بایک: ئامانجی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمە – بەشی چوارەم و کۆتایى

جەمیل بایک رایگەیاند، ئامانجی بنەڕەتیی سەردەمی داهاتوو؛ هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم و بەدیموکراتیکردنی تورکیایە. ئەو دروشمە، کە هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا بگەیەنێتە یەک 'فاشیزم هەڵدەوەشێنین، تورکیا بەدیموکراتی دەکەین'ە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دران، هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵ و هەڵمەتی "کۆتایی بە گۆشەگیری دێنین، فاشیزم تێکدەشکێنین، کوردستان ئازاد دەکەین"، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.

      - بابەتی بنەڕەتیی هەر دوو چاوپێکەوتنەکە، سوریا و بەتایبەتی قەسەدە بوو. لەبەر ئەوەی لەو بابەتەدا هەندێک گومان هەیە ئێوە دەتوانن باسی زانیارییەکان بکەن؟

   - رێبەر ئاپۆ هەم لە هەردوو چاوپێکەوتنەکەی پارێزەران و هەم لە چاوپێکەوتنی براکەشیدا سەرنجی بۆ بابەتی سوریا راکێشابوو. ئاشکرایە کێشەکان لە باکوری سوریا چۆن دەتوانرێت چارەسەر بکرێن و تێڕوانینی ئەو چۆنە. لەبارەی ئەو راگەیاندراوانەی رێبەر ئاپۆدا هەندێک گومان دروستکران، بۆ نمونە وەکو؛ 'گەلۆ لەگەڵ رێبەرایەتی لەبارەی بابەتی سوریاوە مامەڵە دەکرێت'. بێگۆمان ئەوە بۆ دروستکردنی گومانە و چەواشەکارییە. گونجان و دروست نییە ئێمە لەو بابەتەدا شتێک بڵێین. بەڵام ئەو قسانەی کە رێبەرایەتی بۆ سوریا، باکوری سوریا، رۆژئاوا و کورد وتی، بۆ خوڵقاندنی بواری چارەسەریی دیموکراتیکە لە سوریایە. چونکە رێبەر ئاپۆ سوریا باش دەناسێت. کۆمەڵگەی سوریا، گەلانی سوریا، زهنیەتی دەوڵەت باش دەناسێت، کارەکتەرە رۆشنبیرەکانی باش دەناسێت. کۆمەڵگەى سوریا، گەلانى سوریا، عەقڵییەتى دەوڵەت باش دەناسێت و کارەکتەری رۆشنبیرانى ئەوێ باش دەناسێت. هەروەها کوردان باش دەناسێت. پێویستییەکانی کوردان باش دەزانێت. وەکو تر حسابات و سەودا و مامەڵەی هێزە نێونەتەوەییەکان لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریاوە دەبینێت. دۆخی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەزانێت. ماوەی ٢٠ ساڵ لە سوریا مایەوە و لەناو سیاسەتی سوریا دابوو. بۆیە دۆخی سیاسی، کۆمەڵگەیی، کەلتوری، هاوسەنگی و پەیوەندییەکان لە سوریا باش دەزانێت. لە لایەکەی دیکەوە قوڵبوونەوەی ئەو لەبارەی سوریا بەرفروان و گشتگیر و یەکگرتووانەیە. قووڵبوونەوەی بۆ کورد بەرفراوانە. تورکیا باش دەناسێت. لە چوارچێوەی ئەو راستیانەدا رێبەر ئاپۆ دەیەوێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریادا رۆڵی خۆی بگرێت. کارەکتەرێکى باشتر بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی سوریا جگە لە رێبەر ئاپۆ نابینرێت. بیروڕا و هەڵسەنگاندنی رێبەر ئاپۆ رێگە لەبەردەم چارەسەرییەکان دەکەنەوە.

خۆی ئێستا لە باکوری سوریا، یان لە سوریا بە گشتی تاکە رێبازی چارەسەری بەڕێوەبەریی باکوری سوریایە. هێزە دیموکراتییەکان و گەلانی باکوری سوریا هەن. ئەویش لە چوارچێوەی هێڵی رێبەر ئاپۆ هەڵسوکەوت دەکەن. دەڵێن، نەتەوەی دیموکراتیک، دیموکراتیکبوونی سوریا. لە چوارچێوەی دیموکراتیکبوونی سوریادا باسی سەربەخۆیی دیموکراتیک، خۆبەڕێوەبەرییەک، پشتبەستووە بە دیموکراسیى هەرێمی. دەیانەوێت ژن لە گۆڕەپانی کۆمەڵگەیی و سیاسیدا کاریگەرییان هەبێت. دەیانەوێت هەموو باوەڕەکان و بیروڕاکان، ناسنامە و بەهاکان پێکەوە لەناو خۆبەڕێوەبەریدابن. ئەو هەموو نرخاندن و تێڕوانینە هاوبەشیی چارەسەرییەکە لە سوریایە. لەو دۆخەی ئێستادا بە تێڕوانینەکانی رژێیم سوریا، گەلۆ دەکرێت کێشەکانی سوریا چارەسەر بکرێن؟ کێشەی کورد، پرسی بەدیموکراتیکبوون دەتوانێت چارەسەر بێت؟ ئەو چەتانەی کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە و ئەوانەى پێیان دەڵێن، هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا (OSO)، گەلۆ چارەسەریان لێ دەوەشێتەوە؟ بە رێکخستنەکانی وەکو داعش لە سوریا دەتوانرێت کامە کێشە چارەسەر بکرێت؟ هەریەک لەوان خۆیان دەسەپێنن. تورکیا خۆی دەسەپێنێت.  تێڕوانین و نزیکایەتیى هێزە نێونەتەوەییەکان بۆ رێککەوتن نییە، چونکە ئەوانیش بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە. لە چوارچێوەی بەرژوەندییەکانی خۆیاندا سیاسەت بەڕێوەدەبەن... لە چوارچێوەی دیموکراتیکبوونی سوریادا پێویستە رێز بەرامبەر بە مافی هەموو کەسێک نیشان بدرێت. ئەوەش گەلانی باکوری سوریا و رێبەر ئاپۆ نیشان دەدات.

