شاندێکی کەنەکە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد

شاندێکی کەنەکە بە پێشەنگایەتی زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە سەردانی شاری کۆبانێی کرد و لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان، کەسایەتییە وڵاتپارێزەکان و نوێنەرانی کۆنگرەستار کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) زەینەب موراد و شاندێکی یاوەری سەردانی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد، دەستپێکی سەردانەکەیان، سەرەتا سەردانی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری کۆبانێی کرد و لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکە و ئایشە ئەفەندی، بەرێوەبەری دەستپێشخەریی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشوازی لێکرا.

زەینەب موراد لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر تێکۆشانی شەهیدان و فیداکارییان بۆ ئازادیی گەلان قسەی کرد و سڵاوی لە بەرگریی دانیشتوان و شەڕڤانانی کۆبانێ کرد.

دواتر، زەینەب موراد لەگەڵ شاندێک لە ئەنجوومەنی خانەوادەی شەهیدان سەردانی گۆڕستانی شەهید دیجلەی کرد و گوڵی لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.

لە بەردەوام سەدانەکانیاندا  شاندەکە ڕۆشتنە بارەگای کۆنگرە ستاری شاری کۆبانێ و لەلایەن ئەندامانی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەستار، ئەندامانی ڕێکخراوی سارا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنی فورات فەرهان حەج عیسا و هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤ-دەم) ئەنوەر موسلیمەوە پێشوازییان لێکرا.

لە سەردانەکەدا ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و پێشەنگایەتییان لە هەموو بوارەکاندا گفتوگۆی لەسەر کرا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کۆنگرە ستار خەڵاتێکی پێشکەش بە زەینەب موراد کرد کە تێیدا کەلتووری ژنانی کۆبانێ تێدا پیشاندراوە، لە کۆتاییدا زەینەب موراد سەردانی ئەو خانووەی کرد کە لە گوندی ئەلبۆرێی ڕۆژئاوای کۆبانێ ڕێبەر ئاپۆیی تێدا ژیاوە.