لە کەمپی ئونی-مەیلی زانکۆی ژنێڤ لە ژێر ناونیشانی 'بانگەوازی و دەستپێشخەری عەبدڵا ئۆجالان، پرۆژەکان بۆ چارەسەریییەکی ئاشتیانە و دیموکراتیکانە لە کورستان و جیهان' لە لایەن ناوەندی مافی مرۆڤی ژنێڤ، تۆڕی پشتیوانی سەرهەڵدانەکان، ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی ژنێڤ و سەندیکای خوێندکارانی زانکۆی ژنێڤەوە سیمینارێک ڕێکخرا.
پارێزەری سویسری ئۆلیڤەر پیتەر سەرپەرشتی کۆنفرانسەکەی کرد و ئەندامی کەنەکە نیلوفەڕ کۆچ و میلۆن کۆتاری مامۆستای پەیمانگای دەرچووان بۆ گەشەپێدان و کاروباری نێونەتەوەی لە جنێڤ و ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان وەک وتاردەر بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد.
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا ئۆلیڤەر پیتەر بە سەرنج خستنەسەر بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ قسەکردنی سەرەتای دەستپێکرد و گوتی: "ژنێڤ پێگەیەکی کاریگەری هەیە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری بکات." پیتەر بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد پشتیوانی پرۆسەکە ببن.
دواتر ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نیلۆفەر کۆچ مافی قسەکردنی وەرگرت، کۆچ لە قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر مێژووی کوردستان کە بە تەڤگەری ئازادی کوردستانەوە چۆن بەرەو ئازادی هەنگاوی ناوە. هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد و گوتی: "دەوڵەتی تورک بە هێرش و سیاسەتە قڕکارییەکانییەوە بەتایبەت لەم ١٠ ساڵەی کۆتاییدا هەموو ئەمانجی ئەوەبووە کورد و تەڤگەری ئازادی لە کەسێتی پەکەکە لەناوبەرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەم چەند ساڵەدا بە دیاری کراو هێرشەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕکردووەتەوە."
لە بەردەمییدا نیلۆفەر کۆچ ئاماژەی بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کرد و ئاشکرای کرد ڕێبەر ئاپۆ بەم هەنگاوەی دەرگایەکی نوێی بەڕووی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا کردووەتەوە.
'پێویستە هەوڵەکانمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بێت'
نیلۆفەر کۆچ لە کۆتایی قسەکانییدا سەرنجی خستەسەر گرنگی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ پێش ئەوەی بانگەوازە مێژووییەکەی بکات، نامەی بۆ زۆرێک لە بازنەکان نووسیوە و بۆچوونیانی وەرگرتووە. ئەمڕۆش دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بە کۆمەڵایەتی بکات. ئێستا دەیەوێت لەگەڵ بازنەی ڕۆشنبیران کۆببێتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و بۆچوونیان وەربگرێت. لەم چوارچێوەیەدا کەمپینێک بەناوی 'دەمەوێت دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بکەم' دەستیپێکراوە. پێویستە هەمووان پشتگیری ئەم کەمپینە بکەن و خواستەکانمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بێت."
کۆتاری: زۆر شت هەیە لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەریگرین
میلۆن کۆتاری پەیوەست بە گرنگی ئەو ڕامانانەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردوە و گوتی: "زۆر شت هەیە لە عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەری کوردەوە فێری ببین."
وتیشی: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕامانەکانی تەڤگەرێکی وەهای خولقاند لە جیهاندا نمونەی نییە. ئەو پێکهاتە سەرەکییەی کە عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەری کورد لە ئەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ڕامانەکانی جێبەجێ دەکرێن، واتە لە پراکتیکدا وەڵامی خۆیان دەدۆزنەوە. ئەمەش دۆخێکی ئاسان نییە."
کۆتاری ئاماژەی بەوەدا کە ڕێبەر ئاپۆ ڕامانەکانی لەسەر تێڕوانینی بۆ حەقیقەت و کۆنسێپتی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دامەزراندووە و گوتی: "عەبدوڵا ئۆجالان تایبەتمەندییەکی وەهای هەیە کە هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ تەڤگەرەکەی، هەم بۆ هەرێمەکە و بۆ گۆڕەپانی نێونەتەوەیی حەقیقەت دەبینێت. بە پێی ئەو حەقیقەتانە فکر و سیاسەت دەئافرێنێت. دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە یان دەستنیشانی دەکات کە دەوڵەت نابێت لەسەر بنەمای نەتەوەیەک دابمەزرێت. بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بەرگری لەو دەکات کە ئازادی و دیموکراسی کۆمەڵگەیی تەنها لە ڕێگەی ئازادی ژنانەوە بە دی دێت."