رێبەر ئاپۆ دەیەوێت بەر بە شەڕ بگرێت. نە دەیەوێت دەوڵەت و کورد شەڕی یەکتری بکەن، نە کورد و دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی تورک شەڕی یەکتری بکەن. ئامانجی رێبەر ئاپۆ ئەوەیە کە کورد و هەموو گەلان و باوەڕەکان بێ شەڕ بژین. پرۆژەی سوریای دیموکراتیکی هێناوەتە پێشەوە بۆ ئەوەى هیچ یەک لە هێزەکان شەڕی یەکتری نەکەن. هەر کەسە و بە مافی خۆی رازی بێت. رێبەرایەتی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەو تێڕامانەی خۆی لەسەر سوریا خستوەتەڕوو. ئەو بینیویەتی؛ لە سوریادا لە نێوان کورد و دەوڵەتدا، لە نێوان تورکیا و کورددا، لەنێوان هێزە نێونەتەوەییەکان و تورکیا و کورد کێشە هەیە. لەنێوان ئەو هەموو هێزانەدا دۆخی یەکتر هاندان و هەڵخزانی یەکتر هەیە، کە ئەوەش قەیران بە دواى خۆیدا دەهێنێت چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. رێبەر ئاپۆ دەیەوێت بۆ ئەوە چارەسەرییەک بەدی بهێنێت.

بە تێڕوانینی خۆی دەیەوێت ئەو دۆخە نەهێڵێت و بیگۆڕێت. دوو چاوپێکەوتنی رێبەر ئاپۆش پەیوەندیدار و هاوکاتە بە دۆخی سیاسیی ئێستای سوریا. ئەگەرێکی گەورەیە، کە دەوڵەت چووبێت و ناڕەزایی خۆی لە سیاسەتی کورد لەسەر سوریا باس کردبێت. رێبەرایەتی هەڵبەت لە هەر چاوپێکەوتنێکدا، لە هەر قسەیەکی ناڕەزایی دا و لە هەر شیکاری و هەڵسەنگاندنێک دا ئەنجامێک دەردەخات. تۆ دەتەوێت شتێکی دیکە بڵێیت، بەڵام رێبەرایەتی لە قسەکردنی ئەو کەسانە و نیاز و تێڕوانینەکانیان تێدەگات. لەو رووەوە دەبینێت، کە لەوێ دۆخێکی قەیراناویى هەیە و هەموو کەسێک لە تەنگژەدایە و دەیەوێت بە نزیکایەتى و تێڕوانینێکی لەو شێوەیە چارەسەری بهێنێتە گۆڕێ. بەلام کاتێک ئەوەش دەکات هەڵبەتە دەیەوێت رێز لە مافی کورد و گەلانی دیکە بگیرێت.

دەڵێت لە باکوری سوریا لەگەڵ رژێم، لەگەڵ دەوڵەت کار بۆ ئاشتی دەکرێت، بەڵام پێویستە بە مسۆگەری لە چوارچێوەی دەستووری دیموکراتیک دا بێت. چارەسەریی خۆسەریی دیموکراتیک پێشنیاز دەکات. پێشنیاز دەکات، کە دیموکراسی خۆجێی بە مسۆگەریی دەستوور بێت. ئەگەرنا نایەوێت کورد واز لەمافی خۆی بهێنێت، نایەوێت سوریا بە دڵێ خۆی چارەسەری بکات، یان چارەسەرییەک بەدڵی تورکیا بێت، کە مافی کورد قبوڵ ناکات، یان چارەىسەرییەک، کە بەپێى ئیرادە و ویستی دیموکراتیکی گەلانی دیکە نەبێت، یان چارەسەریى رژێمێکی ئیستیبدادیى دەسەڵاتخواز ، یان چارەسەری بە گوشاری چەتەکانی سەر بە تورکیای ناوێت.

رێبەر ئاپۆ سیستمێک قبوڵ ناکات، کە مافی کوردی تێدا مسۆگەر نەبێت. بۆ ئەوەش کاتێک دەڵێت، لە سوریا لەگەڵ رژێم، لەگەڵ دەوڵەت ئەگەر چارەسەرییەک هەبێت پێویستە چارەسەرییەکە دەستووری بێت. کاتێک دەڵێت، دەبێت مافی کورد مسۆگەر بێت و ئەوەش دەبێت لە هەموو شوێنێکدا کاری پێ بکرێت. لە تورکیاش دەبێت مافی کورد بە دەستوور مسۆگەر بکرێت. لە هەموو شوێنێک دەبێت بە دەستوور مسۆگەر بکرێت. ئەگەر مسۆگەر نەبێت، ئەو بەڕێوەبەرانە تێگەیشتنیان بەو پێوەر و پارامیترانەیە، کە لە سەدەی بیستەم دا دروست بووە و لەو چوارچێوەى ئەو تێگەیشتنەیاندا بیر لە دوژمنایەتیکردنی کورد و پاکتاوکردن و سڕنەوەی کورد دەکەنەوە.

ئەوە باش دەزانێت لە سەدەی ٢٠دا ئەوکەسانەی، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو نەتەوە - دەوڵەتاندا دەژین دژی کوردن. تێگەیشتن و عەقڵییەتی سیاسەتی بەڕێوەبەرییەک، کە کوردی تیادا بسڕدرێتەوە و پاکتاو بکرێت ئامادە و پێگەیوە. ئەو تێگەیشتن و عەقڵییەتە سەپاندن و سیاسەتی مەترسیدارن. ئەوانە قەبوڵ ناکرێن. لەبەر ئەوەش، بە دەستوورە دیموکراتیکەکان پێویستە ماف مسۆگەر بکرێن، بەو شێوەیە لە بابەتەکە نزیک بووەتەوە. کاتێک ئەوە دەهێنێتە گۆڕێ دەیەوێت لەناو سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەتەکانی ئێستادا چارەسەری روو بدات.

     - پەیوەندیدار بە پرسیارەکەی سەرەوە، هاوسەنگییەک هەم هەستیارییەکانی تورکیا و هەمیش هی کورد بە چارەسەریی دەستووریی، چۆن دەتوانرێت دابنرێت؛ ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا واز لەو ناوچانە بهێنێت کە داگیری کردوون؟ جگە لە هێزە هەرێمییەکان، رۆڵی هێزی نێونەتەوەییەکان چی دەبێت؟

  - بێگومان ئاسان نییە مرۆڤ بە نزیکایەتى و تێڕوانینەکانی ئێستا هاوسەنگییەک بەگوێرەی بەرژەوەندیی هەمووان دابنێت. بۆ ئەوە پێویستی بە هۆشمەندی و عەقڵییەتى دیموکراتیک هەیە. رێبەرایەتی لەبەر ئەوە هۆشمەندی و تێگەیشتن و عەقڵییەتى دیموکراتیک رادەوەستێت. کاتێک باسی چارەسەری دەستوریی دەکات، باسی چارەسەریی دیموکراتیک دەکات. ئەگەر چارەسەریی دەستووری دیموکراتیک هەبێت، هاوسەنگییەکە لەلایەن هەموو کەسێکەوە قەبوڵ دەکرێت و دەتوانریت جێبەجێ بکرێت. لەبەر ئەوەشە هەرکەسە هەندێک پرۆژەی سیاسەتی خۆی خستووەتەڕوو. ناڵێت ئەوەی کە دەڵێم دەبێت هەر ئەوە بێت. رژێمیش ناتوانێت بڵێت، با وەکو جاران بێت. تورکیاش ناتوانێت بڵێت، با لەوێ کورد نەبنە خاوەن خۆبەرێوەبەری و خۆسەری. یانیش گروپە جیاوازە ناکۆکەکان ناتوانن بڵێن، لەدژی ئەوەن کە کورد ببێتە خاوەن مافی خۆی.

