نێردەری ئەمەریکا لە یەمەن: "ئێران چەک و مادەی هۆشبەر بە قاچاخ ڕەوانەی یەمەن دەکات"

تیم لێندێرکینگ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری یەمەن ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە ناردنی چەک و مادەی هۆشبەر بۆ یەمەن.

 تیم لێندێرکینگ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری یەمەن ئاشکرای کرد: "ئێران سەرەڕای ڕێککەوتنەکەی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سعودیە، بەردەوامە لە دابینکردن و ناردنی ئەو چەک و ماددە هۆشبەرانەی کە هانی شەڕی یەمەن دەدەن".

تێم لێندەرکینگ لە کۆنگرەیەکی ئۆنلاین سەبارەت بە دوایین سەردانەکەی بۆ ناوچەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئێران هێشتا چەک و ماددە هۆشبەرەکان دابین دەکات کە یارمەتیدەرەن بۆ بەردەوامبوونی ئەو شەڕەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ سەریهەڵدا و یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهانی دروستکردووە.

 لێندەرکینگ وتیشی: "ئێرانییەکان بەردەوام بوون لە بەقاچاخبردنی چەک و ماددەی هۆشبەر بەرەو ئەم ململانێیە و ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی کە ئەمە بەردەوام بێت سەرەڕای ئەو سوودانەی کە لە ڕێککەوتنی سعودیە و ئێرانەوە بەدەستی دەهێنن، بۆیە پێموایە ئەوە پرسێکە کە دەبێت چاودێری بکەین".

 ناوبراو ئاشکرایشی کرد: "سەرەڕای ئەوەی ئێمە پێشوازیمان لە ڕێککەوتنی نێوان سعودییەکان و ئێرانییەکان کرد، بەڵام هێشتا نیگەرانم لە ڕۆڵی ئێران"، جەختی لەوە کردەوە کە تاران ڕاهێنانی بە چەکدارە حوسییەکانی کردووە "بۆ شەڕکردن و هێرشکردنە سەر سعودیە".

ئێران ڕەتیدەکاتەوە حوسییەکان پڕچەک بکات، کە پاش دەرکردنی حکومەت و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە، دەستیان بەسەر پارێزگای (سەنعای) پایتەختی یەمەندا گرت.

 شەڕەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک شەڕێکی بە وەکالەت لە نێوان سعودیە کە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازیی دەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا دەستوەردانی کرد، لەگەڵ ئێران سەیر دەکرێت.

 بەرپرسانی ئەمەریکا ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بە حوسییەکان بۆ هێرشە سنووربەزێنەکان بۆ سەر سعودیە، هەرچەندە زیاتر لە ساڵێکە هیچ هێرشێکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە.

 شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ملیۆنان کەسیش وابەستەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بوون.

 لێندەرکینگ وتیشی: "ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران بە تەنیا کۆتایی بەو ململانێیە ناهێنێت، کە تەنیا لە ڕێگەی دانوستانەکانی نێوان لایەنە یەمەنییەکان دەتوانرێت یەکلایی بکرێتەوە".

 جێگای باسە، ئەو ڕێککەوتنەی کە بە نێوەندگیری چین لە مانگی ئازاردا گەیشتە ئەنجام، دانوستانەکانی نێوان سعودیە و حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانی یەمەن و ئاگربەستێک کە تا ڕادەیەکی زۆر سەرەڕای کۆتایی هاتنی لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەردەوام بوو، ئاسۆی کۆتایی هاتنی ململانێکانی زیاتر کردووە.

 سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

هـ . ب