رژێمى ئێران کۆڵبەرێکى تری کوردی کوشت

رۆژ نییە هیزەکانى رژێمى ئێران کۆڵبەرێک، یان کاسبکارێکى کورد نەکوژن. تەنها لە مانگی تشرینى یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن پاسداران و سەربازانى رژێمى ئێرانەوە کوژراون و بریندار کراون.

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ پێنجشەممە کاسبکارێکى تری کورد لە سنووری پیرانشار لەلایەن هێزەکانى رژێمى ئێرانەوە کوژرا.

ئەو کاسبکارە ناوی سەڵاح ئیسفەندوەند و تەمەنی ٢٨ ساڵە و خەڵکى مەهابادە.

سەڵاح لە کاتى سەرقاڵبوونی بە کاسبی لە سنووری نێوان پیرانشار و باشووری کوردستاندا لەلایەن هێزەکانى رژێمى ئێرانەوە تەقەی لێکراو و کوشتیان.

لە دواى ئەوەى حوسێن زولفەقاری جێگری وەزیرى ناوخۆی رژێمى ئێران کوشتنى کۆڵبەران و کاسبکارانى کوردی بە شتێکى ئاسایى ناوبردبوو و تەنانەت رایگەیاندبوو، ئەوانە کاسبکار و کۆڵبەر نین، بۆیە پێویستە هێزە چەکدارەکان رێگرییان لێ بکەن. لەو کاتەوە تەقەکردن لە کۆڵبەران و کاسبکاران و کوشتن و بریندارکردنیان لەلایەن پاسداران و سەربازانى رژێمى ئێرانەوە زۆر زیادیکردووە.

ر.م