یان لەوێ هێزە نێونەتەوەییەکان ناتوانن بڵێن، ئەگەر لەوێ سیستمێک هەبێت دەبێت پەیڕەوی لە ئێمە بکات و بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئێمە بێت. لەو لایەنەوە، سیاسەتی هەموو ئەو کەسانەی، کە هەتا ئێستا خراونەتەڕوو و تەنها ناچارەسەرییان پێ بووە، بۆیە لەو کاتەدا دەبێت واز لەو سیاسەتەیان بهێنن. هەڵبەت تورکیاش دەبێت واز لە داگیرکردنی عەفرین بهێنێت. دەبێت تورکیا هیچ حسێبێک لەسەر سوریا نەکات. تاکە حسێبەکەی دەبێت ئەوە بێت، کە پەیوەندیی تورکیا و سوریا باش بن. سوریایەک، کە سەرلەنوێ بونیات بنرێت، پێکهاتە و شێوەکەى دژی تورکیا نابێت. دەبێت تورکیا هیچ هیوا و چاوەڕوانییەکی دیکەی نەبێت. بێگومان سیستمێک، کە پەیوەندیی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵگەیی باشی پێویست بێت دەتوانرێت بونیات بنرێت و داوا بکرێت، کە سوریا دژی تورکیا نەبێت. بەڵام ئەگەر دیموکراتیکبوون وەکو دژ بە تورکیا ببینرێت، ئەگەر خاوەن مافبوونی کورد وەکو دژایەتیکردنی تورکیا ببینرێت، ئەوا هەڵبەتە هاوسەنگییەک بەگوێرەی هەستیارییەکانی هەموو لایەن و کەسەکان دروست نابێت.

رێبەرایەتی دەڵێت، بۆ ئەوەی تەرمی شا سلێمان بگەڕێنرێتەوە بۆ شوێنەکەی جارانی، کورد ئاستەنگی دروست ناکات. ئەگەر دەوڵەتی تورک بیەوێت ئەوە بەشەڕ بکات ئەوە هەڵەیە. لەجیاتی ئەوە دەتوانێت لەگەڵ کورد رێکبکەوێت. بە قسە دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. خۆی لە خۆیدا کورد هیچ بێڕێزییەک بەرامبەر بەها نەتەوەیی و کەلتورییەکان هیچ نەتەوەیەک ناکات. رێز لە بەهای هەموو کەسێک و هەموو وڵاتێک دەگرن. کورد تەنها ئازادیی خۆی، ژیانی دیموکراتیکی خۆیان دەوێت، بە خۆبەڕێوەبەریی خۆی، ستاتۆیەکی سیاسیان دەوێت کە بتوانن خۆیانی پێ بەڕێوە ببەن. ئەگەر رێز لەوە بگرن، کوردیش دەتوانێت لەگەڵ تورکیا بە دۆستایەتی، بە خوشک و برایی بژین، لەگەڵ رژێمی ئێستاشدا، لەناو سنووری سوریادا بە خوشک و برایی دەتوانن بژین. خۆی کێشەی کورد لەگەڵ گەلی عەرەب و سوریا نییە. ئەمڕۆکە لەگەڵ عەرەب لە باکوری سوریا سیستمێکی هاوبەش دانراوە، بە خوشک و برایی دەژین. تورکیا، داعش و هێزە جیاوازەکان هەرچەندیان کرد و ویستیان کورد و عەرەب بەشەڕ بدەن سەرنەکەوتن. یەکێتیی کورد و عەرەب، یەکێتیی کورد و سوریانییەکان دروست بووە.

هۆشمەندی و تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیک گەشە دەکات. لەو لایەنەوە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆشمەندییەکی دیموکراتیک بیر لە هەستیارییەکانی هەموو هێزەکان بکاتەوە. تورکیا و کورد دەتوانن لەبارەی یەکترییەوە هەستیارییەکانی یەکتری لەبەرچاو بگرن. کورد دەتوانێت هەستیارییەکانی هێزەکانی سوریا، هی رژێم لەبەرچاو بگرێت. چونکە کورد جارجارە بۆچوونێکی لەو شێوەیە دروست دەکەن، وەکو ئەوەی سوریا دابەش دەکەن. هەندێک دەوربەر دەیانەوێت بۆچوونێکی وەها لەسەر کورد دروست بکەن، ئەگەرنا کورد هیچ نزیکایەتییەکى لەبارەی دابەشکردنی سوریا، تورکیا، عێراق و ئێرانەوە نییە. لەسەر بەدیموکراتیکبوونی ئەو وڵاتانە، لەسەر بەدیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. ئەگەر دیموکراتی هەبێت ئەوا سنوورەکانیش نەرم دەبن. کورد تێڕوانینی دروستکردنی دەوڵەتیان نییە. ئەوەی پێش بە هەر جۆرە نەتەوەپەرستییەک بگرێت، دیموکراتیکبوونە. ئەگەر دیموکراتیکبوون هەبێت دەوڵەتەکانى ئێستا واز لە نیگەرانیی دابەشبوون دەهێنن. ئەگەر دیمواتیکبوون هەبێت حەزی دەسەڵاتخوازی و نەتەوەپەرستی ناو کورد و هێزەکانی دیکەدا نامێنێت.

بێگومان ئێستا لە ناوچەکە شەڕی جیهانیی سێیەم هەیە. لەبەر ئەوەش کاریگەریی هێزە نێونەتەوەییەکان زۆرە. کاریگەریی ئەمریکا و رووسیا زۆرە. ئەمریکا پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا و هەروەها لەگەڵ میسر و سعودیەش هەیە. رووسیا پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و سوریا هەیە. پەیوەندییەکانی رووسیا و ئێران بەرفراوانن. لەبەر ئەوەش، لە سیاستی هەرێمیدا روسیا و ئێران پێکەوە دەڕۆن. لەسەر سوریا هەرچەندە جارجارە کێشەش دروست ببن، بەڵام دیارە رووسیا و ئێران سیاسەتی هاوبەش دەکەن. چونکە رووسیا و ئێران وڵاتێکن کە سنوورەکانیان دەگاتەوە یەک. هەربۆیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران بۆ رووسیا وڵاتێکی گرنگە. رووسیا دەیەوێت ئەو پەیوەندییە بەردەوام بێت و قووڵیشی بکاتەوە. رۆڵی هێزە هەرێمییەکانیش هەیە، بەڵام هێزە هەرێمییەکانیش، وەکو پارچەیەک لە هێزی دەرەوە سیاسەت دەکەن.

