بە دیمەن

چالاکییەکەی ژنێڤ: لەبەرانبەر ئەم هەنگاوە مێژووییە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازادببێت

لە چالاکیی دانیشتن کە ٢٣٤ هەفتەیە لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ بەدەوامە، دووپاتکرایەوە کە ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ـی تەمموز بەردەوامە، گوترا: "لەبەرانبەر هەنگاوەکەی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، دەبێت ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەربکرێت".

چالاکیی دانیشتن کە بە داخوازی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لە ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی سویسرا ئەنجام دەدرێت، ٢٣٤ هەفتەیە بەردەوامە.

چالاکییەکە بە خولەکێک وەستان بۆ یادکردنەوەی بەرخۆدەرانی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ـی تەمموز، محەمەد خەیری دورموش و کەمال پیر و عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک دەستی پێ کرد.

ڕاگەیاندراوی ئەم هەفتەیە لەلایەن هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی ژنێڤ، عوسمان تەکین خوێنرایەوە.

تەکین ڕایگەیاند ڕۆحی بەرخۆدانی مێژوویی ١٤ـی تەمموز، ئەمڕۆ لە چالاکییەکان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئەزموون دەکرێت.

'لەبەرانبەر ئەم هەنگاوە مێژووییەدا، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازادببێت'

تەکین مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانی لە ١١ـی تەمموز لەلایەن گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بیرهێنایەوە کە لەسەر بناغەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، ڕایگەیاند کە دەبێت دەوڵەتی تورک بەرانبەر ئەم هەنگاوە مێژووییە، هەنگاوبنێت.

تەکین، گوتی: "دەبێت دەوڵەتی تورک سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت، نەک تەنها هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ باشتر بکات، بەڵکو ئازادیی جەستەیی ئەو مسۆگەر بکات". جەختی کردەوە، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کلیلی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکە بۆ گەلانی تورکیا و ستراتیژێکە بۆ دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تەکین جەختی کردەوە تا مسۆگەربوونی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەموو چوارشەممەیەک درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن و بانگەوازەکەیان بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دووپات دەکەنەوە.

دژی هێرشی سەر دروزەکان بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا

هەروەها تیشکخرایە سەر زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر دروزەکان لە شاری سوەیدای سوریا، کوردستانیان ڕایانگەیاند ئەم هێرشە ئیتنیکی و ئایینییانە قبووڵ ناکرێن، داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد، ڕێکاری خێرا بگرێتەبەر. جەختکرایەوە، سیاسەتی قڕکردنی دروزەکانی سوەیدا، ئێزدییەکانی شەنگال، کوردانی ڕۆژئاوا و عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سوریا، هەمووی بەرئەنجامی هەمان سیاسەتی قڕکردنە.

پاشان چالاکییەکە تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام بوو.