شیلان شاکر: ئاسایش سەرجەم بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیى داخست

شیلان شاکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند "ئاسایش بڕیاری حکومەتی بەسەریاندا سەپاند و سەرجەم بارەگەکانی تەڤگەری ئازادیی لە هەریێمی کوردستان داخست، بەڵام تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی بە داخستنی بارەگا کۆتایی نایەت، چونکە تەڤگەر فەلسەفە و فکری ئازادییە".

 لەدوای بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئاماژە بە داخستنی سەرجەم بارەگاکانی ئەو ڕێکخراو و لایەنە سیاسییانە دەکات، کە مۆڵەتی فەرمیان نییە، ئاساێش بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت لە سەرجەم شار و شارۆچەکانی باشووری کوردستان بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی داخست. تەڤگەری ئازادیش ئەو بریارە بە بڕیاریکی سیاسی دەزانێت و دەڵێن، تەڤگەر فکر و فەلسەفەیە و بە داخستنی بارەگاکانی کۆتایی پێنایەت، بەڵکو تێکۆشانیان بە شێوازی بە گوڕتر بەردەوام دەکات.

دەربارەی هۆکاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی و دەستی پشتی ئەو ئۆپەرسیۆنە بۆ سەر تەڤگەری ئازادی هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان شیلان شاکر بۆ ئاژانسی هەواڵی فوارت (ANF) قسەی کرد و زانیاریی گرنگی خستە ڕوو.

 

هاوسەرۆکى گشتیى تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد، کە بنکە و بارەگای ئەو ڕێکخراو و لایەنە سیاسییانە دابخات، کە مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نییە، هێزەکانی ئاسایش سێ رۆژ لەمەو پێش سەردانیان کردین و بەبێ هیچ بەڵگە و نووسراوێکی فەرمیی حکومەت داوایان ڵیکردین، کە بارەگای تەڤگەرەکەمان دابخەێن، بەڵام ئیمە پێمان ڕاگەیاندن "تەڤگەری ئازادی مۆڵەتی فەرمیی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە پێدراوە و ماوەی ٣ ساڵ ١٠ مانگیشە داوای مۆڵەتی فەرمیمان لە حکومەتی هەرێم کردووە تاوەکو بەپێی یاسای هەرێـمی کوردستانیش مۆڵەتمان هەبێت، ئەگەر یاسای هەبێت، چونکە ئەو خاڵە، واتە بابەتی کارکردن بە یاساکان لەلای ئێمە جێگای پرسیارە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نە داوینەتەوە".

"ئاسایش سەرجەم بارەگاکانی تەڤگەری داخست"

هەروەها وتیشی: ماوەی سێ رۆژە دەربارەی ئەو پرسانە لەگەڵ ئاسایشی سڵیمانی لە گفتوگۆداین و هەڤاڵانی تەڤگەرکەمان لە دوای سێ رۆژ بەرخودان، ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی ئەو بڕیارەی حکومەتی لەسەرمان جێبەجێکرد. لە ئانجامدا هەموو بارەگاکانی ئێمەیان داخست هەر لە گەرمیان هەتا کۆیە و سڵیمانی و ڕانیە. ناسنامە فەرمییەکانی ئێمە کە لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی عێراق لە عێراق وەرمانگرتبوون و ئاڵا و تابلۆکانی سەر بارەگاکانمانیان داگرتە خوارەوە و بارەگاکانی ئێمەیان لە هەموو هەرێمەکان داخست.

شیلان شاکر ئاماژەی بەوەشدا، دەزانن ئەو پلانە لە دژی تەڤگەر چۆن پلانى بۆ دانراوە و لە کوێ بڕیاری لەسەر دراوە و لەوبارەیەوە  وتێشی: "بە داخستنی بارەگاکانی ئێمە ناتوانن خەباتی تەڤگەرەکەمان ئاستەنگ بکەن، چونکە تەڤگەر تەنها بارەگا نییە، بەڵکو تەڤگەر فکرە و ناتوانن پێش لە فکری ئێمە بگرن، چونکە ئەو فکرە چووەتە هەموو ماڵێکەوە. ئیمە لێرە بەدواوەش بە گوڕتر تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەێن".

"خەباتی تەڤگەر بە گوڕتر بەردەوامە دەبێت"

هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی لە بەردەوامیى قسەکانیدا باسی لەوە کرد، گەلێک کەسی ئازادیخواز و دۆستانی تەڤگەر سەردانیان کردووین و هاوخەمی و پشتگیریی خۆیان بۆ دە بڕیون و لەسەر خەتن بۆ ئەوەی تیکۆشانی تەڤگەر بەردەوام بێت بە شێوازێکی جیاوازتر".

ئاماژەی بە خەباتی داهتووی تەڤگەر کرد و وتی "لە ئێستا بەدواوە ئێمە هەوڵەکانی خۆمان لە ڕووی یاساییەوە بەردەوام دەکەین بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی هەرێـمی کوردستان و کردنەوەی بارەگاکانمان بە شیوازێکی فەرمی، هەڵبەتە لەوەش دڵناین، کە هیچ کەموکوڕییەک لە داواکەی ئێمەدا بۆ مۆڵەت بوونی نییە، بەڵام لەسەر داوای بریکاری وەزارەتی ناو خۆ دووبارە سەر لێدان دەکەینەوە".

