لە حەفتانین سەربازێکی تورک کوژرا

هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانیان ٢٩ی ئازار لە هەرێمی حەفتانین و خواکورک لەدژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکیان ئەنجامداوە و زیاتر لە سەربازێکی تورک کوژراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەهە لەبارە چالاکی هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی حەفتانین و خواکورک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"٢٩ی ئازار کاتژمێر ١١:٣٠ هێزەکانی یەژاستارمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری جەنگی حەفتانیندا کە لە هەرێمی حەفتانینی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەردەوامە، لەدژی سەربازانی سوپای داگیرکەری تورک کە لە گردی پارتیزان جێگیر بوون چالاکیان ئەنجامداوە. لە چالاکیەکەدا سەربازێکی تورک لە لایەن قەناس بەدەستەکانمانەوە کوژراوە. هێزەکانمان لە هەمانکاتدا سەنگەر و پەناگاکانی دوژمنیان گولەباران کرد و کامێریای مۆبێسی سەر گردەکەیان تێکشکاند.

لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیادا هێزەکانمان ٢٩ی ئازار کاتژمیر ١٣:٠٠ لە هەرێمی خواکورکی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لەدژی داگیرکەران کە لە گردی شەهید ئاخین جێگیرببوون چالاکیان ئەنجامدا. گورزی گەورە لە سەنگەر و پەناگاکانی دوژمن دران. ژمارەی ئەو سەربازانەی کە لە چالاکیەکەدا کوژران و برینداربوون نەزانرا."

ف.ق