لەبەر ئەوەی هێشتا لەلایەنی ئابووری و سەربازییەوە پۆتانسیەل (توانایى و ماتەوزەی) رووسیا و ئەمریکا زۆرە. لە  دۆخێکی وەهادان، کە دەتوانن گەشەکردنە سیاسییەکان دیار بکەن و کاریگەرییان بەسەریەوە هەبێت. لەبەر ئەوەش  سیاسەتەکانیان گرنگە. کاتێک ئەوان کارێکی نەرێنی بکەن چارەسەریی کێشەکان ئاسان نییە. لەو لایەنەوە، دەبێت هێزە نێونەتەوەییەکانیش لە چارەسەریی کێشەکاندا بێ هەڵوێست نەبن، چونکە خۆیان بەردەوام دەڵێن، من و من کێشەکان ناگەیەنینە بنبەست. بۆ چارسەری کێشەکان دەتوانن کارێکی ئەرێنی بکەن، بەڵام کاتێک تەنها باسی بەژەوەندییەکانی ئێوە بکەن بەڕاستیش ئاسان نییە کە کێشەکان چارەسەر ببن. لەو دۆخەشدا پێویستە هێزی گەلان دەرکەوێت. ئەگەر هێزی گەلان، رێکخستنی ئەوان، تێکۆشانە هاوبەشەکەیان ساز و ئامادە بێت، سیاسەتی هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان، کە تەنها لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەبنە هۆی قوڵبوونەوەى کێشەکان، دەتوانرێت چارەسەر بکرێن.

       - رێبەری گەلی کورد رێزدار عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئەو شتانە، کە لەم چوارساڵەی دوایدا روویاندا دەڵێن 'زۆر خراپ' ئەو بڕیارەی، کە پەیامەکەی نەورۆزی ٢٠١٣ زیاتر قوڵ بکاتەوە و روونی بکاتەوە و بەردەوام دەبێت. هیوای ئەو چییە دەسەڵات بەم کارەکتەرەى ئێستایەوە ئەوە کارە بکات؟

  - بەو هەڵوێستەی خۆی دەردەخات سیاسەتەکانی شەڕی ئەو ٤ ساڵەی دوایی تورکیای گەیاندووەتە چ دۆخێک. هۆکاری ئەوەی ئێستا تورکیا بە بنبەست گەیشتووە بۆ ئەو سیاسەتانە دەگەڕێتەوە. دەڵێت، ئەڵتەرناتیڤەکەی، ئەو تێڕامانانەن، کە لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣ خستبوونییەڕوو و دەتوانێت ئەو ئەڵتەرناتیڤە قوڵتر بکاتەوە و زیاتر وردی بکاتەوە. ئەو دەڵێت؛ جگە لە دیموکراتیکبوون نەبێت کێشەکان لە تورکیا چارەسەر نابن. تاکە رێگە چارەسەری کێشەکانی تورکیا لەسەر دیموکراتیکبوون چارەسەری کێشە کوردە و ئەوە بانگەوازەکەیەتی. ئەو بانگەوازە بۆ هێزە دیموکراسییەکان و بۆ ئەو هێزە سیاسسیانەیە، کە پۆناسیەلی (ماتەوزەی) دیموکراتیکبوون و ئەو حەزەیان هەیە.

لەبەر ئەوەی تاوەکو دیموکراتیکبوون و تێڕوانینی دیموکراتیک نەبێت، بە پراکتیککردن و خستنەبواری جێبەجێکردنى پەیامەکەی نەورۆزی ٢٠١٣ و قووڵکرنەوەی ئەو پەیامە بۆ ئەوەی ببێتە دۆخی ئەڵتەرناتیڤبوون بەدی نایەت و ئەستەم دەبێت. ئەگەر هێزە دیموکراسییەکان خاوەنداری لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣ نەکەن و ئەوانەی دەیانەوێت کێشەکە نەک بەشەڕ، بەڵکو بە هێزی نەرم چارەسەر ببێت، ئەوا دەبێت خاوەنداریى لێ بکەن و بەو شێوەیە پەیامەکە دەچێتە بواری کردەییەوە. هێزە ئابوورییەکانى تورکیا لە گۆڕێدان، لە سیاسەتى ئێستادا ئابووری تورکیایش بە بنەست گەیشتووە، چونکە کێشەى کورد چارەسەرنەبووە. قەیرانی سیاسی، کۆمەڵگەیی، کەلتووریش بەردەوامە. لەو دۆخەدا کێشە ئابوورییەکان قورستر دەبن. لەو لایەنەوە هەڵبەتە (ئەو کێشەیە) بە دەسەڵاتی ئێستا چارەسەر نابێت. دەسەڵاتی ئێستا عەقڵییەتێکى دیموکراسییە؟ زۆر ئاشکرا دەریخستووە، کە لەگەڵ هۆشمەندیى دیموکراتیک دا نییە. ئەگەر مرۆڤ هیوای دیموکراتیکبوونی بەو دەسەڵاتە هەبێت، وەکو ئەوەیە چاوەڕوان بێت هێستر بزێ، بەڵام کە هێزە دیموکراسییەکان تێکۆشانی کاریگەریان هەبێت و تێکۆشانی دیموکراسی گەشەپێبدەن ئەو کاتە بە ناچاری دەتوانێت هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت.

سەختە ئەو دەسەڵاتە لەخۆیەوە هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت. بەو سیاسەتەی شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. ئەگەر بەو ئاستە بوترێت، بەو سیاسەتانەی تورکیا هەڵدەوەشێنێتەوە و تۆش دەبیت بە ژێرییەوە، تیکۆشانی دیموکراسی بەڕێوەبچێت و ورە و ئیرادەی دیموکراتیک بێتە پێشەوە و دیموکراتیکبوون دەسەپێندرێت، لەوانەیە هەندێک رەوپێشچوون رووبدات،  بەڵام بۆ ئەوەش دەبێت هێزە دیموکراسییەکان بەهێز بن. دەبێت هێزە دیموکراسییەکان پەرە بە تێکۆشان بدەن. هەربۆیە، هیوا بەو دەسەڵاتەی ئێستا بۆ چارەسەری دیموکراتیک و هەنگاوێک لەو چوارچێوەیەدا هەڵەیە. لەلایەن رێبەر ئاپۆوە، لەلایەن ئێمەشەوە هیوامان ئەوەیە، کە هێزە دیموکراسییەکان بە هاوبەشی تێبکۆشن. لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣دا خاوەنداری لەو رۆحە بکەن. هێزە دیموکراسییەکان، شۆڕشگێڕ دەتوانن خاوەنداریی لێ بکەن. لە تورکیا هەتاکو هۆشمەندیى دیموکراتیک دروست نەبێت، کێشەی کورد چارەسەر نابێت.