"دەبی لاینە ئۆزسیۆنەکان هەڵوێستیان هەبێت"

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی دەربارەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان وتی "ئەمڕۆ بڕیار لەسەر تەڤگەری ئازادی بەڕێوەچوو و سبەی لەسەر لایەنێکی تر بەڕێوە دەچێت، بۆیە دەبێت لەمەڕ ئەو هەڵوێستەی حکومەتی هەرێم بێدەنگە نەبەن، بەداخەوە تاکو ئیستا هیچ لایەنێکی سیاسی بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆنی هەرێـمی کوردستان جگە لە چەند هەڵوێستێکی شەخسی، هیچ لایەنێک لێدوانێکی فەرمیی نە داوە و ناڕەزایەتیی خۆی نێشان نەداوە دەربارەی ئەو بڕیاری حکومەت لەسەر ئێمە، ئێمە داواکارین هەموو لایەک بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆن هەڵوێستی هەبێت، چونکە ئەمڕۆ لە ئێمەیە سبەی لە یەکیکیترە".

"هەوڵ دەدرێت ئازادی و فرە ڕەنگیی سلێمانی تێک بدرێت"

لە درێژەی قسەکانی شیلان شاکر باسی لە هەوڵێکی تێکدەرانە کرد لەسەر شاری سلێمانی و وتی "هەرێمی سلێمانی لە چاو ناوچەکانی تری باشووری کوردستان ئازادی و دێموکراسیی تێدا فراوانترە، بەڵام چەن دەوڵەتێکی هەرێمی بەتایبەتی تورکیا لەگەڵ هەندیک لایەنی سیاسیی هەریم دەیانەوێت ئەو دێموکراسی و ئازادی و فرە ڕەنگییە، کە لە سلێمانی هەیە لەکەداری بکەن، حکومەتیش بەو هەڵوێستەی ئەو خواستەی ئەوانی پێکهێنا".

دەربارەی ئەوەى، کە تەڤگەری ئازادی کێ بە تۆمەتبار دەزانێت لە داخستنی بارەگاکانیان وتیشی " زۆر شرۆڤە لەسەر داخستنی بارەگاکانی ئێمە کراوە لەسەر تۆمەتبارکردنی لایەنێکی سیاسی، بەڵام ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ئەم بڕیارە بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانین و حکومەت بە بەرپرسیار دەبینین".

" قەدەغەکردنی تەڤگەر لە هەوڵیرەوە دەستیپێکرد"

هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی ئەوەشی خستەڕوو "حکومەت بەو هەڵوێستەی جاریکی دیكە ئەوەی ئیسپات کردەوە، حکومەتێکە هیچ حیسابێک بۆ ڕای جیاواز و دیموکراسی ناکات. سەرەتای ئەو هێرشانەش لە دژی تەڤگەری ئازادی لە هەولێرەوە دەستیپێکرد. لەماوەی ڕابردوودا بارەگاکانی ئێمەیان داخست لەو هەرێمە و پارتی سەرکێشیی ئەو ئۆپەراسێۆنەی کرد. ئیساش دەیانەوێت گەلێک لایەنی دیکە بخەنە پاڵ پیلانەکانی خۆیان لە دژی ئێمە، ئێمە داوا لەو لایەنانە دەکەین بێنە سەر هۆشی خۆیان و لەو پلانانە ئاگادار بن".

"فشارەکانی تورکیا بە قەدەغەکردنی تەڤگەر کۆتایی نایەت"

شیلان شاکر هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی ئەوەشی وت "حکومەتی هەرێم بە بیانوی کەمکردنەوەی فشارەکانی تورکیا باروگاکانی ئێمە دادەخات، بەڵام فشارەکانی تورکیا بە داخستنی بارەگاکانی ئێمە کۆتایی پێنایەت، بەڵکو لە دوای داخستنی بارەگاکانی ئێمە تورکیا داوای تەعویز و باجی زیاتر لە هەرێم دەکات، چونکە حکومەتی هەرێم بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانییەوە لە ڕووی ئابووری سیاسی و سەربازییەوە کەوتوەتە ژێر کاریگەریی تورکیا و ئیرادەی خۆی لەدەست داوە. بەڵام لە راستیدا دەبێت لایەنە سیاسییەکان نەکەونە ژێر کاریگەریی سیاستەکانی تورکیا، چونکە ئەمڕۆ چی لە بەرامبەر تەڤگەری ئازدی بکرێت سبەی هەمان شتیش لەبەرامبەر ئەو لاینەناش دەکرێت".

"تەڤگەری ئازادی فکر و فەلسەفە و ئیرادەی ئازادییە"

شیلان شاکر هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەى کوردستان لە کۆتایى قسەکانیدا بانگەوازی لە ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی کرد، کە ئاگاداربن لە پیلانگێرییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد، کە ئێستا لە دژی تەڤگەری ئازادی بەڕێوە دەچێت. وتێشی: "دەبێت هۆشیارانە هەنگاو هەڵگرن و بە گوڕتر بەشداریی تێکۆشان بکەن، تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی بە شێوازێکی بە هێزتر بەردەوام دەکات. کەس ناتوانی پێش لە تێکۆشانی ئێمە بگریت، چونکە تەڤگەری ئازادی فکرە، فەلسەفەیە، ئیرادەی ئازادییە".

ر.م