شاندێكی په‌رله‌مانی کوردستان کە پێکهاتووه لە په‌رله‌مانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان، یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان، پارتی دێمۆكراتیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعی كوردستان ئێواره‌ی دوێنێ گەیشتنە کانتۆنی عەفرین و لە لایەن بەرپرسانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی کانتۆنی عەفرین و گه‌لی عه‌فرین پیشوازییان لێ‌کرا.
شاندەکەی پەرله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بەردەم بینای خۆبەڕێوەبەریی دێمۆكراتی لە شاری عەفرین کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانییان ساز کرد. ئه‌ندامانی شاندەکە لە کۆنفرانسە ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕایانگه‌یاند: پشتگیری کردن لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا بڕیاری په‌رله‌مانی کوردستانه.
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، هێڤی مسته‌فا و عوسمان شێخ حه‌سه‌ن، هاوسەرۆکانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كانتۆنی عه‌فرین، عایشه حەسۆ، هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده، محه‌مه‌د سه‌ید یووسف، هاوسەرۆکی ئه‌نجومه‌نی یاسادانان، دالیا حه‌نان، هاوسەرۆکی تەڤدەم، سلێمان جه‌عفه‌ر، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەرەوە و دەیان ڕۆژنامەوان و نوێنه‌ری دەزگه‌كانی ڕاگەیاندن ئامادە بوون.
له سه‌ره‌تادا، هێڤی موستەفا، هاوسەرۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کانتۆنی عەفرین بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و ڕایگه‌یاند: سەردانی شاندەکەی په‌رله‌مانی کوردستان ئەوەی بۆ جیهان سه‌لماند کە عەفرین بە تەنیا نییە و هەموو گەلانی ئازادیخواز پاڵپشتی عەفرین ده‌كه‌ن. ئەو پشتگیرییەی په‌رله‌مانی کوردستان ئەوەی دەرخست کە بەرخۆدانی ئەوان لە هەموو بوارێکەوە لە دوژمن بەهێزترە. وتیشی: سەرکەوتنی بەرخۆدانی عەفرین، سەرکەوتنی هەر چوار پارچەی کوردستانە.
هێڤی مسته‌فا ڕاشیگه‌یاند: بەرخۆدانی عەفرین مێژووی هەرێمەکە ده‌نووسێته‌وه و هەموو گەلی هەرێمەکە لە بەرانبەر هێرشی سوپای تورکیادا له به‌رخۆدانێكی گه‌وره‌دان.
له كۆنفڕانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، ئه‌ندامانی شاندەکە ڕایانگه‌یاند له‌م ساتەوەختەدا پێویستە لایەنە کوردییەکان یه‌كێتیی خۆیان بەهێزتر بکەن و سوود لە هەموو دەرفەتێک وەربگرن بۆ هاوکاری مادی و مەعنەوی ئەم بەرخۆدانە شکۆمەندە. وتیشیان پێویسته لایەنەکان هەموو ناکۆکییه سیاسیەکانیان به‌لاوه بنێن.
شاندی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی په‌رله‌مانیان پیشاندا بۆ هەموو هاوکارییه‌كی گەلی عەفرین. به تایبه‌ت له هه‌وڵدان بۆ كۆتاییهێنان به‌و ئابلۆقەیه‌ی لەسەر هەرێمەکە هه‌یه. هه‌روه‌ها شانده‌كه بێدەنگی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییان لە ئاست ئەو تاوانانه‌ی سوپای تورکیا لە به‌رانبه‌ر گەلی عەفرین ده‌یكات، شەرمەزار کرد.
ئه‌ندامانی شانده‌كه له میانه‌ی وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌واناندا ڕایانگه‌یاند: پشتگیری ئەوان تەنیا پشتگیرییه‌كی سیاسی نییە، به‌ڵكوو پشتگیرییه‌كی هەمەلایەنەیەیه و هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پاڵپشتی كانتۆنی عەفرین ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئابڵۆقەی سەر عەفرین بشکێنن و دەنگی عەفرین بگه‌یه‌ننه کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی تا گوشار بخەنەسەر حکوومەتی تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كانی.
ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی باڵیۆزی تورکیا لەسەر پشتگیری عەفرین هۆشداری داوەتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، په‌رله‌مانتاران ڕایانگەیاند: په‌رله‌مانی کوردستان سەربەخۆیە و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی باشووری کوردستان ده‌كات. وتیشیان بەپێی یاسای ساڵی ٢٠٠٥ی په‌رله‌مان کار ده‌كه‌ن و هاوکاری كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا یه‌كێك له كاره‌كانیانه.