گرنگ نییە دەسەڵات کێیە، بە دانیشتن و قسەکردن کێشە چارەسەر نابێت. بەبێ دروستکردنی هۆشمەندیى دیموکراتیک و بەبێ دروستکردنی دیموکراتیکبوون ئەستەمە کێشەیەک چارەسەر بکرێت. ئەگەر چارەسەر بکرانایە لە ١٠ ساڵی رابردوودا چارەسەر دەبوون. سەرباری قەیران و شەڕی قورسیش هیچ هەنگاوێک نەنرا. لەبەرئەوەی هۆشمەندی و عەقڵییەت لەسەر بنەمای دوژمنایەتیی وشکی کورد بنیاد نراوە. دەبێت ئەوە تێکبشکێندرێت. ئەوەش تەنها بە هۆشیاریی دیموکراتیک تێکدەشکێندرێت. هەتا هۆشمەندیى دیموکراتیک دروست نەبێت، ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەی دژ بە کورد، دوژمنایەتیکردنی کورد لە تورکیا تێکناشکێندرێت، هەربۆیە تاوەکو ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنە تێکنەشکێندرێت، هیچ کێشەیەک چارەسەر نابن. لەو لایەنەوەش بەبێ تێکۆشانی دیموکراتیکبوون، بەبێ رێککەوتنی هێزە دیموکراسییەکان، بەبێ تێکۆشان، چاوەڕوانی چارەسەریی لە هەر دەسەڵاتێک خۆهەڵخەڵتاندنە. لەلای کوردەوە ئەوە بە مانای ئەوەیە، کە خۆیان بدەنە بەر چەقۆی قڕکردن و پاکتاوکردن.

تاقانە رێگە بۆ دەربازبوون لە چەقۆی قڕکردن تێکۆشانی دیموکراتیکبوونە. مرۆڤ ناتوانێت لە فڵان شوێن و فیسار شوێن چاوەڕێى شتێک بێت، بەڵکو بە تێکۆشانی دیموکراسی ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت. بێگومان تەنها بە تێکۆشانی کورد نابێت. تیکۆشانی هاوبەشی هێزە دیموکراسییەکانی کورد و هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا، رۆحی پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣ دەتوانێت بخرێتە پراکتکیەوە. پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣. ئەو کاتەش رووی لە هێزە دیموکراسییەکان بوو، ئێساکەش رووی لە هێزە دیموکراسییەکانە. هەموو هەوڵەکانی رێبەرایەتی لە ئیمراڵی ئەوەیە، کە تێکۆشانی دیموکراسی لە تورکیا و بواری ئەو تێکۆشانە بەهێز بکات. پێشتریش هەموو وتە و هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوو، چونکە دەزانێت تاوەکو دۆخێکی وەها نەخولقێندرێت کێشەکە چارەسەر نابێت.

       - رێبەری گەلی کورد لە چاوپێکەوتنەکاندا دەڵێت "ئاشتییەکی شکۆدار" و "چارەسەریی سیاسەتی دیموکراتیک" بنەمایە. ئێوە نیشانەکانى ئەوە لە ماوەیەکی کورت دا دەبینن؟

   - دەرفەتەکانی ئاشتییەکی شکۆدار، چارەسەریی بە سیاسەتی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ بە بەراورد بە پێشتر زیاتر بوون. لە تورکیا قورسبوونی کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵگەیی گەیشتووەتە بنبەستێکی گەورەیە، ئەو بنبەستە گەورەیە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە نزیک دەکاتەوە. چونکە ئەوەی وایکردووە ئەو هەموو کێشەیە بگەنە ئەو دۆخە چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە. هەتا کێشەی کورد چارەسەر نەبێت کێشە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵگەیی، دیپلۆماتییەکانی تورکیا سەقامگیری بە خۆیانەوە نابینن. چارەسەرەکردنی کێشەی کورد (کردنەوەى) کۆت و بەندی قاچەکانی تورکیایە. تاوەکو دێت زیاتر درک بەوە دەکرێت. دەوڵەتی تورک هەموو دەرفەت و تواناکانی خۆی بۆ شەڕ تەرخان بکات و ناتوانێت چارەسەری دروست بکات. ئەوەش وایکردووە پێویستیی بەپەلەی چارەسەرکردنی کێشەکە بێتەپێشەوە.

ئەوەی بەربەستە بۆ چارەسەری ئەو عەقڵییەتەیە. لەڕووی ئۆبژەکتیڤەوە بواری چارەسەری کێشەی کورد پێگەیشتووە، لە هەموو رووێکەوە پێگەیشتووە، بەڵام تێگەیشتن و عەقڵییەتى کلاسیکی دەوڵەت، دەوروبەری ئۆلیگارشیکەکان، کە هێشتا دەوڵەتیان بە دەستەوەیە، لەسەر بنەمای عەقڵییەت و تێگەیشتنی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد لەسەر شەڕ لەدژی کورد رادەوەستێت، بەڵام بە رای ئێمە کاتێک تێکۆشان هەبێت چارەسەریی دوور نییە. چەندە تێکۆشان گەشەی پێ بدرێت چارەسەریش هێندە نزیک دەبێتەوە. ئەگەر ئێمە تێبکۆشین، هێزە دیموکراسییەکان لەسەری بوەستن، سیاسەتی دیموکراتیک لەبار و ئامادە دەبێت و ئاشتییەکی شکۆداریش بەدی دێت و ناچاری چارەسەری دەبێت. پێویستە تێکۆشان بە شێوەیەکی توند بەدرەوام بێت. دەوڵەتی تورک هەموو تواناکانی خۆی بۆ شەڕ تەرخانکردووە و دەیەوێت بەو گوشار و زوڵمە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و خۆی لەو کێشەیە قوتار بکات، بەڵام ئیدی ئەستەمە تێکۆشانی ئازادیی کورد، کە دەیان ساڵە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت و لەسەر ناسنامەی خۆی بووەتە خاوەن فکرێکی قووڵ و فێر بووە، کە ژیانی ئازاد و دیموکراتیک چییە، ماف و یاسا چییە، لە داواکارییەکانی دوور بخرێنەوە.

