حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند: گۆشەگیریی سەر ئۆجالان قبوڵ ناکرێت

حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند (SNP) داوایکرد، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایی پێبهێنرێت و چاوپێکەوتنەکانی ئاشتی دووبارە دەستپێبەکەنەوە.

حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند، کە دەسەڵاتی سکۆتلاندی بە دەستەوەیە رایگەیاند، دەبێت لە تورکیا دۆزی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکرێت. راشیگەیاند، حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکات.

لە راگەیاندراوکەدا هاتووە، تورکیا ئەندامی ناتۆیە و پەیوەندیی لەگەڵ بەریتانیا باشە، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە، کە کێشەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشدا نەبینرێت.

سزای گۆشەگیری بەدەرە لە هەموو پێوەرێکی مرۆڤایەتی

لە راگەیاندراوەکدا داوا لە وەزارەتی دەرەوە کراوە کار بۆ نەهێشتنی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکات و راشیگەیاند، "ئۆجالان زیاتر لە ٢٠ ساڵە گۆشەگیریی بەسەردا سەپێنراوە، ئەوەش لە دژی هەموو رێککەوتننامە و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە، کە تورکیا ئیمزای کردوون، ئەو گۆشەگیرییە سزایەکی بەدەر لە هەموو پێوەرە مرۆڤایەتییەکانە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەبێت وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەوە بە روونی رابگەیەنێت، کە ئۆجالان نوێنەرێکی کوردانە و پێشتریش لەو پێناوەدا نامەیەکی زۆر نێردراوە.

حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند (SNP) بۆ سەربەخۆیی سکۆتلاند تێدەکۆشێت. سکۆتلاند لە ئێستادا هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی بەریتانیادا. گەلی سکۆتلاند لە پەرلەمانی گەورەی بەریتانیادا ٥٥ کورسیان هەیە، کە ٤٩ کورسیان هی حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند (SNP)ە. حیزبی نیشتمانیی سکۆتلاند حیزبی دەسەڵاتداری سکۆتلاندە.

ژ.ت