تێدایە، شیکاری ئەکادیمی و یاسایی ئەنجام بدرێن و بەڵگەنامەیان لەسەر کۆبکرێتەوە.

 

ک-ش