قورسبوونی کێشە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵگەیی و رۆشنبیری، قورسبوونی کێشەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا، لەلایەکەوە دەبێتە هۆی ئەوەى، کە چارەسەری رادیکاڵ بە دواى خۆیدا بهێنێت. کاتێک کێشەکان قورس دەبن، چارەسەرییەکانیش رادیکاڵ دەبن. لەو لایەنەوەیە، کە دەبێت ئازار، تەنگژە و سەختی هەبن، بەڵام هەتا تێکۆشان هەبێت، ئەو هەلومەرجانەی کە مرۆڤ کێشەکان لە ریشەوە چارەسەر بکات، بە بەرفراوانی و قوڵبوونەوە چارەسەری دیموکراتیک بدۆزێتەوە، زیاتر دەبن. هەتا دێت ئەو زەمینەیە بەهێزتر دەبێت. بێگومان ئەو چارەسەرییە، تەنها بە قورسبوونی قەیرانەکان و لە خۆیەوە بەدی ناێت،  بەڵام لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا کاتێک تێکۆشان گەشەی پێ بدرێت چارەسەری دەژیێتەوە. لەو رووەوە ئێمە لەگەڵ وتەکانی، هێرشەکان قورسن و سەختی زۆرە نین و لەگەڵ ئەو جۆرە تێڕوانین و نزیکایەتییەدا نیین، کە خۆی لە تێکۆشان بەدوور بگرێت. بە پێچەوانەوە لەو بڕوایەداین لە هەر شوێنیێک تێکۆشان هەبێت ئەو هێرشانە تێکدەشکێندرێن و ئێمە چارەسەرییەکی ریشەیی بەدی دەهێنین. خەباتی کورد دەیان ساڵە بوار و ئەزموونێکی لەو جۆرەی دروستکردووە. خۆی لە دەرەوەی پێشنیاز و پرۆژەکانی رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ئەستەمە کێشەکانی تورکیا، سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێن.

        - ئۆجالان لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییانەیدا وتی، چاوەڕوانە چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردن کۆتایی بێت و وتی "بە بایەخەوە ئاماژەی پێدەکەم، کە کارە سەرەکییەکە لە ئێستا بە دواوە ئەوەیە، کە ئێوە بە لێوردبوونەوەیەکی تێروتەسەل و ئیرادەوە لەگەڵم بن و هیواى ئەوەشم هەیە". لێرە، لە "کارە سەرەکییەکە لە ئێستا بەدواوە" پێویستە مرۆڤ درک بە چی بکات؟

   - رێبەر ئاپۆ ئومێدی گەورەى بە هاوڕێیانی زیندان هەیە، چونکە هەزاران کەسن. ئەو کەسانەن، کە لەناو خەباتەوە هاتوون و قوربانیان داوە. ئەگەر ئەوان بگەنە سەر هێڵی رێبەرایەتی و لەسەر هێڵی رێبەرایەتی قووڵبوونەوەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی پێکبهێنن ئەوا دەبنە هێز و پشتیوانێکى گەورە، چونکە رێبەر ئاپۆ بیر لەوە دەکاتەوە ئەوەی لە پێناو ئامانجەکانیدا زیندان لە بەرچاو بگرێت و تێیپەڕنێت ئەوا دەتوانێت لە دیموکراتیکبوونی تورکیادا، لە چارەسەریی کێشەی کورد و دیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵێکى گرنگ بگێڕێت، چونکە گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژوو بە کەسانی خاوەن هێزی تێڕامانی گەورە بەدیهێنراون. ئەمڕۆ ئێمە بە قۆناغێکی مێژوویی لەو شێوەیەدا تێدەپەڕین. شۆڕشی نوێى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی نوێی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە رێگەی هێزی تێڕامانەکانی ئەوەوە بەدی دێت. ئەوەی کە ئەوە بهێنێتەدی هێڵی رێبەر ئاپۆیە. لەبەر ئەوەشە رێبەر ئاپۆ پێیوایە هاوڕێیان لە گرتووخانەکان لەسەر هێڵی ئەو قووڵببنەوە و لەسەر ئەو هێڵە ببنە خاوەن ئیرادەیەکی گەورە و بە هێلی رێبەرایەتیدا بڕۆن. نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێت. رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی تێڕامانەکانی خۆی بخاتەڕوو   ئەو کارانەى کە ئەو دەبێت ئەنجامیان بدات بە چ وتایەک دێت، چەندین ساڵ لەمەوبەر وتبووی "ئەوەی ٤٠ ساڵە ئێمە کردومانە ئامادەکاری بوون، ئەو کارە سەرەکییە، کە دەبێت ئەنجامی بدەین لە ئێستا بەدواوەیە".

ئەوە روونە؛ تێڕامانەکانی رێبەر ئاپۆ و پرۆژەکانی لە ئێستا بەدواوە زیاتر لە رۆژەڤدا دەبن. هێڵێ ئایدیۆلۆژیی رێبەر ئاپۆ و پرۆژە سیاسییەکانی بۆ گەشەپێدانە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر چارەنووسساز دەبن. لەو رووەوە، چونکە داهاتوویەکی لەو شێوەیە بۆ تێڕامانەکانی رێبەرایەتی هەیە و بۆ ئەوەى ئەرکێکی گرنگی لەو شێوەیە راپەڕێنن و بۆ ئەوەی ئەرکەکەی خۆی کاریگەرتر جێبەجێ بکات و ئەنجامەکانیشی گەورەتر بن، دەیەوێت هاوڕێیان لە زیندان بە لێوردبوونەوەیەکی تێروتەسەلی ئیرادە و ورەوە پشتیوانی بن، چونکە لە ساڵانى داهاتوودا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە تورکیا و کوردستان هەموو گەشەپێدانەکان لەسەر بنەمای هێڵی هێز و توانای تێڕامانەوە دیاری دەکرێن. ئەوانەی لە تێڕامانەدا لە کێشەی کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە وەڵامدەرەوە ئەوا بە زوویی و لە پێشترەوە دەتوانن داهاتوو دیاری بکەن. قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە بەبیری مرۆڤدا دەهێنێت.

