بە دیمەن

مەدیا ئاڵکان: بە گەڕانەوە بۆ گوندەکان پرسی کۆچبەری چارەسەر دەکرێت

هاوسەرۆکی گۆچ-دەر مەدیا ئاڵکان دەڵێت؛ بۆ ڕێگریکردن لە کۆچکردن لە کوردستاندا، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ گوندە چۆڵکراوەکان.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی چاودێری و لێکۆڵینەوەی کۆچی میزۆپۆتامیا (گۆچ-دەر) مەدیا ئاڵکان دەلێت؛ ئامانجی سەرەکی سیاسەتەکانی کۆچکردن ئەوەیە کە جوگرافیای کوردستان بێ دانیشتووانی بهێڵنەوە.

مەدیا ئاڵکان گوتی: "وەک هەموومان دەزانین لە ساڵانی نەوەدەکانەوە گوندەکان چۆڵکران. دەوڵەت هەوڵ دەدات شارەکان بەپێی خواستی خۆی دیزاین بکات. خواستیان ئەوەیە شارەکانی کوردستان بە سیاسەتی کۆچ لە ناسنامەیان دوور بخرێنەوە. بە تایبەتی لە ساڵانی دواییدا کۆچ بۆ ئەورووپا زیادکردوە. ئەم دۆخە بە زانابوونی دەوڵەتەوە پەرەی پێدراوە. دەوڵەت نایەوێت گەنجی ڕێکخراو هەبێت. هەروەها هەوڵدەدەن گەنجانی کورد لە خاکەکانی خۆیان دووربخەنەوە."

'دەبێت دەوڵەت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا مەدیا ئاڵکان ئاماژەی بەو کۆچانەدا لە کاتی شەڕدا دروستبوون و گوتی: "پرسی کۆچ تەنها پرسی گەل نییە، لە هەمانکاتدا پرسی دەوڵەتیشە. دەبێت دەوڵەت پەیوەست بەمەوە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت. چۆن گوندەکانیان چۆڵکرد، بەهەمان شێوە دەبێت ڕێگەی گەڕانەوە بۆ گوندەکان بکەنەوە. بەردەنگی ئەمەش دەوڵەتە.

لە چوارچێوەی هەفتەی کۆچدا، چووینە پەرلەمان و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ گوندەکان کۆبووینەوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بۆ گەڕانەوە بۆ گوندەکان بانگەوازمانکرد. هەم کۆچی ئابووری و سیاسی، هەم ئەو کۆچانەی بەهۆی ڕژێمەوە دروست دەبن. بە گەڕانەوە بۆ گوندەکان، دەتوانرێت ڕێگری لەمە بکرێت. پەیوەست بەمەوە ڕوانگەمان هەیە؛ بۆ جێبەجێکردنیان خەبات دەکەین."