بەسێ ئەرزینجان: بەرخودانی زاپ و ئاڤاشین لەسەر هێڵی بەرخودانی زیلان و شیرین عەلەم هولی بەڕێوەدەچێت

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕاگەیاند، بەرخودانی زاپ و ئاڤاشین لەسەر هێڵی بەرخودانی زیلان و شیرین عەلەم هولی بەڕێوەدەچێت و داوای خاوەنداریکردن و پشتیوانیکردن لە بەرخودانی گەریلا کرد.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) لەبارەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەرخودانی زاپ و ئاڤاشین، خیانەتی پەدەکە و هێرش بۆ سەر شەنگال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئەرزینجان ڕایگەیاند، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەکی توند لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت و وتی: "لە دژی ئەو گۆشەگیرییە هەمیشە لە ڕیزی بەرخۆداندا بووین. ئێمە ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتیمان خستە ناوەند و چەقی چالاکیەکانمان و کردمان بە بەرنامە و ئەجیندای سەرەکیمان. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە گۆشەگیری قورستر و چڕترکراوەتەوە و قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ رێبەرایەتی بووەتە شتێکی سیستماتیک. لەم دواییانەدا دیسانەوە ڕایانگەیاند، بۆ ماوەی ٦ مانگ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەرایەتی قەدەغەکراوە. بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتیمان دەیانەوێت تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی لاواز بکەن،  بەڵام ڕێبەرایەتیمان دید و تێڕوانینی ئازادیی پێبەخشیون و لە هەموو هەلومەرجێکدا بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەمان.

دەوڵەتی تورک چەکی قەدەغەکراو لە دژی گەریلا بەکار دەهێنێت

ئەرزینجان رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی خیانەتی پەدەکە لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە دەستی بە هێرشێکی داگیرکەریی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کردووە. دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢١ەوە پلانسازیی بۆ ئەو هێرشە کردووە، کە بە پێشکەوتوترین تەکەنەلۆژیا و دەزگا هەواڵگرییەکان ئەنجامی دەدات، بەڵام لەلایەن گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستارەوە بەرخودانێکی بەهێزی ڕووبەڕوو کرایەوە و گورزی قورسی لێدرا و نەیتوانی ئەو پلانە بهێنێتەدی، کە بۆ خۆیان دانابوو. بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و پەدەکەوە پشتیوانی لەو هێرشانە لە دژی گەلی کورد دەکرێت، دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى شکستی خۆی لە بەرامبەر گەریلا بشارێتەوە چەکی قەدەغەکراو و کیمیایی لە دژی گەریلا بەکار دەهێێت، چونکا تورکیا بۆ بە دیهێنانی خەونی عوسمانیی نوێ دەیەوێت گەورەترین لەمپەری بەردەم ئەو خەونە لە ناوببات، کە ئەویش پەکەکەیە و بۆ ئەوەش هێرشی کردووەتە سەر زاپ و ئاڤاشین. لە دوای ئەوەش تورکیا دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر بکات، بۆیە ئەم شەڕە گەورەترین شەڕی مێژوویی ئەم چەند ساڵەیە لە ناوچەکەدا.

پەدەکە لە پێناو دەسەڵاتی خۆیدا ڕۆڕڵێکی گرنگ بۆ ئاکەپە دەگێڕێت

بەسێ ئەرزینجان ڕاشیگەیاند، پەدەکە ڕۆژ بە ڕۆژ خیانەت و هاوکاریی خۆی بۆ داگیرکەران زیاتر دەکات و لە دژی کوردان و ئازادیی گەلانی ناوچەکە و ژنان ئەو خیانەتکارییە ئەنجام دەدات. بنەماڵەى بارزانی دەزانن، کە لە بادینان لەلایەن گەلەوە ناڕەزایەتیی زۆر هەیە، بۆیە بادینان و خواکورک و زۆر ناوچەى تری ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردووە و لە ڕێگەى دەوڵەتی تورکەوە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، کە گەل لە پەدەکەی قبوڵ ناکەن. پەدەکە بەو هاکارییانەى بۆ دەوڵەتی تورک ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە درێژکردنەوەى دەسەڵاتی ئاکەپەدا. پەدەکە پێگەى لە ناو گەلی باشووردا زۆر لاواز بووە و زۆر دەترسن، لەبەر ئەوەش لە دهۆک و زاخۆ بە هەڕەشە و گوڕەشە دەیانەوێت ڕێگە لە ناڕەزایەتیی خەڵک بگرن. پدەکە بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموانەوە رۆژانە خیانەت دەکات. ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە، چونکە دەیانەوێت بەو هاوکارییانەى پەدەکە کۆتایی بە پەکەکە بهێن و دوای ئەوەش موسڵ و کەرکوک داگیر بکەن.