قەیران و ئاڵۆزی بە واتای کاتی هاتنی تێڕامانی نوێیە. ئەوەش سەلمێنراوە ئەوانەی پێشوو کاتێک قەیران و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن ناچارەسەری لەگەڵ خۆیان دروست دەکەن، بۆ ئەوەش پێویستیی بە بانگەواز و تێڕامانی نوێ هەیە. هەر بۆیە تێڕامانە نوێیەکان لەلایەن رێبەر ئاپۆوە هێنراونەتە گۆڕێ. کاتێک ئەو تێڕامانە لەگەڵ ئاڵۆزی بەر یەک دەکەون و دەبێتە یەک، رێگە بۆ گەشەپێدانی گرنگ دەکەنەوە. رێبەر ئاپۆ ئەم قۆناغە ئاڵۆزە و ئەم ساتەی وەکو ساتەکانی خوڵقاندن و داهێنان شیکارکردووە. ئەو راستییەش بە وتنی سۆسیۆلۆژیای ئازادی روون دەکاتەوە. ئێستا کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی لەو شێوەیەدا تێدەپەڕن. گەوهەرێکی نوێ دەردەکەوێت، فۆرم و شێوازەکەی پێشتر لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە. رێبەر ئاپۆ ئەوەى خستووەتەڕوو، کە دەبێت ئەو فۆرم و شێوەیە چۆن بێت. چۆن بونیات بنرێت و شکڵ و فۆرم وەربگرێت. لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆ دەیەوێت هەڤاڵانی زیندان لەو هێزەی تێڕامانەکەی، لەو هەڵوێستە سیاسییەی و ئەو هێڵەی ببنە پاڵپشت، بەدواداچوونی بۆ بکەن، بەرگریی لێ بکەن و جێبەجێی بکەن. لە لایەکەوە داوا لە هەموویان دەکات وەکو حەقی، کەمال و هەموو شەهیدان بۆی ببنە هاوڕێی راستەقینە، چونکە "کارە سەرەکییەکە لە ئێستا بەدواوەیە" و ئەوەش مەبەستەکەیەتى. رایدەگەیەنێت کارە سەرەکییەکە لە ئێستا بەدواوەیە و تێڕامانەکانی ئەو رێگە لە بەردەم گەشەپێدانی گەورە دەکاتەوە. لەبەر ئەوەشە، بە تایبەتی دەیەوێت لە قوڵایی ئەو تێڕامانانەدا بژین و ئیرادەی خۆیان لەو لایەنەوە پتەو و بەهێز بکەن.

       - هەڵمەتی "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" لە ئێستا بەدواوە چۆن بەردەوام دەبێت؟

  - قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی"گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. دەبێت لە لایەکەوە ئەوەش بۆ ئازادیی کوردستان وەکو گەشەپێدانێکی گەورە سەیر بکرێت. گۆشەگیری بە تەواوی لانەبراوە، بەڵام دەرگای ئیمراڵی کەمێک کراوەتەوە. فاشیزم بە تەواوی تێکنەشکاوە، بەڵام لاواز بووە. خۆی هەتاکو ئەوانە بەدی نەین، دیموکراتیک کردنی تورکیا و ئازادیی کوردستانیش ئەستەم دەبێت. هەلبەت، هەڵمەتی "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" تێکۆشانێکی لەو شێوەیە نییە، کە لە ماوەیەکی کورتدا بگاتە ئەنجام، چونکە پەیوەندییەکى راستەوخۆ لەنێوان ئازادکردنی کوردستان و تێکشکاندنی فاشیزم، یان بەدیموکراتیکردنی تورکیادا هەیە. بۆیە دەبێت مرۆڤ پاشەکشە بە فاشیزم بکات و دوای بخات. لەو لایەنەوە گۆشەگیری کەمێک شکاوە و فاشیزمیش لاواز کراوە.

دەرفەتەکانی بەردەوامیدان بە گۆشەگیری لاواز بوون. دوو چاوپێکەوتنی رێبەر ئاپۆ لەگەڵ پارێزەران و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی نیشانی دەدات، کە دەرگاکانی ئیمراڵی کەمێک کراونەتەوە. وەک پێشتر دەرفەتی ئەوە نەماوە، کە گۆشەگیری بەردەوام بێت، چونکە لە رووی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و کۆمەڵگەییەوە بناغەکانی گۆشەگیری لاواز بوون. ئیتر دۆخێکی بەو شێوە ناڕەوا بەدەر لە یاسایە لەلایەن کۆمەڵگەوە قەبوڵ ناکرێت. داواکاری بۆ ئەوەی، کە دەوڵەتی تورک پەیڕەوی دەستوور و یاساکانی خۆی بێت، بووەتە هێزێکی رای گشتی. لەو لایەنەوە دەبێت مرۆڤ ئەوە ببینێت، کە خەبات لە دژی گۆشەگیری سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. خۆی رێبەرایەتی وتی، ئامانجەکان بەدەستهاتوون. لاوازبوونی بناغەکانی گۆشەگیری لە رووی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، کۆمەڵگەییەوە، ئەوەى خستەڕوو، کە بەدەر لە یاسا بوون و ناڕەوابوونەکەی لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ ناکرێت و لە هەموو جیهان گۆشەگیری ریسوا کرا و خەبات و تێکۆشانی بۆ ئەوە بەهێزتر کرد، کە گۆشەگیری بەتەواوی تێکبشکێنێت. ئەوەی کە لە ئێستا بەدواوە بکرێت ئەوەیە، کە بە رێگە و شێوازی دیکە ئەو خەبات و تێکۆشانە بەردەوام بکرێت. بەرخودانى زیندانەکان لە لاوازکردنی فاشیزمدا رۆڵی خۆیان گێڕا. دەمانەوێت رایبگەیەنین، هەڵبەت دایکانى لەچک سپیمان، بۆ کردنەوەی دەرگای ئیمراڵی و لاوازبوونی فاشیزم رۆڵیان گێڕاوە و جارێکی دیکە بەڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاویان بۆ دەنێرین.

بێگومان هەڵمەتی "گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین" تەواو نەبووە. گۆشەگیریی نەک تەنها بۆ باکوری کوردستان، نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو پەیوەندیدارە بە هەموو تورکیا، سوریا، عێراق، باشوری کوردستان و ئێران، هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. فاشیزم لە تورکیا تەنها بۆ گەلانی تورکیا نا، بەڵکو بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێتە فاشیزم. ئەو فاشیزمە بە واتای هێرشکردنە بۆ سەر هێزە دیموکراتیکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها لاوازکردنی فاشیزم لە تورکیا پەیوەندیى بە هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. لەو لایەنەوە خەباتی تێکشکاندنی گۆشەگیری و هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم لەلایەن هەموو گەلانەوە بەڕێوە دەبرێت. خۆی هەتا کوردستان ئازاد نەبێت تورکیا بەدیموکراتی نابێت. لەو لایەنەوە خەباتی ئازادکردنی کوردستان، خەباتی دیموکراتیککردن و ئازادکردنی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو هەڵمەتە لەهەموو پارچەکانی کوردستان، یان لە سوریا، لە عێراق و لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دروشمی جیاواز و بە رێگە و شێوازی جیاوازەوە بەردەوام دەبێت.