'عەبدوڵا ئۆجالان پرسی ئیکۆلۆژی وەک پرسی سروشت دەبینێت'
میلۆن کۆتاری پەیوەست هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە بارەی ئیکۆلۆژیییەوە گوتی: "یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی ئەم سەردەمە پرسی ئیکۆلۆژییە. ئەم بابەتە لە ئێستادا لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لە تەواوی جیهان بە پێشەنگایەتی ژنان سەفەربەرییەک دروستبووە. عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێ هەرچی ژنان بگرێتەوە ژینگەش دەگرێتەوە. لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی ئیکۆلۆژی، بەرپرسیارێتیش پێش دەکەوێت. لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەش بەرپرسیارێتی تەڤگەرەکەمان زیاتر دەبێت. ئەم گۆڕەپانە، بەرفراوانترین گۆڕەپانی تەڤگەری کۆمەڵگەی مەدەنییە. لە هەمانکاتدا گۆڕەپانێکی تێکۆشانە کە سۆسیالیستەکان و ئەنارشیستەکان کۆدەکاتەوە. یەکێکە لەو تەڤگەرانەی کە هەستی ئۆپۆزسیۆنی لە بەرانبەر سیستەمدا هەست پێدەکرێت، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە دەکات. زۆر گرنگە هەوڵدانەکانی مرۆڤ، بەرخۆدان و توانای بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشت هەڵسەنگێندرێت."
'ڕامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و غاندی لەیەکتر دەچن'
کاتۆری لە بەردەوامی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و سەرۆکی ڕۆحانی و سیاسی بزوتنەوەی سەربەخۆبوونی هیندستان، ماهماتا غاندی لە ڕووی فیکری و چەندین ڕەهەندی دیکەوە لێکچوونی زۆریان هەیە و گوتی: "ئێمەش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی پرسێکی داگیرکاریین. دەبێت تێکۆشان بکەین. وە ئەوەی لە هیندستاندا جێگەی سەرنجە ئەمەیە: ئەو بیرۆکە و پراکتیکانەی کە بوونە هۆی ئەوەی سەربەخۆی لە بەریتانیا وەربگرن هێشتا لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. ئەم دۆخە لەگەڵ بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئافراندنی دەرفەتی نوێ، دەکرێت وانە گرنگەکانی خۆی پێشکەش بکات.
کاتێک لەو تێگانە دەڕوانین کە غاندی پێشکەشی کردووە، دەبینین کە لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی ڕامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالانن. کاتێک لە پێکهاتە خۆبەڕێوەبەرییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دامەزراون، دەکۆڵینەوە، تێدەگەین کە گەلانی خۆجێیش ڕووبەڕووی هەمان ئەو پرسانە دەبنەوە کە گەلی کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە. زۆر شت هەیە لەم لێکچوونانە فێری بین. چونکە هێشتا زۆرێک لە گەلان بە شێوازی جیاواز لەگەڵ داگیرکەردا تێکۆشان دەکەن."
'دەبێت کورد میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە باشی بەکاربهێێت'
میلۆن کۆتاری لە درێژەی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەشکردوە کە دەبێت تەڤگەری ئازادی کورد و تەڤگەرە کۆمەڵگەییەکان لە هندستان پەیوەنییان بە هێزتر بکەن و گوتی: "زۆر هێژایانە بوو بۆم کە هەندێک چالاکوانی کوردم لە هندستان ناسی، کە پەیوەندییان لەگەڵ دامەزراوە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراندووە. هەردوولا دەتوانن لەم پەیوەندیانەدا قازانجێکی زۆر بکەن. کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەکانی هندستان دەتوانن زۆر شت لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد فێربن. وە دەمەوێت بەم بانگەوازە کۆتایی بە قسەکانم بهێنم: زۆر گرنگە تێکۆشانی کورد لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی لەگەڵ بەرنامەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەندێک زیاتر لە پەیوەندی و دانوستاندا بێت.
بە نسبەتمنەوە میکانیزمی لێکۆڵینەوەی خولگەیی جیهانی (UPR) چەندین دەرفەت پێشکەش دەکات. ئەم میکانیزمە سیستەمێکی وەهایە جێبەجێکردنەکانی مافەکانی مرۆڤی هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن وڵاتانی دیکەی ئەندامەوە دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوەوە. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش بچێت و پێشنیارەکان لەسەر پرسی کورد زوو بخرێنە ڕۆژەڤەوە دەبێت هەوڵبدەین. لەم ڕووەوە خۆشحاڵ دەبم هاوکاربم."
'عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەرێکی ئەنتەرناسیۆناڵیست-نێونەتەوەیییە، پێویستە پشتی پێ ببەستین'
لە کۆتایی قسەکانییدا کۆتاری گوتی: "لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: ئەمڕۆ لە جیهان کەموکوڕییەکی جدی ڕێبەری جیهانی هەیە، بەڵام کاتێک نوسین و کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالانم خوێندەوە، کاتێک لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەم لە تەڤگەری کوردی کرد، بینم کە عەبدوڵا ئۆجالان لە لایەنی ڕێبەری جیهانییەوە نمونەیەکە. عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەرێکی ئەنتەرناسیۆناڵیستە، پێویستە پشتی پێ ببەستین."
کۆنفرانسەکە بە گفتگۆی کراوە کۆتای هات.