دۆخی سزادراوانی بادینان کە دەستیان بە مانگرتن کردووە، رۆژ بە رۆژ زیاتر تێک دەچێت

دۆخی دەیان سزادراوی بادینان کە ١٥ رۆژە لەدژی پێشێلکاریەکانی چەکدارانی پەدەکە لە زیندانی هەولێردا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، رۆژ بە رۆژ زیاتر تێک دەچێت.

بە دەیان سزادراوی بادینان، لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٠ەوە ناڕەزایی خۆیان لەدژی پێشێلکاریەکان لە زیندانەکاندا دەردەبڕن.

سەرەتا ٥ زیندانی شێلادزێ، ٢١ی تەمووز دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. هەمان رۆژ گروپی دووەم بۆ پشتگیری دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. لە ئێستادا نزیکەی ٥٠ زیندانی بادینان لە چالاکی مانگرتندان.

بەپێی یاسا پێویست بوو، تاوەکو ئێستا ٥ سزادراو ئازاد بکرێن. ٥ کەسی دیکە پێویستە ٢ مانگی دیکە ئازاد بکرێن.

یوسف شەریف، مەحمود ناجی، کۆڤان تارق، ئەمجەد یوسف و نێچیرڤان حاجی کە لە شێلادزێ دەستگیرکران، دوو ساڵە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون و ئازاد ناکرێن. بەپێی بڕیاری دادگا، پێویست بوو، دوای جەژنی قوربان، ئازاد بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێسا ئازاد نەکراون.

لەبەرئەوەی حکومەت لەبەرانبەر داواکاری زیندانیان بێدەنگە، رۆژ بە رۆژ دۆخی تەندروستی سزادراوانی بادینان خراپتر دەبێت.

شڤان سەعید کە لە زیندانی هەولێردایە و دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردبووە، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیەوە، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

ف.ق