پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد سەردانی بەرپرسانیان کرد

پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد، داواکاریی دیداری بریگرتەکەیان لە زیندانی ئیمرالی، پێشکەشی داواکاری گشتی کۆماریی بورسا لە تورکیا کرد.

ئەمڕۆ هەر یەک لە ڕێزان ساریجا، فایق ئوزگور ئەرۆل، جەنگیز یورەکلی و ڕازیە ئۆزتورک، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، داواکاریی دیدار لەگەڵ بریگرتەکەیان، پێشکەشی داواکاری گشتی کۆماریی بورسا کرد.

داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا بە پاساوی نووسینی “نەخشەڕێ”، کە ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ پارێزنامەکانی پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، ڕایگەیاندبوو، لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ هەموو چاوپێکەوتن و سەردانێکی پارێزەران بۆ ئیمرالی قەدەغە دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی ئەو قەدەغەکارییە لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ـدا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هێشتا وەڵامی داوای پارێزەران بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن نادرێتەوە.

پارێزەران دوای ٨ ساڵ ڕێگریی، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ و لە دوایین جاریشدا لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ دا توانیبویان چاویان بە بریگرتەکەیان بکەوێت.

ف.ق