لە سەردەمی داهاتوودا تێکشکاندنی فاشیزم و دیموکراتیک کردنی تورکیا ئامانجی سەرەکییە، چونکە تێکشکاندنی فاشیزم، دیموکراتیک کردنی تورکیا، خەباتی تێکشکاندنی گۆشەگیری و ئازادکردنی کوردستانە. لەو لایەنەوە، بەتایبەتی لە کاتێکی کەم و نزیکدا هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا دێنە لای یەک و دروشمی "فاشیزم هەڵدەوەشێنین، تورکیا بەدیموکراتیک دەکەین" بەرز دەکەنەوە. بۆیە ئێمە بانگەواز بۆ هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا دەکەین، کە خەباتی تێکشکاندنی فاشیزم و دیموکراتیک کردنی تورکیا گەشەپێبدەن. دەبێت لەو چوارچێوەیەدا ئامانجی هەموو چالاکییەکان تێکشکاندنی فاشیزم و بەدیموکاتیک کردنی تورکیا بێت. هەڵبەت لە کوردستانیش، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بە خەباتی تێکشکاندنی فاشیزم، دیموکراتیک کردنی تورکیا، خەباتی ئازادی و دیموکراسی پێکەوە ئەنجام دەدرێت. تێکۆشانی ئازادیی کوردستان کانگای هێزی سەرەکیی تێکۆشانی دیموکراتیک کردنی تورکیاشە. لەو لایەنەوە، بانگەواز بۆ هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا دەکەین، کە بە ئاشکرا لە دەوری دروشمی فاشیزم تێکدەشکێنین و تورکیا دیموکراتیک دەکەین، خۆیان بکەنە یەک. ئەوەش لە کاتێکدایە، خۆی لە خۆیدا لە کوردستان گوشار زۆر زیاترە.

کورد خۆیان بەردەوام تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن. بۆ ئازادیی گەلی کورد تێدەکۆشن. لەو رووەوە، سەردەمی داهاتوو تێکۆشان بۆ ئازادیی کوردان بەردەوام دەبێت. لە دژی هێرشەکانی سەر کوردان بەرخودان دەکرێت. بە تایبەتی لە کوردستان توندوتیژییەکی زۆر و زەوەندەی دەوڵەت هەیە. بە تەواوی دادگا و پۆلیس بەسەر گەلی کوردەوە بوونەتە کەرەستەی سەرەکیی هێرشەکانی داگیرکەری پاکتاوکاری قڕکەر. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کاتێک هەر کەسێک بلێت کورد، کوردستان دەستگیر و زیندانى دەکرێت. پاراستنی تێکۆشانی ئازادیی کورد کراوەتە گەورەترین تاوان. ئێستا هەزاران سیاسەتمەداری دیموکرات دەستگیر کراون. بەشێکی گرنگیان لە پێناو ئازادیی کورد، دیموکراسی و تێکۆشانی سیاسی لە گرتووخانەکاندان. لەو لایەنەوە دەبێت هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی خەباتی تێکشکاندنی گۆشەگیری، لەدژی ئەو گرتنانە، گوشار، دەستگیر کردنەکان و ئەو ئەشکەنجانەی لە کوردستاندا هەیە، خەبات و تێکۆشان گەشەی پێ بدرێت.

رێبەر ئاپۆ کاتێک دەڵێت، پێویستە تێکۆشان گەشەی پێبدرێت و ئەوە تەنها بە بەرخودانی زیندانەکان نابێت. خواستی ئیتر تێکۆشان لەناو کۆمەڵگەدا بە شێوازی زۆر جۆراوجۆر و هەمەجۆر بەردەوام بێت. لە پەیامەکەیدا بۆ لەیلا گیوڤەن باسی گاندیی کردووە. یانی کۆمەڵگە دەتوانێت لەسەر بوار و دۆزی ڕەوا زۆر چالاکیی جەماوەری رێکبخات. مرۆڤ دەتوانێت بە زۆر شێوازی هەمەجۆر تێبکۆشێت. ئەوە پەیامەکەیەتی. لە کوردستانیش بۆ ئەوەی مرۆڤ تێبکۆشێت گەلێگ هۆکار بۆ تێکۆشان هەیە. گوشار و زۆرداری لە کوردستان هێندە زۆرن، هێندە بە ناڕەوایی، بە نایاسایی، بە بێدادی و بێویژدانی لە دژی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت، کە دەکرێت لەو لایەنەوە بە گەلێک رێگە و شێواز تێکۆشان لە زۆر رووەوە بە یەکەوە ببەستنەوە. لە چوارچێوەیەدا دەکرێت ئەو ئامانجانە، کە دەوروبەر و لایەنی زۆر بەرفراوان لە خۆ دەگرن، گەشەیان پێ بدرێت. لەو لایەنەوە کاتێک بەرنامە دادەنرێت، کە تێکۆشانی تێکشکاندنی فاشیزم و دیموکراتیک کردنی تورکیا بەردەوام بێت، ئێمە لەگەڵ بەردەوامیدانی ئەو تێکۆشانەداین، کە لە دژی هێرشە قوڵ و گەورەکانی سەر تێکۆشانی ئازادی بوەستێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، لە بەدیموکراتیککردنی تورکیادا بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت و بەردەوامی دەداتە تێکۆشانی دژ بە گۆشەگیری.

گۆشەگیری بەردەوام لە رۆژەڤی گەلی کورددایە. کورد دەبێت لە تێکۆشان دژی گۆشەگیری بەردەوام بێت. کورد ئیتر نایانەوێت لەگەڵ گۆشەگیریدا بژی. نامانەوێت لەگەڵ گۆشەگیریدا بژین. ئەوانەی لە زیندانن نایانەوێت لەگەڵ گۆشەگیریدا بژین. ژیان لەگەڵ گۆشەگیری ملکەچکردنە بەرامبەر بە داگیرکەری پاکتاوکاری قڕکەر. لەو رووەوە تێکۆشانی دژ بە  گۆشەگیری بووەتە تێکۆشانی هەموو گەلی کورد. بووەتە تێکۆشانی هێزە دیموکراسییەکان. بووەتە تێکۆشانی هێزە دیموکراسییەکانی جیهان، بووەتە هی نووسەران، رۆشنبیران و هونەرمەندان، کە ویژدانی گەلانی جیهانن. لەو لایەنەوە  تێکۆشان بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری هەمیشە بەردەوام دەبێت. هیچکات گۆشەگیری قبوڵ ناکرێت. بێگومان بە تاکتیکی داهێنەرانە، لە هەر ناوچەیەک بە رێگە و رێبازی نوێ، لەگەڵ ئامانجە راستەقینەکانی بەڕێوەبردنەکەی، لەسەر رێکخستنە سیاسی و کۆمەڵگەییەکان کە لە هەر شوێنێکدان پێویستە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری بەردەوام بێت. خۆی ئەوە بانگەوازەکەى رێبەرایەتییە. ئیدی تێکۆشان لە زیندانەکانەوە پەڕیوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی دەرەوە. بۆیە دەبێت خۆی لە خۆیدا کۆمەڵگە، هەموو وڵاتپارێزان لە دەرەوە، دیموکراتەکان، شۆڕشگێڕەکان، رێکخستنە دیموکراتیکەکان، بە رێبازی داهێنەرانە لە دژی فاشیزم تێکۆشان گەشەپێبدەن و تورکیا دیموکراتیک بکەن و لەو چوارچێوەیە کوردستان ئازاد بکەین.

****

****

 

ر.م