هێرشەکانی سەر شەنگال

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕایگەیاند، پەدەکە لەگەڵ عێراق و ئەمریکا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا ڕێککەوتنێکی لە دژی شەنگال واژۆ کردووە. دەیانەوێت لە رێگەى ئەو رێککەوتنەوە ئێزدییەکان لە ناو ببەن و بیانسڕنەوە. دوایین لێدوانی مەسرور بارزانی لەسەر شەنگال ئەو ڕاستییەی خستەڕوو. بنەماڵەی بارزانی ئەو خیانەتانە لە دژی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی و شەنگال و ئێزدییەکان تەنها بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ئەنجام دەدەن.

شیرین عەلەم هولی نوێنەری هێڵی فیدایی پەکەکەیە

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) ئەوەشی ڕاگەیاند، ٩ی ئایاری ٢٠٢٢ ، ١٢هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕانی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیرین عەلەم هولی و هاوڕێکانی بوو، لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دران. شیرین عەلەم هولی دووەمین ژنی کوردە، کە لە مێژووی کوردستاندا لەسێدارە دراوە. پێشتر و لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لەیلا قاسم خەڵکی خانەقین لە بەغد لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە سێدارە درابوو. ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە گەورەیەی گەلی کورد دەکەینەوە.

هێڵی لەییلا قاسم و شیرین عەلەم هولی شا دەماری سەرەکیی هێڵی وڵاتپارێزی و بەرخودان و ئازادیی کوردستانن. ژنانی کورد لە بە کۆمەڵگەبوونی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵێکی ستراتیژی و سەرەکییان گێڕاوە. لەیلا قاسم و شیرین عەلەم هولی لە ژیانی خۆیاندا نوێنەرایەتیی بەرچاوی ئەو هێڵ و ڕێگایەن.

شیرین عەلەم هولی نوێنەری هێڵی بەرخودانی پەکەکەیە. وێنایەکی جەوهەرییە لە هیڵی ئازادیی ژن، کە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە و ئەوە لە تێکۆشانی هەڤاڵ شیرین دا دەبینرێت. ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەزاران ژن و پیاوی درێژە بەو هێڵە دەدەن.

دەبێت هەموان بەشداری بەرخودانی زاپ ببن

بەسێ ئەرزینجان ڕایگەیاند، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە ئاڤاشین و زاپ نوێنەرایەتیی بەرخودانی ئاپۆیی دەکەن. گەریلاکانی یەژاستار پێشەنگایەتی بۆ ئەو بەرخودانە دەکەن و گورزی زۆر گەورەیان لە داگیرکەران داوە و رێگایان بە داگیرکەران نەداوە خەونەکانیان بەدی بهێنن. هێزەکانی گەریلا و بەڕێوەبەریمان لە ژێر رێنماییەکانی رێبەر ئاپۆدا سیستمەکەمان بە سەرکەوتویەوە دادەمەزرێنن.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە بە هاوکاریی خیانەتەکانی پەدەکە بەرەو یادی سەد ساڵەى دامەزراندنی کۆماری تورکیا بڕوات لە ساڵی ٢٠٢٣دا. بۆ ئەوەش بە قورسترین شێوە و بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا و بەبەکارهێنانی دەزگا هەواڵگرییەکان و خیانەتکاران و چەکی قەدەغە کراو دەیەوێت هەر چۆنێک بووە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت، بەڵام گەریلا رێگەى لە هەموو جۆرە سەرکەوتنێکی داگیرکەران و خائینانیان گرتووە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت سیستمی خۆی لە دژی گەلی کورد و ئازادی و ژنان و بۆ کۆیلەیەتی و پاکتاوکردن و سڕینەوە سەربخات، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان رێگری لەوە دەکەن، بۆیە گرنگە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، ژنان و گەنجان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و ئازادیخوازان و دیموکرات و چەپەکان پشتیوانی لە هێزەکانی گەریلا بکەن و بەشداری لە بەرخودانی زاپ و ئاڤاشین دا بکەن.

ژ.ت